جارێکی تر «سمکۆ» ناچێتەوە سەر خوانی مردن!

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 5 دقیقه  921 مشاهده
بە هۆرەی تفەنگی کاروانی بن بنار، لووتکەکان:
ئەستێرەی پشکۆیان
ڕژانە ناو چاوی بەیانی بەفرەوە.
چەمەکان، بەرزەپێ هەڵسان و هەڵگیرسان.
ئەسپەکان لە بێشەی ئاگردا، ئاودران.
هۆرەیە، وا «شوکاک» ڕەشەبا زین ئەکات
بە قاچی گەردەلوول،
ئاوزەنگی لافاوی باڵگرتوو لێ ئەدات!
هۆرەیە، هۆرەیە
ئەشکەوتی گوێی شاخی بە مسی تاریکیی ئاخنراو
وا بەربوو کەوتە بەر
تەوژمی ڕووباری خۆرەتاو.
هۆرەیە، وا «شوکاک» ڕەشەبا زین ئەکات
بە قاچی گەردەلوول ئاوزەنگی
لافاوی باڵگرتوو لێ ئەدات.
ڕەگ ئەبێ چۆغەی ژان لەبەر کات
بۆ ئەوەی لەبەردا گوڵ بڕوێ.
ئاو ئەبێ خۆی تاڵ کات بۆ ئەوەی
پەلوپۆی تینوویەتی، خۆر بگرێ!
سەیرم کەن! بە ڕمی نیوەڕۆی داخکراو لە دەستما
چۆن سەری مردنی ئەم شەوە هەڵئەگرم.
سەیرم کەن! ئەم جارە بەیداخی
مەرگی خۆم، هەڵئەبڕم
مل ئەنێم، بە ڕێگەی دۆزەخا بۆ بەهەشت
مل ئەنێم
غار ئەکەم، کلکی غار
کڵافەی چەخماخەی سەرپشتی کێوانە.
غار ئەکەم، دەشتەکان لەگەڵما غار ئەکەن
غار ئەکەم، سوپاکان لەبەرما بار ئەکەن!
کە ئازار تاو ئەدەم لە دواوە برینم تۆز ئەکا!
کە جڵەو بۆ هۆرە شل ئەکەم
لە ڕێگای «قەتار»دا
ڕێبواری هەناسەی حەیران و لاوکم، پێ ئەگا
بمبینن! من مانگی دزراوی
ئاسمانی کوردستان دێنمەوە.
بمبینن! من کۆتری تۆراوی
چاوانی دەزگیران، دێنمەوە
سەیرم کەن ئەزانن، تەونێکم: تۆڵەتان چنیومی.
سەیرم کەن تێئەگەن، پرسێکم: وەرامتان بینیومی
ڕەگ ئەبێ چۆغەی ژان لەبەر کات
بۆ ئەوەی لەبەردا گوڵ بڕوێ
ئەی سوارەی پێشەنگی کاروانی برووسکە!
بەر لەوەی تاو بدەی بە ئازار، پرس کە،
پرس کە لەو دەنگەی لە گەرووی مێژوودا پێکراوە
پرس کە لەو ئاوەی لە ئاوا خنکاوە.
پرس کە لەو گڕەی لە گڕا سووتاوە.
من چەمی «خوڕخوڕە»م کردووە بە دەمی
دەربەندی «قوتور»دا
هەواری «چاریە»م لە گۆمی ورمێمکاندا هەڵداوە
هەیاسەی «زۆزان»م لە پشتی سەقزمکانا بەستووە
لە سابڵاخمکان شاییمە و دەستم لە سنەمکاندا گرتووە!
دیواری ئاوێنەی ئەو خوێنەم:
کە قژی نەورۆزی لەبەردا داهێنام
پەنجەرەی برینی ئەو ژووری خورشیدەم،
کە نامەی فرمێسکی خاوەری بۆ هێنام.
سەیرم کەن! ئەزانن: چۆن تاوێر لە لووتکەی چیادا
ئەوەستێ و ناکەوێ
سەیرم کەن تێئەگەن، چۆن ڕووبار
لە کۆشی وەنەوزا شەکەتە و ناخەوێ.
ڕەگ ئەبێ چۆغەی ژان لەبەر کات
بۆ ئەوەی لەبەردا گوڵ بڕوێ!
