ژەهر

از کتاب:
تەم توومان
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 11 دقیقه  815 مشاهده
١
بەرەو کوێ ڕەو ئەکا و بەرەو کوێ مل ئەنێ؟
کاروانی ئەم گریە و کۆتەڵە؟!
ئەم کۆستە لە کوێدا ترووشکە ئەکات و
لە کوێدا سەر ئەنێ بە سەری وەرزێکی ترەوە
ئەم کڵپە و دووکەڵە؟!
مارت وایە! مانگێکە فەرهاد کوژ!
مانگێکە لە چاڵی سەرڕێژی «سی و یەکەی»
ڕۆژگار و شەوگاری سینەیدا
زووخاوی هەر هەموو ساڵەکەی تێدایە!
- دوو چاوی بایەقووش
لە چاوی پەنجەرەی ئەم مانگە ناترووکێ!
- ئەی پەپووی هەڵنیشتووی
سەر بەختی کۆتەرە و سوتماکم هەڵفڕە
هەڵفڕە و هیچ نەبێ بۆ ساتێ کاولاشی
ئەم لەشە زووخاڵەم جێ بێڵە!
- مانگی شووم: هێلانەی داری زڕ وڵاتی و
هەوای کوێر هاودەمی و
خۆڵەمێش بەروبووم.
مانگی شووم.
مانگی شووم.
مانگی شووم.
* * *
سەرەتای هەتاو بوو، سەرەتای پێکەنین
بەیانی دەستی خۆی وەک دایکم
دایە دەست برینم!
سەرەتای گزنگ بوو، سەرەتای پشکوتن
کێوەکان لە قژ و لە ڕیشی «مەولەویشخص»
تاجێکیان بۆ چنیم، کردمە سەر برینم.
بووکێنیی بەهار بوو
بووکێنیی گۆرانی
بووکێنیی هەموو شت
ئەوەندە و لە پڕدا، گرمەیەک، دووکەڵێ.
ئەوەندە و بۆنێک و کپ بوونێ.
ئەوەندە و هەموو شت بوون بە بەرد.
ئەوەندە و خوا لاڵ بوو.
ئەوەندە و مێژوویەک لار بۆوە و لەسەر دەم
کەوتە سەر زەمینی شەهیدم!
- ئەوێری لەبەردەم ئەم تەرمی «خەزاڵشخص»ی خۆرەدا
بوەستی و سەیری کەیت؟!
چاوی تۆیش وەک چاوی «کاکە لاسشخص» نامەیێ؟
ئەوێری لەبەردەم ئەم تەرمی شارەدا
بوەستی و سەیری کەیت؟!
وەکوو ئەو ڕەق نابێ باڵای تۆیش؟!
ئەوێری تەماشای مێژوو کەیت
کەوتبێ و چاوی زەق؟ ئەوێری؟
زات ئەکەیت بچیتە کیشوەری مەرگەوە؟
زات ئەکەیت باوەشی پێدا کەیت؟
- ئەلەرزم، ئەلەرزم، ئەلەرزم!
ناوێرم بڕوانمە ئەو نوورە شەهیدەی
کە لەسەر تەوێڵی «مەولەوی» کەوتووە و
دوو چاوی کۆچێکی بێوادەم تێ ئەبڕێ!
ئەلەرزم، ئەلەرزم!
من بوومەلەرزەی خاک گرتوومی و
وەکوو حاڵ، عەشقی ئەو ئەمگرێ!
* * *
ئەم هەموو کۆستانە لە کوێدا دابنێم؟
گڵۆڵەی ئەم هەموو ژانانە لە چیدا هەڵگرم؟
ئەم زەنگی زریکە و قیژانە بەرمە کوێ؟
پڵپڵەی ئەم هەموو فرمێسکە؟
گەردانەی ئەم هەموو هەنیسکە
بە چیدا هەڵواسم؟
من بە چی بەستەکی ئەم هەموو ژانانە شەتەک دەم؟
جانتای شاخ سیخناخە!
بوخچەی هەرد نایگرێ!
پریاسکەی پێ دەشتیش شیتاڵە!
