«سەردار»ی بەور

از کتاب:
چراکانی سەر هەڵەمووت
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 4 دقیقه  921 مشاهده

بەژنی ئازادی هەر لە ئاوێنەی خوێنی شەهیداندا

دەرئەکەوێ و شەوق ئەداتەوە

مێژووی ئێمە بێ ئەو قوربانییانە

لە درەختێکی بێ گەڵا و لقوپۆپ ئەچێ!.

ئەگەر ئەو هەورانە نەبوونایە

بارانی مزگێنیمان نەئەبینی و

خۆشەویستی و سەربەستی

باوەشیان بە مل کێوەکانماندا نەئەکرد!

شەهیدان: چارەنووسی خاک دیاری ئەکەن و

زوڵاڵترین دەنگی حەقن و

لە گوێی ڕووبار و

لە گوێی دار و بەرد و

لە گوێی پاشەڕۆژیشدا ئەزرنگێنەوە.

هەر شەهید لە «قەڵا» گەورەتر و

لە منارەی چۆڵی بەرزتر و

لە سەفین خۆشەویسترە

ڕۆژانێ بوو، مەرگ شار و شار مەرگ بوو.

ڕۆژانێ بوو ئەم هەوارە هەواری مار و مێروو بوو

هەواری ترس و سێدارە

هەواری جانەوەران و

هەواری خۆڵەمێش و وڵاتی پەپوو بوو.

لەو ڕۆژانەدا لەنێو بەورە دەگمەنەکانیشدا

بەورێ هەبوو قژڕەش و چاوڕەش

ملکەل و گیانی لە پشکۆ گەرمتر

ئەم بەورە ناوی «سەردار» بوو

لە ئاگردانی هەولێرمکاندا لەدایک بووبوو.

لە تاریکستاندا چاوی پشکوتوو بوو.

لەناو زریاندا پێی گرتبوو

لە ئازاردا باڵای کردبوو.

ئەو دەمەی شاخ زەنگی مەترسی لێ دا،

ئەو وەرزەی دارستان قیژاندی و

ئەو وەختەی شەقام بوو بە تابووتی هەتاو و

ئەو ڕۆژەی گوڵاڵە زەرد هەڵگەڕا و

تاڤگە تینووی بوو

«سەردار»ی بەور لەسەر هەڵەمووتێکی ئەم وڵاتە ڕاوەستابوو

سەرنجی لە مەرگی خۆی و

سەرنجی لە ژیانی ساواکانمان ئەدا.

لەو خەمە بەرزەوە

ئەیڕوانییە پێدەشتەکانی هیوامان و

لە مێژووی بریندارمان وردئەبۆوە.

شۆڕشی نوێ

شۆڕشی قوربانییە نوێیەکان بوو

شۆڕشی دەغڵی سووتاو و دووکەڵی جەستەمان بوو

ڕاچڵەکینی مێژوویەکی تر بوو

هۆرەی زام و

لاوک و حەیرانی قەنارەکانمان و شاییی مەرگمان بوو.

سەرداری بەور هەر زوو

خۆی گەیاندە شای ورە و

بوو بە هاودەمی تفەنگ و

هاوڕێی فیشەک و

هاوڕازی تەلان و بەرد بە بەردی

کێوان و بەراییی پێدەشت و

بوو بە خۆشەویستی هەژاران و

دڵداری شەهیدان.

ئەوەی لە هەموومان چاکتر ئەم بەورە ئەناسێ

سەفین و پیرمام و سەری ڕەش و

شەقام بە شەقام و

کۆڵان بە کۆڵانی گیانی هەولێرە.

ئەوانەی لە هەموومان باشتر ئەم بەورەیان ئەناسی

ترس و لەرزی شەوانی دوژمنان و

چەکمە لە پێیەکانی بەعس و

گورگە کڵاوڕەشەکانی ئەوان بوون.

«سەردار»بەفرێکی کڵپە کردوو بوو.

«سەردار» ڕووبارێکی ژیان و عاشقێکی

سەوداسەری ئازادیی بوو.

ئەو لە تاریکستانێکدا بوو بە بڵێسە

کە تاریکی خۆی لە خۆی ئەسڵەمیەوە.

ئەو لە بێهیواییەکدا بوو بە هیوا

کە نائومێدیش خۆی لە خۆی وەڕس بوو.

«سەردار» بەڵێنی تیژڕەوی «با» و

سوێندی بۆ دواوە نەگەڕاوەی چەم و

هاواری گوڵ گرتووی منداڵانی شەهیدانمان بوو.

تیشک بوو خۆی ئەکرد بە شاردا

لە کاتێکدا شار چاو چاو تیا نەبین بوو.

لە کاتێکدا شار تۆڕێکی گەورەی مردن بوو.

زریان بوو خۆی ئەکرد بە شاردا

لە کاتێکدا «قەڵا» لە ناو چنگی نەهەنگەکاندا

وەک کەوێکی کەسیرە وابوو.

ئەو دڕی بە مردن دا و

دڕی بە نائومێدیی دا و

دڕی بە ژێردەستی دا و

بوو بە مژدەی باران و

مژدەی هەتاو و

لە کازیوەی سنگیەوە

شەبەقی دا و ڕووناکی کردینەوە

«سەردار»ی بەور

ئەیویست لە هەموو هەڵمەتێکدا

لە چنگ نانە چنگی یەکەمدا بێ،

هیچ بەورێکی تر پێش ئەو نەکەوێ و هیچ پڵنگێکی تر

بەر لەو ئامبازی بەعسییان نەبێ.

کام گەرداو تووش بوو ئەو خۆی لێ ئەدا.

کام ڕکە دژوار بوو ئەو پیا هەڵئەزنا

کام شەوگار تاریکتر بوو ئەو ئەیکرد بە قەڵا

لە چەقی ڕێگە و

لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکاندا و

لە سیلەی گەڕەکەکاندا

لە ناکاوێکدا وەک برووسکە دەرئەپەڕی و

جەستەی دوژمنانی ئەکرد بە زووخاڵ!.

هەر بۆیەش ئەمڕۆ

«سەردار»ی بەور، بۆتە نەخشی ناو دڵ و

کزەی دەروونی هەموومان.

بۆتە وێنەی هەمیشە لەپێش چاوی

سەر دیواری ژوورەکانمان و

باڵندەیەکی سووری سەر لقوپۆپی

درەختی حەوشەی ماڵەکانمان و

ئەسپێکی ئەرخەوانی ناو خەونی منداڵەکانمان.

«سەرداری سەعید سۆفی»

قەڵایە و

«پیرمام»ە و

سەفینە و

لەپێش چاو ون نابێ!