تەم توومان

بۆ هاوڕێم، شەهید «ئازاد هەورامی»
از کتاب:
تەم توومان
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 17 دقیقه  1376 مشاهده
یاران بەڕشییەن جە زێد وە زامن
گرد تەفرەقە بین چون خەیاڵ من.
مەولەویشخص
ئەو ڕۆژەی شاخ بێواز بێواز لە بەرهەیوانی تەمەوە
سەر و ملی خوێناویی خۆی بۆ لەقانی!
لارە لارە، بە دەم کزەبای چرپەوە
نەهێنیی شەوی پێشمەرگەی لا درکانی!
کێ ئەیزانی؟! وەختێ هاتی
چ زوو هاتی!
دوای تۆفان بوو، گەردەلوولی ترس و بیم و،
تەم توومان بوو.
هێشتا زریکەی زەمین و قیژەی درەخت
وەک زریکەی هەڵدێراوی دایکانی گوند،
دایکانی شار لە «سەر»دا ئەزرنگانەوە!
وەکوو منداڵ هێشتا کانیی
ئەوقی ترسی بنی خۆی بوو!
دەربەند، ئەشکەوت، مەزار، باخچە...
وەکوو گەورە، وەکوو ئێمە
گینگڵ، گینگڵ
لە گێژەنی دووکەڵێکی پێچخواردوودا ئەتلانەوە!
وەختێ هاتی پیرەداربەڕووی شان شکاو،
هەناو کلۆر چاوانی کزی خۆرەتاو، ڕێی حەپەساو
لەسەر ملە و قەدپاڵەوە سەرسام، سەرسام
بە باڵای تۆی بچکۆلەدا ئەیانڕوانی!
کێ ئەیزانی
وەختێ هاتی.
کە گەیشتی
تۆ کە جوانووی مێژوویەکی
تازە تازە یاڵ دەرکردووی
ئاگرەکەی باباگوڕگوڕ بووی، زۆر بچووک بووی
تۆ ئەو دەمە
گەر خۆت گرمۆڵە کردایە
لە بەرچنە گەورەکاندا جێت ئەبۆوە!
تۆ ئەو کاتە
لە «دوانزەتیر» هەر تۆزێ هەڵکشاوتر بووی.
زۆر بچووک بووی.
وەختێ هاتی، تۆ ئەتتوانی
گەر مۆتەکە ئابڵووقەت بات
لە سندووقێکی بۆراقدا، خۆت حەشاردەی، دابنیشی!
باریک، باریک
وەک سەمەلی گوڵەگەنم.
هێور، هێور
وەکوو کانی.
کە تۆ هاتی، دوای تۆفان بوو، تەم توومان بوو.
یەکەم زستان لەسەر بەفری نوا باریوی پێدەشت و
بن بنار و گەوەی کوێستان، تاک و تەرا
چەند شوێن پێیەک بە دوای یەکدا
جێ پێی دۆڵپای نەهەنگەکەی
دوای نەورۆزیان هەڵگرتبوو!
جێ پێکەی تۆیش گچکە، گچکە
لەسەر بەفری نوا باریو، بەرەو لووتکە
بڵاو، بڵاو لێرە و لەوێ، دەرکەوتبوو!
وەختێ هاتیت و گەیشتی
هەر یەکەم شەو
دەربەند «باسەڕەمکان» پێی وتی:
- ئای چاوەکەم چ زوو هاتی
بەخێر هاتی!
* * *
ڕێ بردیتی و تۆیش ڕێگەت برد.
مەنزڵ، مەنزڵ.
ئاو ئەوەندەی تۆی تینوو بوو.
نان ئەوەندەی تۆی برسی بوو.
لەدوای هەموو گەردەلوول و وەیشوومەیەک
وەکوو هیوا باڵات ئەکرد.
لەدوای هەموو کەڕەسیسە و بەفرانبارێ
ئازار بوویت و گەڵات ئەکرد.
