١٠

از کتاب:
داستانی هەڵۆی سوور
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 5 دقیقه  1015 مشاهده
داستانی هەڵۆی سوور 10
با صدای: شێرکۆ بێکەس
دیواری ترس و بێدەنگی درزێکی گەورەی تێ بووە.
نەک کوولەکە ئێستە بانگ لە کێو دائەدرێ.
نە دوان نە سیان نە چوار
سێدارەکان بەڕیز ئەچنە ناو مەرگەوە و پێ ئەکەنن
ئیستە پایتەخت کارگەی مەرگە و شارێکە شووم
بە یەکسانی، گریان بەسەر
ئافرەتان و منداڵانی کوردستانا دابەش ئەکات
ئیستە پایتەخت، هەموو، هەموو بەیانیانێ
دەست و پلی خوێناویی خۆی
لەناو دیجلەدا ئەشوات و
دیجلەش هەر تفی لێ ئەکات!
دیواری ترس و بێدەنگی درزێکی گەورەی تێ بووە
هاژە چۆن لەناو گەرووی شەپۆلدا دەرئەهێنرێ؟!
کێ ئەتوانێ گڤە و لوورە لەناو دەروونی زریاندا
هەڵبکەنێ؟!
کێرد چەند ڕۆچێ ئەوەندەی تر
بەرەو ژوورتر خوێن هەڵئەچێ
دیواری ترس و بێدەنگی قڵیشاوە
خوێن چرایە و داگیرساوە.
* * *
ئەی هەڵۆی سوور!
هەڵۆکانی داستانی نوێی کوردستانم
لە سێبەری باڵتانایە
ئەژین، ئەڕۆن دەنگ هەڵئەبڕن
شیعرەکانم!
* * *
ئەی هەڵۆی سوور!
هەڵۆکانی داستانی نوێی ئەم شاخانە
کە هاتنەوە:
خەمی زەردی ئەم دەشتانە شین بوونەوە
ئەو گۆمانەی شەوان درەنگ،
مانگی گریاو سەری ئەخستە پەنجەرەی،
بێتروسکەی دڵیانەوە.
ڕوون بوونەوە.
لقی درەخت گۆپکەی بزەی دەرکردەوە
شاخ تەوێڵی گرمۆڵەبووی
لە بناردا هەڵگرتەوە و..
لە هەورا هەڵی کردەوە!
* * *
ئەی هەڵۆکانی داستانی ئەم شاخانە
ڕۆژانێ بوو
کوردستانم کەشتییەکی بەرەڵڵای ناو
گەرداوێکی ڕەش و تووش بوو
ئێوە چوون و جارێکی تر گرتتانەوە.
* * *
من خەریک بووم
لە تینوێتیدا بخنکێم
کە بارانتان بۆ باراندم
من ترس ڕۆحی ئەکێشام
کە هیواتان لەناو گیاندا بۆ ڕواندم
من خەریک بوو.. نەهەنگەکانی تاریکی
قووتم بدەن
وەختێ چراتان بۆ ناردم
ئەی باران و هیوا و چرا
ئەی سێ برا
مادەم ئەو جارە نەمردم
هەرگیز نامرم!.
* * *
کە کێرد پۆلەهەڵۆی بینی
سوور ئەچنەوە
بەسەر دەمی تیژی ئەودا
بەرەو گزنگ ئەپەڕنەوە
کە کێرد زانی بەچکەهەڵۆی
تر، باڵ ئەگرن
خەوی زڕا
کێردەکانی ئەملاو ئەولای کۆ کردەوە
کێردی سێ‌لا
لەسەر هەسانێکی تازە
دەمی خۆیان تیژ کردەوە
کەوتنە ڕێگا
کاروانی هەڵۆی بەرەوژوور
بە شوێن ئاگردا ئەگەڕێ
هەڵ ئەلەرزێ
کاروانی هەڵۆی بەرەوژوور
بەفر ئەخوات و لەناو بەفرا هەڵ ئەکوڕمێ
قینی سێ‌لا
گوێزانێکی سێگۆشە بوو
پیلانێکی سێگۆشە بوو
ئەوەتا وا
پیلانی سێگۆشە ئەڕوا
توند ناوقەدی- هەکار- ئەگرێ
دوپشکی سێ چزو ئەڕوا
ئەدا بە لەشی هەڵۆوە.
پیلان پۆشتە و پیلان تێرە
هەڵۆ ڕووتە و، هەڵۆ برسی
بەڵام پیلان سەری شۆڕە و
هەڵۆ سەرکەشی سەربەستی
ئەوەتا وا
سێگۆشەی کێرد
کڵاو و مشکی خێڵەکیی ناو «هەکاری» لەسەر ناوە
خێڵ: خەنجەرێکی کرمانجی شەل و کوێرە
خێڵ: بێ «سەرە» و پشیلەیەکی کێوییە و
چڕنوکەکانی هی خۆی نین
خێڵ: مێژوویەکی نووستووە و
بەرازێکی زامدارکراو.