لە کوێدا دایاننێم؟ سەیر کە:
ئەم هەموو بارانە کوژراوە
ئەم هەموو شەپۆلە خنکاوە
ئەم هەموو ئەستێرە پژاوە
لە کوێدا بنێژم؟
چ خوایەک دەست دێنێ و ئەم سەرە بڕراوەم هەڵگرێ و
بیخاتە کۆشیەوە و، ڕەگ بە ڕەگ،
خوێن بە خوێن، ژێ بە ژێ بیدوێنێ؟!
- دێوەکان ئەم جارەیش خۆرێکی دایکمیان لەبار برد!
دێوەکان ئەم جارە لە فڕگەی هەر هەموو دنیاوە
لە فڕگەی نەوتەوە، لە فڕگەی سنگمەوە
فڕین و هاتن و بارانی
دۆزەخیان بە سەردا بارانم.
هاتن و تاعوونی هەوایان بەردایە ئاسمانم.
هەناسەی سینەمیان کلیل دا
بە ژەهر سواغیان دا.
دێوەکان!
دێوەکان!
دێوەکان!
- تا هەوا نەبووبوو بە کێڵگەی ژەهراویی ئاسمانم.
هەتا ئەو نەچووبووە هەناسەی پێدەشت و چیاوە.
هەتاکوو دێوەکان ئاسمانی کیمیای
خۆیانیان ڕانەگواست بۆ سەر من،
هەناسەی خنکاومیان نەدابوو بە بەغدامکان
تا سەری خۆیانیان بۆ نەکرد بە کارگە.
تفەنگی تاکە باڵ، سەنگەری بە پێوە وەستاوم
ئازاییی ئەم خوێنە بێکەسەم
هەموو ڕۆژ لەو چیا و دۆڵەدا
وەک چەقەڵ مردنیان ڕاوئەنا!
- کە زەمین ئەکوژرێ!
کە ئاسمان ئەکوژرێ!
- ئەڵێی چی؟ ئەی عەشقی سەرگەردان،
ئەڵێی چی؟! چۆن زەویی ئەکوژرێ؟
سکوزای ئاسمان چۆن لە بوونی پرشنگ و
ئەستێرەی تازەتر ئەکەوێ؟
بایەقووش! مانگی شووم!
ترسی تۆ
لە تەمە گومانی بەرچاوتا
لێڵوپێڵ وێنەیان ئەکێشێ
ئاوڕێ بەرەوە:
ئەوەتا دوای ژەهریش تاک تاکە
سمۆرەی سەرداران دێنەوە و
لەبەردا، خەمی تر ئەپشکوێ!
٢
گۆڕستانی ئەم مێژووە
دارستانی بەردەکێلی، بێشەی فرمێسک و هەناسەی
قەت ئەمەندە چڕ نەبووە.
بە درێژاییی ئازار و بە پاناییی دەربەدەری و
بە ئەستووریی چەوسانەوە و بە قوڵاییی نائومێدی
قەت ئەوەندە ئەم نەخشەیە
ئەم سیما پەراگەندەیە
چاوی کز و جەستەی ئاوا سڕ نەبووە.
ئەم مەلانە
قەت ئەوەندە
باڵی ئاسمانیان نەکراوە.
ئەم ئەسپانە
قەت ئەوەندە کوڕژنیان زیندان نەکراوە.
ئەم بەردانە
قەت ئەوەندە
پێی نەیاریان پیا نەنراوە.
ڕێ نەبوو. پرد نەبوو. دەس نەبوو. کون نەبوو.
نە فریشتە و نە پەری و نە ئاهورامزدا و
نە خواکانی کۆن و تازە، هیچیان نەبوون
هەر خۆم و خۆم
خۆم و دار و خۆم بەرد و
خۆم و ژان و خۆشەویستیم.
- ئەبوایە هەر شیری لووتکەم
لە کێلانی ئەم زامانە هەڵکێشایە.
بەردم وتی:
من نامەوێ بە چیچکانەوە وردم کەن.
ئاوم ئەیوت:
من نامەوێ بە نووستوویی سەرم ببڕن.