لەدوای هەموو ئاژاوتن و غارکردنێ،
لەدوای هەموو چوڕچوڕەی ئارەقکردنێ
ڕامتر ئەبووی
یاڵت چڕتر
گەردنت ڕێک و بڵندتر
شانەی هەنگوینی بیریشت شیرینتر و
پڕتر، پڕتر
تا ڕێژنەی ئازار بەسەر
بەژنی تۆدا بباریایە
وەکوو شاخ و
وەک ڕانکوچۆغەکەی بەرت
ورەت کرژتر ئەبۆوە و ڕەگت جیڕتر.
* * *
ڕێ بردیتی و تۆیش ڕێگەت برد
هەندێ جار ئەو ئەیگەیاندی و
هەندێ جاریش تۆ بەسەر دیواری بەردا
سەرت ئەخست!
ڕێ بردیتی و تۆیش ڕێگەت برد!
شەوی عاشقان درێژە
وەکوو پرچی درێژ و ڕەشی کوردستان
وەک هەناسەی بۆن نەوتاویی شەوی کەرکووکمکان
وەک ڕیزە تابووتی شەهید
وەکوو پەتی سێدارەمان
شەوی عاشقان درێژە!
ڕێ بردیتی و تۆیش ڕێگەت برد، کێڵگە، کێڵگە
برین، برین، هەوراز، هەوراز
هەر ئەڕۆیشتی و
بە هەردوو دەست
عەشقی ئەم خاکەت تۆو ئەکرد!
لە وەیشوومەکەی «هەکار»دا
تۆ لەپێش «با»وە ئەڕۆیشتی
پێش تەمەنی خۆت ئەکەوتی
لە دەراڵی کێوەکاندا،
لە با پێچ و لەبەر گێڵەی گەورەکاندا
ڕۆژی چەند جارێ بە مردن خۆی ئەگەیشتی!
لە دەوەنی قاچ تەزیوی «هەکار»ەوە
بووی بە داری «چەرماوەندمکان» و
تۆ ئاوەها پێگەیشتی!
بەرد تۆی ناسی، ئەو وەختەی کردت بە سەرین!
شەختە بە تەختەبەندی جێ و
خوژە، گژوگیا، بەری تاڵ،
بە بابۆڵەی خوانی بەفرین.
شەوی عاشقان درێژە! «سیامەندشخص»بووی
پشووی «سیروان» لە سنگتا بوو
تریفەی چاوی غەمباری منداڵانی ئەم وڵاتە
لە چاوتا بوو
تۆ زریانی ئەم مێژووە لە دەنگتا بوو.
شەوی عاشقان درێژە، تۆی سیامەند
ڕۆژانە هەر، شەوانە هەر
ڕێگەی «خەجشخص»ی
لە خاچ دراوی عەشقێکی کوردستانی
لە سەرتا بوو!
* * *
ئەو گەردوگوڵی بەیانەیش،
کە «سەگرمە»ت لە خەو هەستان
تۆ دڵنیا و، بەڵام گزنگ دڕدۆنگ، دڕدۆنگ
دوورونزیک شوێنت کەوت و لەگەڵتا هات.
ئەو ڕۆژەی تۆ تیشک بوویت و
لە جاددەی قیر پەڕیتەوە و
لەگەڵ خۆتدا «کەرکووکمکان»ت برد بۆ لای «ناوزەنگمکان».
ئەو ڕۆژە تۆ بووبووی بە ئەسپێکی سپی
کوڕژن و حیلەت ئەگەیشتە گوێی «هەورامانمکان»
تۆ ئەو ڕۆژە لە دۆزەخی ترس و بیم و
لەناو نەخشەی ئەوقبووندا
چنگ لەسەر شان مەترسی و مەرگت ڕاو ئەنا و
بووبووی بە کوڕی نێو داستان.
* * *
- ڕۆژ باش کاکە ئازادشخص، ڕۆژ باش!
چاوت لێمە؟! گوێت لە منە؟!
لە دڵۆپی ڕوون و گەرمی چاوانی غەریبیمەوە
لەو پەنجەرە تەڕانەوە، وەک تیشکی دوای تەمێکی چڕ
سەرنج ئەدەم.