کاروانی هەڵۆی بەرەوژوور
جۆگە خوێنێکی مەییوە لەسەر سنووری
برسێتی و تەم
خێڵ و شاڵاو
شاخی بەفر و
تەلبەندی داو.
* * *
هەڵۆ لە لوتکەدا نەبێ نامرێ
بەر لە دوا کۆچ
باڵ لە خوێنی خۆی وەرنەدا و
ئاسمان نەگرێتە باوەشی
ئۆقرە ناگرێ!
* * *
ئەی لاوکی هەڵۆی سووری
ناوچەی هەکار
گوێمان لە سۆزی برینتە
چەندە قووڵە و چەند بەرینە!
ئەی کێوی داستانی هەڵۆی
سووری هەکار!
چاومان لە خوێنی ڕژاوی،
کڵپەسەندووی
سەری لووتکەی ئاگرینتە
چەند بەتینە!
* * *
پەندی ڕێگەی
کۆچی بەرەو ژووری هەڵۆ
بۆ هەڵفڕینی سبەینێ
لەژێر باڵدا
بوو بە پشکۆ
* * *
هاوڕێکەم
بۆی نووسیبووم:
کەم کەس زانی هەر هەمان ڕۆژ
- ئەو- زەردەپەڕ لە «هەکار»دا
شەهید کرا
کەم کەس زانی هەر هەمان ڕۆژ
بانگی شێوان
لە داڵانی مەخفەرێکی بیاباندا
«گوڵە»ی ژنی ژانی گرت و
کوڕێکی بوو
کەم کەس زانی.
کەم کەس.
کەم!
* * *
ئەی شاعیرە بێدارەکە
لەگەڵ شاخدا تۆیش بێداری
چاوت وەکوو چاوی هەڵۆ
ئاسمانی بەرین ئەپێوێ
ڕێگەکان ئەخوێنێتەوە
لە هەڵدێرانی دوێنێیەوە
سەرکەوتنی لوتکە فێر بووی
شیعرەکانت شاخەوانن
بەسەر پلەی خز و لووسدا هەڵ ئەگەڕێن.
شیعرەکانت پێستی دەست و پل و قاچ و قولە ناسکەکەی
دوێنێی خۆیان وەکوو کاژێ فڕێ داوە.
ئەی شاعیرە خەمخۆرەکە
تۆ بێداریت و ئەمشەوت
پڕ لە ڕەهێڵە و بارانی سووری شیعرە.
* * *
پۆلەهەڵۆ سوور ئەچنەوە
گوڵجاڕێکە ئاسمانەکەم
ئەمشەو شیعر
لەوە ناچێ خۆش کاتەوە
لەوە ناچێ ئەم هەواری
سەرە شەیدایەم جێ بێڵێ.
من ئەمەوێ پشوویەک بەم
ئەو، ساوایە و جگەرگۆشە و
خۆی هەڵ ئەداتە سەر سنگم
سنگم نواڵەی وشەیە.
من ئەمەوێ پەنا بگرم
ئەو بە باوە ئەبارێت و
دێتە بەرۆک و سنگمەوە.
سنگم خاکی ئەم عەشقەیە.
من ئەمەوێ جگەرەیەک داگیرسێنم
ئەو ئاگرێ لە ناو ناخما ئەکاتەوەو
بە ماڵەوە ئەمسووتێنێ!
ئەمشەو شیعر
لەوە ناچێ خۆش کاتەوە
ئەی ڕێژنەی شیعری بەتاو!
داکە و داکە
چاوی هەورت قەت لێک نەنێی
داکە و داکە
وام لە - بەر - تا، غەرقم بکەی
غەرقم نەکەی ناگەمە قووڵایی عەشقت
غەرقم نەکەی نە تۆ و نە خوا و نە کوردستان
نە خەونی شەپۆل و گێژەن.. هیچ نابینم
غەرقم نەکەی!
چاوم لەناو هاژەتایە
شمشێری سووری برووسکەی
شیعری ئەمشەو!
- لێم دە- بۆ ئەوەی ئەم لەشە
ببێ بە یەک پارچە کڵپە
وشە نەچێتە کڵپەوە داناگیرسێ
دەنگی هەڵۆی سوور نابیسێ
ئەی چەخماخەی شیعری ئەمشەو
لەناو خۆتا بمتوێنەوە
تا بتوانم بتنووسمەوە و بتخوێنمەوە
ئەمشەو شیعر لەوە ناچێ
خۆش کاتەوە
ئەو ئەبارێ و هەر ئەبارێ و
من داستانی هەڵۆی سووری
ئەم شاخانە ئەخوێنمەوە.
ئەمشەو شیعر لەوە ناچێ
خۆش کاتەوە
هەور تەتەرێکە خێرا و مژدەی سەوزی
ئەم بارانە ئەدا بە تۆ
بچۆ بەری
بچۆ بەری و
لە خۆشیاندا تێرتێر بگری!