باڵدارەکانم ئەیانوت:
نامانەوێ بە هەڵکوڕماویی ڕاومان کەن.
چەکەکانیشم ئەیانوت:
ئێمەیش نامانەوێ سەربەرەوخوار بژین.
- ئەم چیرۆکە:
بەر لە زاوزێکردنی ژەهر
بەر لە دڵ تێکەڵهاتنی هەور و ئاسمان
بەر لە بۆنکردنی چیا
بەر لەوەی کە:
کفندزانی «مەولەوی»
منارە کورتەباڵاکان
زۆڵە گوللە
بە مردوویی بازنی دەست و موستیلەی
«عەنبەر خاتوونشخص» دابکەنن.
بە مردوویی نقێمی چاوی هەڵەبجەمکان دەربهێنن،
بە مردوویی لاقەی مانگی کوژراو بکەن!
ئەو چیرۆکە خوێناوخوێن ئەگێڕرایەوە
ئەو داستانە ژان بە ژان ئەنووسرایەوە.
* * *
خوێن شایەتمە، ئاو شایەتمە، نان شایەتمە
سەنگەرەکەم لەپێش خۆمدا شەهید ئەبوو
ڕامنەئەکرد.
تفەنگەکەم، مەتارەکەم لەپێش خۆمدا
لە تینۆتیدا ئەخنکان.
ڕامنەئەکرد.
نانەوردەی بن گیرفانم لەپێش خۆمدا
لە برسانا ئەمردن و ڕامنەئەکرد.
* * *
قیمەکێشی سەر ئەم لەشە هەر کە زانی
من خەریکم ئەو کول ئەکەم!
سێدارەکەم، کاتێ زانی
من خەریکم ئەیخنکێنم!
پێوەندەکەم کاتێ زانی من خەریکم
پێوەندی کەم!
زیندانەکەم، وەختێ زانی من خەریکم
ئەو حەپس کەم!
جەللادەکەم وەختێ زانی:
زام لەدوای زام
سەنگەر لەدوای سەنگەر وەکوو:
لاسکی لاولاو خێرا خێرا باڵا ئەکەم.
دڵۆپ دڵۆپ وەکوو تێزاب دائەدەم و کونی ئەکەم.
بووم بە گڕ و بست لەدوای بست
بەناو لەشیا ئەتەنمەوە.
وەختێ زانی:
شەقام شەقام، کۆڵان کۆڵان و ماڵ بە ماڵ
بووم بە گڵۆپ
بووم بە چەتر و، بووم بە گەنم و
بووم بە بێشکە و
شیری منداڵ
ئەوسا ئیتر هەوای ژەهراویی قەرز کرد
لە عەمباری دێوەکاندا
ئاسمانی پێش چل ساڵێکی
«هێرۆشیمامکان»ی کڕی و، بار کرد
نەفەس، نەفەس
لەسەر سەرم
بەرەڵڵای کرد.
خەزانی بەرد
خەزانی ئاو
خەزانی گیان، دەستیان پێکرد!
* * *
ئەمە سەرەتا و کۆتاییی مێژوویەکی تری شاخ بوو
ئەمە دۆزەخێکی دیکەی
عەشقی شیرینشخص و فەرهادشخص بوو.
ئەمە پەندی وەرچەرخانەوەی ڕووبار بوو
جارێکی تر بۆ سەرچاوە
ئەمە پەندی گەڕانەوەی هەزاران هەنگاوی دوێ بوو
بۆ سەرەتای ڕێیەکی تر
ئەمە پەندی کوژانەوەی ئاگرێ بوو
بۆ دیسان هەڵگیرسانەوەی
زۆر ئاگر و مەشخەڵی تر.
- ئەی تۆ چیت کرد؟!
- ئەگەر هەموو خواوەندەکان
بە خۆیان و باوبۆران و خۆریانەوە
بە ئەسپی باڵداریانەوە
لە بەیانیی ئەو ڕۆژەدا
لە «شێخ وەسانمکانان» بوونایە
چۆن زۆرانیان لەگەڵ هەوای زەردا ئەگرت؟
چۆن باوەشیان بە ناوقەدی ژەهرا ئەکرد؟!