من لێرەوە، لە سەرچاوەی گریانێکی
ئەرخەوانیی بێدەنگەوە
بناوانی شیعری مەنگم وەکوو «نالیشخص» هەڵبەستووە!
چاوت لێمە؟! گوێت گرتووە؟!
کاڵە و پێتاوت ئەبەستم، عەشقی زیوینت زین ئەکەم
بەم تەمەدا دێمەوە لات، ڕێ دەرئەکەم
وەکوو جاران، لەوسایش لاوتر، ئەتبینمەوە.
ئەچینەوە دامێنی ڕیزە چیاکەی «چەرماوەند» و
لە سێبەری دارگوێزێکی کاکۆڵ پڕدا
وەک دوو ئاسک، دوو پەلەوەر
تینوو، تینوو، چاو پڕ تیشک بە یەکتری ئەگەینەوە.
- ئێوارەت باش کاکە ئازاد، ئێوارەت باش!
لە بەر چاوی ئاوێنەمدا وەک دوێنێ بێ،
وەک ئیستە بێ ئەوا ئێوارە وەختێکی
ژێر کەپرەکەی «کانی توو»ە
بۆنی خۆرنشینی سروشت،
بۆنی ئەوین، بۆنی هاوین
وەک بەرامەی میوەی باخی گەیشتووە.
ئەڵقەیەکین وەک گۆی بازن
دەوری عاشقی خاکمان داوە
وەک پوورەهەنگ، هەنگی قسە بە یەکدا دێ
بۆ دوا برووسکە و دوا شەڕ و دوایین شەهید
تا ماوەیەک وەک بەردی بن گۆم مت ئەبین.
هەتا «دلێر» ڕێواسەکەی کەلی «پ.م»
مامە خەمەی شاخ و چیا
کوڕی ئازار!
بە دەنکە قسەی هەناری ترش و مێخۆش
سەرە وشە و بنە وشەی هەندێ جار پس!
ئاو ئەزێنێتە دەممان و ئەمانخاتە کەفەزگ و
ئەوسا ئیتر پێکەنینمان وەک باڵندەی نزیک لووتکە
ئەویش ئەفڕێ.
وەک گێلاسی سەر کانییەکە، ڕوومەتی تۆ
بەو قسانە
لە هەموومان ئاڵتر ئاڵتر هەڵئەگەڕێ!
* * *
- شەو باش کاکە ئازاد، شەو باش!
وەکوو «قەندیلمکان» تۆی لەبیرە! لەبیرم دێ
بۆ یەکەم جار «مانگ»ی شیعر
لە سەربانی هاوینێکدا
لەبەر چرای تریفەیدا
هەردووکمانی بە یەک ناسان
تا کازیوە بە بادەی وشەی سەوز و سوور
مەستی کردین.
بۆ یەکەم جار خۆشەویستیی شیعر
لە ئاهەنگی دەنگی تۆدا
لەگەڵ «با»دا وەک دوو خونچە
چاومانی خستە هەڵپەڕین.
لە یەک کاتدا:
تۆ چەک بوویت و تۆ گوڵ بوویت و تۆ گۆرانی.
لە یەک کاتدا:
سەرت سەری ئاسکەکێوی
چنگەکانت هیی هەڵۆ بوون
دڵیشت کۆترێکی سپی!
لە یەک کاتدا
تۆ باز بوویت و گیانی پەپوولەت تێدا بوو.
زریان بوویت و شنەی شەماڵت تێدا بوو.
تۆ بە باڵا دارچوالە بووی
کەچی لقت بەڕووی ئەگرت.
تۆ شارەکەی کەرکووک بوویت و
کەچی بەفری هەورامانت، تیا ئەباری!
* * *
- ڕۆژ باش کاکە ئازاد، ڕۆژ باش!
- بیرتان ئەکەم! ئەمشەو لەوێن شیعر بێنم و
بێم بۆ لاتان؟
چاوەکانت وەک دوو زنە
قوڵپیان ئەدا بە ئاوەڕۆی زەردەخەنە.
