خەونەکانی «ئەستێ» گیانتان بۆ ناگێڕمەوە

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 6 دقیقه  639 مشاهده
سەرەتا
لە ڕۆژدا بوو
دەستبازیم لەگەڵ تیشکا کرد
کە شەو داهات
پەنجەکانم داگیرسان و
ئەم شیعرانەم بۆ «ئەستێ» گیان
لەبەر دانان:
١-نهێنیی خەونەکان
ئەو خەونانەی تۆ لە سەرما ئەیانبینی:
بۆ بەیانی ئەبنە درەخت و لە کەنار
شیعرێکی تازەما ئەڕوێن.
ئیتر ئەوسا پەنجەکانم
خۆیان لە لەپی هەردوو دەست ئەکەنەوە و
لەسەر چڵۆکی تەماشات ئەنیشنەوە.
ئەی «ئەستێ» گیان خەونەکانت بۆ هیچ کەسێ ناگێڕمەوە
ئەو شەوانەی ئەمبزڕکاند
ژوورەکەم پڕ بوون لە تووتی
هەر چیم ئەوت ئەوان دوای من
بە دەنووک هەڵیان دەگرت و
ڕویان ئەکردە بەردەمی «شێخاڵە» وە.
ئەی ئەستێ گیان
خەونەکانت بۆ هیچ کەسێ ناگێڕمەوە
لە نهێنیی خەونەکانتا من باڵندەی «بارانبڕە»م
تا بەتاوتر ببارێیت و هەتا خوڕتر دابکەیتە
سەر زەمینی ئەشقی ئاگرگرتووی سەرم
چاکتر باڵم پێ ئەگریت و، تیژتر چاوم
پێ ئەبڕێتە کازیوەی گۆی مەمکەکانت
«بارانبڕە»م حەزم وا لە ڕەهێڵەیە
ڕەهێڵە، دژی وەنەوزی کێڵگەکانە و
ڕێگە بۆ ڕەگ شۆڕبوونەوە ئەکاتەوە
ڕەهێڵە، چنگی چەخماخە و برووسکەیە
کاولاشەکان ڕائەماڵێ و پۆستەبەری
نامەی هەموو ڕووبارێکە.
منی «فەرخ»ی بەفر سواری زۆزان بم یان
«قەیسشخص»ی دۆرگە سواری عەرەب.
بۆ بێدەنگی؟ من پێم وتی:
خەونەکانت بۆ هیچ کەسێ ناگێڕمەوە
زمانی ئەو وشانەشم چزاندووە بە پەنگردا
کە نهێنیی هەورەکانیان
لە لای ڕەشەبا ئەدرکان.
خاتوون ئەستێ، خاتوونێ گیان!
داربەڕووەکان
هێشتا لە زگی کەژدا بوون
حەزیان لە بەفر و با ئەکرد.
بەفر و با نەیانئەزانی!
کارێزەکان هێشتا لە زگی تاریکی و
غەیبدا بوون
حەزیان لە تریفەی مانگ و هەتاو ئەکرد
نە تریفە و نە هەتا و نەیانئەزانی.
شمشاڵ هێشتا قامیشێکی
نێو قامیشەڵانی بێ گەروو بوو وەختێ:
حەزی لە «حەیران»ێ ئەکرد
حەیران بۆ خۆی نەیئەزانی
منی «فەرخ»یش لەناو زگی دایکمدا بووم
حەزم لە «ئەستێ» گیان دەکرد
ئەستێ بۆ خۆی نەیئەزانی!
«کاتێ دایکم ڕائەکشا و بێدەنگ ئەبوو
لەناو زگیدا، من هەر بیرم
لە ئەستێ خان ئەکردەوە
هەدادانم پەپوولەی ناو
شووشەبەندێکی گیراو بوو
تلم ئەدا و ئەبوو بە گینگڵی دایکم
من ئەو ژانە پچووکە بووم، هەرچی ژانی
گەورە گەورەی ئەستێ خانە:
لە خۆمدا جێم ئەکردنەوە و
ئەستێ خانیش، نەیئەزانی».
٢- نیزا
لە هێلانەی کونە شاخی سوێسکەکانا
زەڕنەقووتەی هێلکەیەکی هەڵنەهاتوو
ئەیوت:
«زرێبار» ئاگای لێ نییە و من دڵداریم
جگە لە خۆم، بێت و شوو کات بە کەسی تر
پەڕ و باڵم لێ ناڕوێن و تووتڕکەکان
ئەئاڵێنە خەوەکانم
کە تێم ئاڵان شەو کوێر ئەبم
ئەیوتەوە:
«زرێبار» ئاگای لێ نییە و
من لەناو ئەشقی بەرینیا
ئەو مەندییەم، هەرچی ماسیی بنی هەیە
قووڵاییی ژانەکانی من ئەخوێننەوە.