- ئەگەر هەموو پێغەمبەران
پێشمەرگەی ئێمە بوونایە
لە بەیانیی ئەو ڕۆژەدا
لە «هەڵەبجە» و «گەلی بازێمکان»دا بوونایە،
چیان ئەکرد؟
- وتمان: کرم. وتمان: کوللە. وتمان: چەقەڵ!
- قەدی ئەم دارگوێزە پیرەی خاکم
لقوپەلی، گەڵای چڕی
بەبێ کرم و پواز ئەبن؟!
ئەم دەغڵ و دانی مێژووە
دەشتی ئەم لەشە تینووە
بەرگی بەری ئەم شاخانە
چۆن بێ کوللە و بێ مۆرانە و خۆرە ئەبن!
گوێ چەمی ئەم شۆڕشە دوورودرێژە
کەلاوەی ئەم ئازارە داڕووخاوانە
قامیشەڵانی ئەم هەموو کارەساتە
چۆن بێ چەقەڵ، چۆن بێ پەپوو
چۆن بێ مارومێروو ئەبن!
ئەو کرمە هاووڵاتییانە
ئەو کوللە هاوزمانانە
ئەو چەقەڵە هاوڕەگەز و هاوخوێنانە!
لە داری تری دنیادا
لە دەغڵی مێژووی دنیادا
لە چەمی خوێنی دنیادا
بە ژمارە
لە کرمی دارگوێزەکەی من
لە کوللەی دەغڵی مێژووی من
لە چەقەڵی ناوچەمی من
زیاتر بووبن، کەمتر نەبوون.
* * *
گەر گیرفانی نەوتت هەیە.
گەر گیرفانی گازت هەیە.
با جرج بی
با مشک بی
با کرم بی
وەک سابرێنە شێخەکانی دوورگەی عەرەب
ئەتوانی سمێڵی شێری هەموو دنیا بۆ خۆت بکڕی
گەر گیرفانی نەوتت هەیە
گەر گیرفانی گازت هەیە
لەجێی خۆتەوە ئەتوانی دەست بەریت و
لەسەر ئاڵای ڕۆژاواوە
ئەستێرە داگری و بیکڕی.
خۆت نەچیت و بە تەلەفۆن
لەناو سەری ڕۆژهەڵاتدا
چەند ژوورت ویست، بە کرێی بگری.
گەر گیرفانی نەوتت هەیە
گەر گیرفانی گازت هەیە
ئەتوانی قوڕگی «ماو» بکڕی
پێکەنینی «کاسترۆ» بکڕی
دەست و پەنجەی «میتران» بکڕی
هەردوو مەمکی «تاتشەر» بکڕی!
* * *
ئەوینی ئێمە و سەربەستی
سەری ئێمە و ئەم بەردانە
نێوان ئێمە و ئەم ژانانە
پەیوەندیمان لەگەڵ هەورا
خۆزگەمان لەگەڵ بارانا
هاتوچۆمان لەگەڵ هەموو ئازارێکی نێو جیهانا
لە زووەوە کەوتوونە ڕێ
لە زووەوە ئەم مێژووە ڕائەهێنین.
لە زووەوە سنگی ئێمە و سەری سونگی یەک ئەناسین.
گوللەتۆپ و کاسەی سەرمان
پەتی سێدارە و گەردنمان یەک ئەناسن.
لە میکی بیست و یەکەوە، زۆر بەرزتر
شەهیدانمان، حەزیان بە فڕینی گیانی
بەرەو ئازادیی کردووە.
لە بۆمبای فسفۆڕییەوە
ئەم ئەستێرەی برینانە
بەردەوام ئەدرەوشێنەوە.
لە بۆمبای «عنقودی»یەوە
ئەم خاکە هەر هێشوو، هێشوو شەهید ئەگرێ.
لە بۆمبای «ناپاڵم»ەوە، ئەم عەشقە
هەر قووڵم ئەکا و ئاوی تازەم لێ دەردێنێ.
* * *
ئەم زەمینە باڵۆنێکە لای دێوە سیحربازەکان.