مەچەک تووکن، دەستت ئەخستە سەرشانم
پێت ئەوتم:
- شیعر چاوە
شیعر ئاوە
ئای کە تینووین بۆ بینینی و، بۆ بیستنی
ئەو دیداری ئەستێرانە.
خۆت و شیعر بەخێر هاتن
سەرچاو هاتن!
* * *
هەر کە سێبەر وەک تەتەرێکی بە پەلە،
لە پڕێکدا ئەهاتە ناو دەربەندەوە و
بە قەڵەمباز جێی خۆی ئەگرت
لەپێش شاردا و لەپێش گوندا
چرای بە ئێمە هەڵئەکرد
تۆزێ زووتر! هەگبەکەم ئەدا بە شاندا
وەکوو کەستەک بەڵام قورس
سەربەرەوخوار ئەبوومەوە
لە پێچێکدا گەرووی دەربەند
وەک پێچی چەم، قووتی ئەدام
شیعر و خەیاڵ، وردە وردە
وەک پرووشەی دەم باڕێزە، ئەیانبردم
ئەو وەختەی سەرم هەڵئەبڕی،
دێی «چاڵاوا»ی وشک و تینوو
بەو سەرەوە وەک لە خاچی شاخ درابێ
یان پشتاوپشت ڕاو نرابێ، وا ئەیبینم:
خزاوەتە دەراڵی بەرز هەرچۆن بڕۆم تێم ئەڕوانێ.
هەردوو دەستم لەبەر کەلەکە و پشتێندا و هەناسە سوار
ئەبووم بە لقە داری «بی» و سەرئەکەوتم
لەوێ هێشتا گوڵی هەتاو زەرد نەبووە و
بەرد هەر گەرمە.
پشتێن شل و شەکەت شەکەت،
شلە شاریی، ئەگەیشتم
هەتا لەسەر تاشەبەردی بەردەمی دێ
ڕوو لە بەفری سەر هەڵەمووت
جگەرەکەم پێ ئەکرد و دائەنیشتم!
* * *
وا دەرکەوتن، گوڵە جەرگە پێشمەرگەکان...
وا دەرکەوتن
تاک تاک، جووت جووت
ڕەوە ئەسپی ئەم دۆڵەن و وا دەرکەوتن
وەک هەڵاڵە
ڕووگەش، ڕووگەش
یەکە یەکە لە پەنجەرەی چاویانەوە
ئەیانخستمە پشتیەوانی دڵیانەوە.
* * *
- ئەی گوڵە جەرگی پێشمەرگە ئێوارەت باش!
ئێوارەت باش کاکە ئازاد، ئێوارەت باش!
شەوی شیعر و پێشمەرگەیە
شەوی جریوەی وشەیە.
لە داڵانێکی درێژی لایەک بە نایلۆن گیراودا
بە دوو ڕیزی ئەم بەر ئەو بەر بەرامبەر یەک
بە چوارمشقی گوێ قوت گوێ قوت دائەنیشتن.
شەوقی تیژ و ئێجگار سپی،
لۆکسی سەر تەنەکەیەک
سێبەری سەر و ملمان و لوولەی چەکیان
بە دیواری ئەو بەرەوە
چەند کەڕەتێ گەورە ئەکرد.
دوو ڕیزە چاوی کێوی بوون زیت و ورد ورد
لە چاوەڕوانیی کەشکۆڵی هەگبەکەمدا
لە چاوەڕوانیی بارانی هەگبەکەمدا
ترووکەی خۆیان مت ئەکرد!
دوو ڕیزە چاوی کێویی بوون
لە بریسکەی گلێنەدا، لە تەمومژی سیمادا
نەخشەی ئەنجن و پاییزی دەم بە بزەی
کوردستانت بەدی ئەکرد!
* * *
کە وەختێکیش شیعرم ئەفڕی
دڵی تۆ یەکەم دڵیان بوو
ئەبوو بە شیناییی ئاسمان.
چاوم لێ بوو:
لە هەڵقرچانی وشەدا: هەڵئەقرچایت.
