سەرتاش

از کتاب:
ئاوێنە بچکۆلەکان
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  378 مشاهده
ئەو کەژانە دەمێکە قژ ئەهێڵنەوە
ئەم هاوینە هێندە درێژ بووبوونەوە
لە وەختی سەماکردنا، لە عەرد ئەخشان!
ئەوا ئیستەیش، لە پەنجەرەی ئەم ژوورەوە
چاوم لێیە
پاییز بە پێوە وەستاوە و
وەک سەرتاشێکی ڕەقەڵەی پەنجە درێژ
خێرا خێرا بە مقەستی تیژی «کانوون»
پرچی زەردی کەژان ئەبڕێ
ناوبەناویش «با»ی شاگرد دێ و
بە خاولیەکەی لە پشتەوە
تووکەسەری پشت ملی کەژ ئەتەکێنێ و
ئەیانخاتە ئەو چەمەوە!