ئەی سمکۆشخصی پێشەنگی کاروانی برووسکە
بوەستە و سڵ بکە:
«تارانمکان»ی پشیلە، خۆی لە کام شان و مل هەڵئەسوێ؟
پایتەختی پشیلە، نایەتە سەر ڕانی گوندی تۆ!
چڕنوکێک، دوو چڕنوک، دە چڕنوک!
نێڵەنێڵ نزارێک لە سنگما سووتانی لرفەی دێ
ئەی پووشووی پێدەشتی خەمەکان دە بیگرن!
هاژەهاژ لافاوێ لە سەرما هەواڵی گرمەی دێ
ئەی پردی بەربەستی ئێسکەکان، مەیگرن!
سەیرم کەن وا هەورەتریشقەی
ژێر سمی ئەسپەکەم
سامناکیی ئەڕوێنێ.
سەیری کەن ئەوا شابەیداخی سەرسپی،
بەپیریی بەیداخی سوورمەوە ئەهێنێ.
سەیرم کەن من ماسیی گۆمێکم، تۆڕ ئەگرم!
سەیرم کەن ئەزانن چۆن برین تیغ ئەبڕێ!
سەیرم کەن تێئەگەن چۆن گریان گوڵ ئەگرێ!
تینوو بووم، ئاو گەڕا بە شوێنما و
هاتە لام.
هەویری نانێ بووم
ئاگر خۆی گرتمی و پێوەی دام!
ئەی سمکۆی پێشەنگی کاروانی برووسکە
سڵ بکە، سڵ بکە، سڵ بکە!
چڕنوکێک، دە چڕنوک، سەد چڕنوک
مەچۆرە سەر خوانێ کە مردن لە سەرای
«شنۆمکان»دا ڕایئەخا.
مەچۆرە سەر خوانێ کەوچکی قاپی خۆی
داغ ئەکا!
ئەی سمکۆی پێشەنگی کاروانی برووسکە
میوانی خوانێکی کە نانی ژەهراوی
ئێشکچیی ژوورێتی و وەستاوە
مەچۆرە ئەو ماڵەی کە شێوی تاوانی
لە سەری بڕاودا لێناوە.
مەچۆرە بەر کەڵبەی تفەنگێ قۆناغی خۆی بخوات.
مەچۆرە سەر بانێک جنێو بە بناغەی خۆی بدات.
مەچۆرە سەر فەرشی گومانێ
کە سەرهەنگ لە سەرای مردنی شنۆدا
ڕایئەخات.
ئەی سمکۆی پێشەنگی کاروانی برووسکە
سڵ بکە، سڵ بکە، سڵ بکە!
*تا «شنۆ» جێ دێڵم
ڕێ ئەدەم چەکەکان: سەرەو خوار بە شانی کڕبوونا،
هەڵواسن!
تا شنۆ جێ دێڵم
ڕێ ئەدەم زامەکان چەقۆکان بناسن!
ئەی سوارەی پێشەنگی کاروانی برووسکە!
ڕێ مەدە، سڵ بکە، ڕێ مەدە، سڵ بکە!
چڕنوکێک، دە چڕنوک، سەد چڕنوک!
بە هۆرەی کەژاوەی گریانی بن بنار، لووتکەکان:
قەتارەی فرمێسکیان
ڕژانە ناو چاوی حەیرانی شەوەوە.
چەمەکان نووستن و لافاوی لاوکەکان: نیشتنەوە.
ئەسپەکان: جڵەوی حیلەیان
بە مێخی تارانا، بەستنەوە.
ئاوزەنگی: جۆلانەی مانگێکی کوژراوە.
قاچەکان بە سکی ژانێکا ئەنووسێن
کە نێزە لەناویا سەرچۆپی کێشاوە.
هۆرەیە، بە ڕیزە، وا سەری هەڵکەنراو
بە پردی «شنۆ»دا
گڵۆپی خوێنێکن بە ڕۆژیش ئەسووتێن.
سەیری کەن ئەزانن بۆ چاوی کارێزی هەڵبەستم
لێڵ بووە.
سەیری کەن تێئەگەن، بۆ هۆرە و قەتار و حەیران و لاوکم
وێڵ بووە!