لە داچڵەکینی وشەدا: دائەچڵەکیت.
لە شەهیدبوونی وشەدا: چاوت ئەسڕی.
لە گاڵتەوگەپی وشەدا: پێئەکەنیت.
شەوی شیعر و پێشمەرگەیە، وەکوو پ.م
شیعرم ئەڕۆی، ڕەوەز ڕەوەز
دۆڵ بە دۆڵ و لووتکە لووتکە و پێدەشت پێدەشت
وەکوو ئەوان شیعر خۆی ئەکرد بە شاردا
وەکوو ئەوان لە کەمیندا شەهید ئەبوون،
بۆیە ئیستەیش لە دیواندا
شیعرم هەیە وەکوو پ.م دەستێکی بڕڕاوەتەوە
شیعرم هەیە وەکوو پ.م قاچێکی بڕڕاوەتەوە
شیعرم هەیە وەکوو پ.م چاوێکیانی لەدەست داوە!
هەر دانیشتوویت و هەر شیعر ئەجریوێنێ.
درەنگانێ کە وەختێکیش
لە سەفەری دوورودرێژ ئەهاتنەوە
هێدی هێدی ئەنیشتنەوە
چاوم لێ بوو
ئەو چاوانە
یەکەم چاو بوون
بۆیان ئەبوون بە هێلانە!
* * *
لە کۆچدا بووم، کە «با»ی ژەهراوی پەیدا بوو.
ڕەنگوڕووی ئاسمانی گۆڕی،
دارستان و چیاکانی ڕشانەوە.
لەوێ نەبووم کە گەردەلوولی کیمیای بۆندار،
بێ بۆن بە لوورە لوور
لە بەغدامکانوە بەرەو هەناسەی کوردستان،
هەڵیکرد و هەرێم هەرێم هاتە سەرتان.
لە کۆچدا بووم، کە «شێخ وەسان» بۆ یەکەم جار
پیرە گوندی ڕیش سپیی من، باپیرەی من
خۆی و سەد نەوەی زیاتری، کوڕ و کچی
خۆی و سەد جۆگە زیاتری، لق و چڵی
فریای قسەیەک نەکەوتن.
فریای خوڕەیەک نەکەوتن.
فریای لەرەیەک نەکەوتن.
بەڵام چۆن بوون ئاوا کەوتن، ئاوایش نووستن!
لە کۆچدا بووم، قاچم ڕەگ بوو لای ئێوە بوو،
سەرم لێرە.
لە کۆچدا بووم، تۆ لەوێ بووی،
کە «هەڵەبجەمکان»، شاری چاوم.
هەنارەکەی سەر لقی دڵ، گوڵەزەردی دەشتی ڕەنگم.
زەڵمی دەنگم. هەڵەبجەکەی خاتوو عەنبەری مەولەوی.
ژنە شۆخی خەزێم لە لووتی شارەزوورمکان.
دایکی «نالی»
خنکاو نەگەیشتمە سەر سەری!
ئەو ڕۆژانە لەوێ نەبووم، ئێوە هۆرە بوون،
لەوێ بوون. ئێوە «گوڵان» بوون
لەوێ بوون «شنروێ» بوون و لەوێ بوون.
ئێوە هەناسەی سینەتان
هەوای ژوورتان
هەوای دەرتان
لێتان بووبوون بە خوێنەخوێی شەوەی مەرگ و
کەچی تا بەرد، هەتاکوو دار
هەتاکوو ئاو، لەپاڵتاندا شەهید نەبوون
هەر نەبزووتن!
لە سەفەری ئا ئەم عەشقە مەزنەدا
لە سووتان و هەڵقرچانی ئەم فەرهادشخص و شیرینشخصەدا
لە سەفەری ڕێی نەهاتی ئەم تۆفان و
باوبۆران و ڕۆژژمێری کۆچانەدا
ئا لەم ڕەشەبای ژەهرەدا
ئەی گوڵە جەرگی پێشمەرگە!
دوانزە ساڵە لە کوێ نەبوون؟!
