ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  1000 مشاهده
١
هەورازی قووچ، چاوی زاتمان:
ئەترسێنێ.
ڕێگەماری شەوی دوژمن
بە سەرمانا ئەفیشکێنێ.
یەکەم هەنگاوی بەرەو ژوور
بۆ لووتکەی بەرز، بۆ لووتکەی دوور
ئەژنۆی ڕۆشتن ئەلەرزێنێ.
بەڵام ئەڕۆین، چونکە ئەسپی
شەهیدانی لووتکەی بێ سوار،
بە سەرمانا ئەحیلێنێ!
٢
پێمان ڕووتە، دڕکوداڵە
دەممان وەک گەڵای داری «بی»،
تفت و تاڵە.
بەڵام ئەڕۆین، چونکە ئامانج:
تێشووی هەرچوار وەرزی ساڵە.
٣
وەک دڵۆپەین:
لە ئاسنیشا دائەدەین
بە تکەی ئارامی باوەڕ،
پشتی ژێردەستی کون ئەکەین!
٤
جێگە زامی قووڵ کوانووە
خوێن، مەشخەڵی گڕ گرتووە
تا ئەو زام و خوێنە هەبن
شاخ، پێدەشتە بۆ سەرکەوتن!
٥
لەسەر «سەلیبی» کوردستان
لەبەر چاوی هەموو جیهان
ڕۆژی دەیان مەسیحی کورد:
ئەکرێن بە قوربانیی ژیان.
٦
مافی مرۆڤ، درۆیەک بوو
ڕۆژێ لە ڕۆژان لە دەمی:
هەڵوەری
مێژوو، دەرچوو
٧
لە دوای ساڵێ
بێتەل هەواڵێکی دامێ
وتی: دوێنێ بە یەک بۆمبا
ماڵەکەتیان سەرنگوون کرد
کەست نەما!
وتم: کەواتە هەر بژی
ئەنجومەنی بەرزی ئاشتی!
٨
لە ئەشکەوتا، پرسەم دانا
بۆ ئەوانەی تا گۆڕیشیان،
نییە لەناو کوردستانا!
٩
تەنیا لە لوولەی تفەنگدا
ئازادیی چاوی هەڵدێنێ،
هەق بانگ ئەدا.
تەنیا هەر لە ئاستی چەکا
داگیرکەر ملی کەچ ئەکا!
١٠
ئەمڕۆ بەیانی کە لەم سەر
کەوتینە ڕێ بەرەو سەنگەر
ژمارەمان ئەگەیشتە
سیی جەنگاوەر
کاتێ ئێوارە خۆرنشین
بۆ: دابەزین
بەرەو بنکە گەڕاینەوە
کە دانیشتین خۆمان ژمارد
دە، ماینەوە!
١١
من شاعیر نیم،
بەڵام ئەگەر لێیان پرسیم
کام هۆنراوە پەسەند ئەکەی
ئەڵێم ئەوەی:
لەسەر لێوی وشەکانی زەردەخەنەی مناڵانی
ڕووتوقووتی کوردی تیایە
ئەو هۆنراوەیەم خۆش ئەوێ:
وەک پێشمەرگەی تینوو وایە!
١٢
لە نامەی ماندووی شارەوە
لە دەنگی کەسوکارەوە
گوڵی هەواڵی پچوڕکاو
دێڕی گریاو
گەیشتە لام
نۆی حوزەیرانی شەست و سێ
بوو بە نەورۆزی میللەتێ!
١٣
ئەوەی ئەپرسێ ئێمە چین؟
چۆن بە سەر پلەی مردنا
بۆ سەربەستیی سەرئەکەوین؟
ئەوەی حەز ئەکا بزانێ
بۆ نابەزین؟
با پرسیار کا، لە «هەندرین»!
١٤
ئەمشەو نۆرەی ئێشکگرتن
هاتە سەر من
ئەستێرە ویستی بمنوێنێ
بێهوودە بوو
کە بەرەبەیان تەماشام کرد
ئەو، نووستبوو!
١٥
لە نهێنیی شاراوەدا
تەرمی داگیرکەر ئەبینین:
لەناو نامەی پێچراوەدا.
١٦
دەنگوباسی ئیستگەی جیهان
بە پەلە ئەمەی ڕاگەیان:
کە گیڤارا
بە دەسڕێژێ کەوت و کوژرا
بۆ وەرامی ئەم هەواڵە
کە چاومان بۆ کەژ هەڵبڕی
هەر گیڤارای پێشمەرگە بوو:
بە دوژمنان پێئەکەنی!
١٧
لە گوندێکی سەرەڕێدا
کاروانی زستانی ماندوو
بۆ شەو لای دا
کاتی نووستن
ماڵە جووتیاری هەژاری
خانەخوێکەم
تەنیا لێفەیەکیان هەبوو
ئەویشیان بە زۆر دا بە من!
١٨
میلی ڕادیۆی ڕۆژانی زوو
بۆ هەواڵی کورد تینوو بوو
بەڵام ئیستە بۆ هەر لایە:
ڕووی وەرگێڕی
چاو ببڕێتە هەر جێگایە
دەنگی نەڕەی ڕاپەڕینی
ئەوی تیایە
١٩
لەناو گۆڤارێکی کۆنا
وێنەیەکم کەوتە بەر چاو،
لێی نووسرابوو: لەم ڕۆژەدا
لە گۆڕەپانی چوارچرا
لە سابڵاخمکانا!
چوار هەڵخرا.
٢٠
ئەم بەیانییە خۆرم دی
بۆ دوا ڕۆژی نەوەی هاتوو:
پێئەکەنی!