هەرچی درەختی کەناری سەر ئەو هەیە
لە ئێستەوە هەڵفڕینم، ئەنووسنەوە.
ئەیوتەوە:
هەر ئەوەندەی سەرم جووقا
نیزا ئەبەمە لای ئاسمان:
باوکم بمرێ، دایکم بمرێ
ئەوسا ئیتر، ئەگریم، ئەگریم
زێی بچووک دێ، بەڵام ژیرم ناکاتەوە.
زێی گەورە دێ، ئەویش ژیرم ناکاتەوە.
جۆگە، جۆگە، ئەستێرک، ئەستێرک
گۆم بە گۆم و ڕووبار، ڕووبار
ئەمگەڕێنن.
کێ بێ ژیری بکاتەوە؟
کە زرێبار لە باوەشی سەوزی خۆیدا،
هەڵیگرتم
کە دەمم نا بە سنگیەوە، بێدەنگ ئەبم
ژیر دەبمەوە، ئەوسا ئیتر
زرێبار هەر بۆ خۆم دەبێ و
کەس نایخوازێ!
ئەی هەرچی «شیرینشخص» و «لەیلاشخص» و
«جولێتشخص»ەکانی دنیایە
(خاتوون ئەستێ نازانێ ئەمن حەزی لێ دەکەم
مێردی بکا ئەمن ئاوارە دەبم
بەڵام نیزایە دەکەم، ئەو شەوە دایکم بمرێ
سبحەینێ بابم بمرێ
کەس نەبێ بەخێوم بکا
ئیلا خاتوون ئەستێ نەبێ
تا نەیەڵم کەس بیخوازێ)
ئەی ئەستێ گیان بۆ بێدەنگی؟
جارێکی تر خەونەکانت ناگێڕمەوە
بۆ بێدەنگی؟
ئامۆزا گیان، دە ڕامژەنە
گەواڵەی هەوری ناو لانکەی سەری ماندووی
من ڕاژەنە!
دە ڕامژەنە ئامۆزا گیان
دە ڕامژەنە!
٣- ئەوین، ئەوین
شەو بوو کرمێکی ئاوریشمین
ئەیوت:
خۆزگەم وایە: هەرچی پێی ئەوترێ درەخت
خەو گران بن
هەر تەنیا دارهەنار نەبێ
من ناتوانم چیتر لەناو قۆزاخەمدا
ئارام بگرم
دێمە دەرێ و ئەچمە پاڵ «هەنار» خانەوە
باڵندەکان نیزام بگرن:
خەو ببارێ.
کە خەو باری
خۆی لە قۆزاخە دەرهێنا
بە چنگەکڕێ هەڵگەڕا، هەر هەڵگەڕا
چقڵەکانی چەواشە کرد
هەتا چووە ناو مەمکۆڵەی «هەنار»ەوە
هەنار وتی:
کرمە گەڕە ئێ وا هاتی
چیت لە دەست دێ؟
وتی: بۆچی وا ئەزانی بە کەڵەگەتی و بەرزییە!
وتی: ئەی بە چییە؟
وتی: بە «ئەوین»ە ئەوین!
وتی: فڕێت دەمە خوارێ!
وتی: ئەتەوێ بەقەد تۆ کەڵەگەت بم؟
وتی: ئەگەر درۆ ناکەی، کوا؟
وتی: وەرە، ئەوین وەرە
ئەوین، ئەوین
هەر کە کرمی ئاوریشمینی عاشق کشا
بە چەند قەدێک ئاڵایە باڵای هەنار و
تێشی پەڕان
تا سوورەچنار باوەشی پێدا کرد و
تێر ماچی کرد
بۆ بێدەنگی؟ ئەی ئەستێ گیان،
بۆ بێدەنگی؟
ئەو خەونانەی تۆ لە سەرما، ئەیانبینی:
بۆ بەیانی:
ئەبنە درەخت و لە ڕۆخی
شیعرێکی تازەما ئەڕوێن
ئیتر ئەوسا پەنجەکانم:
خۆیان لە لەپی هەردوو دەست ئەکەنەوە،
لەسەر چڵۆکی تەماشات ئەنیشنەوە
ئەی ئەستێ گیان خەونەکانت ناگێڕمەوە
بۆ بێدەنگی؟
بۆ بێدەنگی؟