کە وەختێ بەرد لە سەرمادا ڕەق ئەبۆوە
تۆ لەوێ بوویت و بەهار بوو.
ئەی سەمتوورە ئێسکسووکە دەنگخۆشەکە
ئەی باڵەبانی هەورامی!
وەختێ ڕووبار لە ترساندا بەرەودوا ئەگەڕایەوە
هەر لەوێ بوویت و بەرەوپێش، بەرەو زەریا،
تۆ ئەڕۆیشتی!
وەختێ خۆرەی نائومێدیی ڕۆژانە زۆر دڵی ئەخوارد
تۆ شەوانە
کرمی ئاوریشمی قۆزاخەی هیوا بوویت و
هەر لەوێ بووی.
لە خەریتەی ترس و ژەهرا
لە چوار وەرزەی کۆست باراندا
تۆ پێم بڵێ! ئەی عاشقە چاو ڕەشەکە
لە کوێ نەبووی؟!
ئەی عاشقانی هاوڕێ
دە پێم بڵێن
لە کوێ نەبوون؟!
* * *
- شەو باش کاکە ئازاد، شەو باش!
تۆ پێم بڵێ! تو خوا ئیستەیش
لە شەوانی مانگەشەوی کەژ و هەردا
کە تەنیاییی دەستت ئەنێتە ژێر چەناگەی بیرەوەری و
وەختێ خەیاڵ بەقەد سێبەری شاخەکان گەورە ئەبێ.
درەنگانێ کە دەشت و دەر ئەبن بە مافووری زیو و
درەنگانێ کە خشەخشی گەڵایەک،
بە تاریکیی حەشار نادرێ و ئەگاتە گوێ.
درەنگانێ کە مانگ وەکوو شاژنێکی ئەگریجە زەرد
بە پلیکەی کێوەکاندا هێدی هێدی دێتە خوارێ و
لەسەر شەختەبەندی ڕنوو ڕائەکشێ.
درەنگانێ کە بە هەتوانی تریفە برینی خاک
ئارامێکی تێ ئەگەڕێ و کەمێ چاو لێک ئەنێ!
تۆ ئەو کاتە، وەکوو ئەوسا،
وەکوو شەوانی «هەرمێلە»
بە جووت لەگەڵ «تارە»کەتدا دێنە دەرێ؟!
- شەوی تۆیش باش وشەی نامۆ!
ئەی هاوڕێ!
چیت پێ بڵێم!
لەو ڕۆژەوە کە دوو بە دوو
بۆ دوا ماچی ماڵاوایی
باوەشمان کرد بە یەکتردا و ئەوسا ئیتر چرۆی چاومان
چەند پەپوولەیەک فرمێسکیان لێ هەڵفڕی!
لەو ڕۆژەوە کە تۆ بەرەو پاییزە ڕێگەی غەریبی
ڕۆشتی و وەکوو چڵە دارێ
شەپۆل شەپۆل ئاوی شیعر و
زەمانێکی تووش بردیتی!
لەو ڕۆژەوە ئەی هاوڕێ!
هەتا ئیستە
سەعات لە دوای سەعات ئێرە
چرکە لە دوای چرکە ئێرە
وەک ئاسمانی، کۆستی داری، کۆستی بەردی
کۆستی ئاوی، هەتاکوو بێ
گەورە گەورە و گەورە ئەبێ!
ئەو ئاسمانەی کە تۆ دیبووت پڕ جریوە
ئیستە خەزانی ئەستێرە و گەڵاڕێزانی تریفە
سەرانسەری داپۆشیوە.
«مانگ»ی شیعرت
وەک هەڵەبجە
بێوەژنێکی ڕەشپۆشی گۆنە و پەنجە هەڵوەریوە!
چیت پێ بڵێم!
دوای تۆ سەردەمی ژەهر بوو!
سەردەمی «با»ی کیمیایی و
شەهیدانی بێ زام و خوێن.
