٢٤ سەعات

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  969 مشاهده
١-شەو:
لەدوای تەقە، دوای کوشتنی
هیوای گیانی برایەتی
دوای خواردنەوەی خوێنی دڵی
دایکی بڕوای، کوردایەتی
لەدوای خەوی
پڕ وڕێنەی هەڵبزڕکاو
لەدوای شەوی
بێئارامی، دڵ هەڵتووتاو
لەناو پێخەفی ناسۆرا
لە بەیانیی بەبێ خۆرا
وەکوو دوێنێی لەش ساردوسڕ
وەکوو هەموو ڕۆژێکی تر
زستانی چاو، بکەرەوە
لاپەڕەیەک لە تەمەنی
سووتاوی کە، هەڵبەرەوە!
٢-فەرمان:
لە فەرمانا بۆ نانی تاڵ
نانی ڕەشە خێزانی ماڵ
یەخەی گێرمەوکێشە بگرە
بکەوەرە چەنەی بەتاڵ
وشەی سواو بنووسەوە
بنێشتی قسەی تفت و تاڵ
هەر وەکوو خۆی، بجورەوە
ساڵ لەدوای ساڵ!
٣-چاییخانە:
سەعاتژمێر ورد ورد ئەڕوات
تەمەن لەگەڵ خۆیدا ئەبات
پیاو، لەسەر کورسیی تەمەڵی
هەموو گیانی باوێشک ئەدات
ڕەفتار، دووشەشی تۆپیوە
قسە، زیت و ڕاپەڕیوە
بینین، چاوی کوتوکوێرە
دەس، دەنکی تەزبیحژمێرە
خەیاڵ، ئازا و پۆشتە و تێرە!
وا باڵی گرت، سەعات فڕی
نیوەی ڕێگای زەوی و مانگی
دووری بڕی
بەڵام هێشتا لەلای ئێمە
- کۆڕی ئەزنیف و دۆمینە -
بە شوێن چەند خاڵێکی بەختا
دۆشدامێنە!
٤- ڕۆژنامە:
ڕووی لاپەڕەی زەردی نەخۆش
چاوی قسەی پڕ فرمێسکە
دایکی هەواڵەکان، ڕەشپۆش
خەم سەرپشکە.
***
خوێنی دێڕی ڕژاوی کورد
جۆگەلەی کرد
بە سەر ناوچەوانی باسا
وا تێکەڵ بوو، لەگەڵ گۆمی
- خوێنی لاوس و ڤێتناما -
***
ڕووی لاپەڕەی سووری خوێنین
وشەی دڵیان پڕ لە سۆزە
لەپاش کوشتن، هێشتا ئەژین
مەشخەڵی دەسیان، نەورۆزە.
***
وێنەی - زیندووی - خوێنمژەکان
چاوشۆڕی دامێنی پەڕن.
وێنەی - مردووی – شەهیدەکان
سەیری ئاسمانی بەرز ئەکەن.