ئاوڕدانەوەیەک بەرەو مناڵی

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 4 دقیقه  791 مشاهده
١
لە کاتێکدا کە منداڵ بووم
دەستی چەپم حەزی ئەکرد
وەک دەستی منداڵی پۆشتەی
دراوسێمان
سەعاتێکی تیا بێ ئەویش.
وڕکم ئەگرت
دایکم ناچار گازی ئەگرت
لە مەچەکم
بەجێگەی «دان»
سەعاتێکی بۆ ئەکردم
ئای، کە دڵخۆشی ئەکردم!
٢
لە کاتێکدا کە منداڵ بووم
واتەی کامەرانی لای من
لەوەدا بوو: لە حەماما
بە سەر پەشتەماڵی جاما
فوو بە کەفی سابوونا کەم
گڵۆپێکی سەوز و سووری،
لێ دروست کەم!
٣
لە کاتێکدا کە منداڵ بووم
لە زستانا لەبەر تینی ئاگردانا
دائەنیشتم
سەرنجم ئەدا لە پشکۆی،
گەشاوە و ئاڵ
وام حەز ئەکرد، منی منداڵ
بچمە ناو پشکۆکانەوە
دابنیشم، بیکەم بە ماڵ!
٤
کە منداڵ بووم، زۆر ئێوارە
ئەیانناردم
لە ماڵی پوورە مەنیجە
ترشییات بکڕم
کام تام لەو تامە خۆشتر بوو
لە دوای ئاوڕ،
لە پێچی تەنگی کۆڵانا
کاتێ یەک دوو قومی خێرام
ئەدا لە ترشییاتی ناو جام!
٥
لە کاتێکدا کە منداڵ بووم
خۆشەویستی لام ئەوە بوو:
شەوی جەژن
تا بەیانی چاو هەڵدێنم
لەگەڵ خۆما دەس لەملان
پێڵاوی تازە بنوێنم!
٦
کە گەورە بووم دەستی چەپم
زۆر سەعاتی ڕاستەقینەی
جوانی، بینی
بەڵام هیچیان وەک سەعاتی
جێگەدانی دایکم، لەسەر قۆڵ و دەستم
وەها دڵخۆشیان نەکردم.
کە گەورە بووم
هیچ چلچرا و گڵۆپێکی ژوورەکانم
وەک گڵۆپی کەفی سابوون
پێکەنینیان، پێ نەگرتم.
کە گەورە بووم
هیچ گڕێکی زۆپای ئێستام
نەکردە ماڵ و تیا بژیم.
کە گەورە بووم هیچ خواردنێ
تامی ئەو قومە ترشییاتەی پێ نەبەخشیم.
کە گەورە بووم
هیچ کراس و بۆینباخ و قاتێکی نوێم
نەهێنایەوە ژێر جێگەوە
وەکوو پێڵاوەکەی جەژن
تا بەیانی چاو هەڵدێنم
لەگەڵ خۆما بیاننوێنم
هیچیان، هیچیان!