- بیستم گۆیژەی سلێمانیمکان و ئاگری
بابەگوڕگوڕت بردبووە لای شیعری خانیشخص
بیستم شاخی هەورامانت
گەیاندبوو بە بادینان.
بیستم لەگەڵ «مەمشخص»ی ئەوێ
دوو گەرووتان کردبووە یەک
دوو سەنگەرتان کردبووە یەک
دوو تفەنگتان کردبووە یەک
خەونی دێرینەی- لاوک و حەیران-ی ئەم
وڵاتەتان هێنابووە دی!
- تەنها زەردەخەنەی لێوی
ئەم ڕۆژەمان هەر ئەوەیە!
تەنها ترووسکەی چاوانی
ئەم شەوەمان هەر ئەوەیە!
- ئەم تەمومژە ئەستوورە
تاریکە، تاریکە، تاریکە!
- بەڵام خۆت سەرمان ئەناسی
ئاگردانی چ ئاگرێکە
هەتاکوو مۆمی پەنجەیەک لەم تەمەدا داگیرسابێ
هەتاکوونی هەناسەیەک ئا لەم ئاسمانەدا مابێ
ئێمە لێرەین
خۆ تۆ خۆت چاومان ئەناسی.
هەر ڕێگەکانی «قەندیل»ین
تا بن بەردێ
تا جێ گۆڕێ
لێرە هەبێ، ئێمە لێرەین!
* * *
- ڕۆژ باش داروبەردی وڵات، ڕۆژ باش!
شەو باش ئەی «مانگ»ی شەهیدم، شەو باش!
کڵاوکوڕەیەکم نامۆ! بۆ هەڵەبجە، بۆ بادینان،
بۆ ئەو، بۆ تۆ
لەم کۆتەڵ و کۆستانەدا، ئا لەم ژەهربارانەدا،
من لێرەوە
لە باڵەفڕێی گریانێ بەوەلاتر چیم لەدەست دێ!
تەماشا کەن! قەڵەمم برژانگی تەڕ و
گەرووی وشەکانم نووساو،
من لێرەوە، لە هۆنینەوەی پرچی خەم بەولاوەتر،
لە لاواندنەوەی شەوانەی خەو زڕاوم بەولاوەتر
چیم لەدەست دێ.
ئەوە هەر دوو نیگاکانم
وەک دوو کانیی بناری تۆن.
ئەوە سەرم هەر وەکوو پەڵە هەورێکی ئاسمانی تۆن.
من لێرەوە
لە خەو بینین، لە ئاوڕدانەوەی ئەسرین
لە پەنگخواردنەوەی هەنسکم بەولاوەتر
چیم لەدەست دێ.
لەم بیابانی گیانەدا
لێرە کێ گوێ لەشیعر ئەگرێ!
نەک هەر نەهەنگە گەورەکان
لەناو دنیای ڕەوشت لە گرێژەنە چووی
شەرواڵ کەسیفی ئەمڕۆدا، لێرە و لەوێ
لە جیهانی ئاڵوگۆڕی نەوت و خوێندا، لەم لا و لەو لا
کێ گوێ لە قیژە و زریکەی مێژووم ئەگرێ.
ئەم دنیایە هەمووی قەپاتمەی زلهێزە و
کێ گوێ لە هەڵەبجەمکان ئەگرێ!
نەک هەر نەهەنگە گەورەکان
لە جیهانی سووزەنکاویی ئەمڕۆدا
هەتا برینی ژێر چەقۆی وەک خۆم هەیە
لێرە و لەوێ
شێوەی ئازار و فرمێسکمان لەیەک ئەچێ
پشتی ڕێ ڕێ بووی هەردووکمان لەیەک ئەچێ
ئەویش وەک من ئاوازێکی ئاوارەیە و
بۆ عەشقی خاک، بۆ عەشقی ئاو
شیعری وەک قەقنەس ئەسووتێ.
کەچی، کەچی، کەچی
کە دێتە سەر سووتانی من
بۆ ناوهێنانێکی شاری شەهیدی من
وەک کیسەڵ ملی ئەباتە قاوغەوە و
ئەبێ بە کورسییەکەی ژێری و
بێدەنگ، بێدەنگ، بێدەنگ ئەبێ!