بیانەوێ فوو ئەکەنە دەشتەکانی و ئەیئاوسێنن.
نەیانەوێ کێوانی فش ئەکەنەوە!
بیانەوێ دەمامکێ ئەکەنە سەر گوێدرێژێ و
ئەیکەن بە ئەسپ
نەیانەوێ ئەسپێ ئەکەن بە گوێدرێژ.
بیانەوێ تف ئەکەنە جۆگەی وشک و
ئەیکەن بە زێ.
نەیانەوێ ڕووباریش وشک ئەکەنەوە
هتد، هتد، هتد.
ئەم زەمینە باڵۆنێکە لای دێوە سیحربازەکان
ئەم دێوانە
گیرفانیان قیبلەنمایە
قیبلەنما ئەگەڕێن و وەرئەچەرخێن
لە هەر کوێ بن ڕوو ئەکەنە قیبلەی خۆیان
ڕوو ئەکەنە بانق و بازاڕ
چاو ئەبڕنە چاوی زێڕ و
دەس ئەکەنە ملی دینار
قیبلەنما ڕووی لە کوێ بێ، داد لەوێیە
ماف لەوێیە، چارەنووسی عەرد و ئاسمان
هەر لەوێیە!
با ئەو دادە لەسەر کورسیی ئێسکی مێژووم دانیشتبێ.
با ئەو مافە بە ڕمی خۆی کەللەسەرمی هەڵگرتبێ.
با ئەو بانقە سەرچاوەکەی خوێنی من بێ.
ئەو بازاڕە چاوی من و پەنجەی من و
هەناسەمی تیا بفرۆشرێ.
ئەو مەزاتەیش شاخ و بەهار و باران و
هەتاومی تیا مەزات کرێ!
- چاوەڕوانی دابەزینی کام خواوەند و
هەڵکردنی کام زریانی ژەهرکوژی
ئەفسانە بین؟!
چاوەڕوانی موجیزەی کام فریشتە بین؟!
پاڵکەوین و چاوەڕوانی
کفن و گۆڕ و دارەمەیتی
ئایندە کەین؟
لەناو ئەشکەوتی گریاندا بە دیار تەرمی
خۆمانەوە هەڵتروشکێین؟!
بۆ کوێ بڕۆین؟!
- سەرمان، سەرمان، سەرمان، سەرمان!
ئەبێ ئەم سەرە گەنیوە، لە خۆمان دوور بخەینەوە
بیگۆڕین و سەرێکی نوێی لە جێ دانێین.
ئەبێ خێرا
ئەم قۆرییە ڕزیوەی سەرمان فڕێ بدەین
چیتر کەڵکی بەکارهێنانی نەماوە.
ئائەم کاڵەکە تەپیوە
ئەبێ هەتا دەستمان ئەگات تووڕی هەڵدەین
چیتر سوودی تیا نەماوە.
ئەبێ ئەم سەرە، ئەم گڵۆپە سووتاوە داگرین و
وای فڕێ دەین، لە دوایدا
وردەشووشەکانی نەچن بەپێی منداڵەکانماندا!
ئەبێ ئەم سەرە بگۆڕین
ئەبێ هەر خۆیشمان بیگۆڕین.
سەرێکی نوێی لە جێ دانێین.
سەرێکی پاک، ڕوو لە هەتاو،
هەزار پەنجەرەی تێدا بێ.
سەرێ هەموو کانی و زەریا و درەختێکی
کوردستان و ئەم جیهانەی لەناودا بێ.
سەرێ وەکوو حەوزێکی ڕوون
با هەزاران جۆرە ماسیی
ڕەنگاوڕەنگی لەناودا بێ.
سەرێ هەموو مۆمێکی تیا داگیرسێنین.
سەرێ هەموو گوڵێکی تێدا بڕوێنین.
سەرێ تەنها نەیکەین بە مەشجەبی تفەنگ
بە تاوسی لەخۆبایی.
سەرمان، سەرمان، سەرمان، سەرمان
ئەبێ ئەم سەرە بگۆڕین، سەرێکی نوێی لە جێ دانێین.