* * *
- بەیانیت باش کاکە ئازاد، بەیانیت باش!
ئەی ئیستاکە لەگەڵ پاییزی عاشقی ئەم کوردەدا
دوا مەنزڵت بردۆتە کام تازە هەوار؟!
ئەی برینە ڕەوەندەکە!
بەم باڕێزە و بەفرانبارە، لە کام هۆبەی ئەوینی تۆ؟
لە دەوری کام کڵپەی ئاگر
وەک هەڵۆی تەڕ ڕاوەستاوی و
هاڵاو لە بەژنت هەڵئەسێ؟!
لە «لێوژەمکان»یت
یان لە دوندی «کونەکۆتر»؟
لەگەڵ کۆڵەپشت و تار و چەکەکەتا
شۆڕشت بردۆتە کام شاخ؟
ئیستە لە کوێ؟ لەپەنا کام گاشەبەردا
ڕواویت و بووی بە گێلاخ!
کام ڕەنگی پەڵکەڕەنگینەی
سەروبەستی چیاکانی؟
سەوزی؟
زەردی؟
نارنجیت یان هەر سوورێکی ئاودامانی؟!
ئەبێ ئیستە تۆ چنووری کام کاروانی هەورامان بی؟
بووبی بە کام کۆترەشینکەی سەر پلەی بەرز؟
ئەبێ ئیستا لەبەر بەرۆچکەی هەتاوی
گوێ ئاواندا
لەگەڵ کام شەهیدا بدوێی؟
لەگەڵ کامیان دانیشتبی؟
لەم تەمومژە چڕەدا
لەم شەوە تارومارەدا
من ئەزانم تۆ ئیستاکە
لایتی دەستی پێشمەرگەی گەرمیانی!
من ئەزانم تۆ بەیانییان زوو شەبەقی لە کەرکووک دا
کولێرەی گەرمی سەر دەستی
دایکێکی تازە ڕەشپۆشی!
ئێوارانیش تۆ تیرێژی
لاکسی تیشکی مژدەیەکی
شاقوڵی بەرەو زیندانی!
من ئەزانم تۆ ئیستاکە نیگای قەڵەمی
سەر ڕێگەی گوڵەستێرەی شیعری شاری!
وا گوێم لێیە
ئەی برینە ڕەوەندەکە
لە دەربەندا بووی بە قاسپە
لەناو چەمدا بووی بە هاژە
لە زینداندا بووی بە چرپە
لە بێشەدا بووی بە وژە!
بۆت ناگەڕێم
ئەی درەختە ڕەوەندەکە، بۆت ناگەڕێم!
کە تۆ هاتی
تەم توومان بوو، دوای تۆفان بوو
کە تۆ هاتی، وەختێ گەیشتیتە قۆپی
وەختێ یەکەم داربەڕوومان بەخێرهاتنی لێ کردی
تۆ ئەو دەمە
زۆر بچووک بووی
لە «دوانزە تیر» هەر تۆزێ هەڵکشاوتر بووی.
بەڵام وەختێ ئەی ئەوینە ڕەوەندەکە
باڵت گرت و «کونەکۆتر»ت بەجێهێشت
قۆڵ لە قۆڵدا
بەجووت لەگەڵ پەریی خانی مێژووماندا
تیژڕەو ڕۆشتی!
چاوم لێ بوو، کە ئەم جارە
بە بەرزاییی
سنەوبەرێ، دوو سنەوبەر
تۆ لە «قەندیل» بەرزتر بووی!
بۆت ناگەڕێم، بۆ بگەڕێم؟! کە تۆ ئیستە
هەر ئەوەندەی:
دووریی نێوان فرمێسک و ژووری گلێنەم
دووریی نێوان قەڵەم و سەر لقی پەنجەم
دووریی نێوان سییەکانم و هەناسەم
لە من دوور بی!
بۆ بگەڕێم؟! بۆت ناگەڕێم!
ئەی عاشقە نەمرەکە!