گینگڵ

بۆ هاوڕێم «حسەین عارف»
از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 10 دقیقه  2501 مشاهده
بۆت ئەگەڕێم و نیوەشەو لەناو بێژەنگی گومانی ساتەکانیا،
سووڕم ئەدا، بیرەکانم: ئەمبێژنەوە.
سووڕم ئەدا و لە چۆڵێکا کە ئاو: خەوی ئاسمانێکە نەزۆک،
جێم ئەهێڵێ. قاچەکانم: ئەمگێڕنەوە
جێم ئەهێڵێ و خێڵی ترسی جێنیشتە لەناو قوڕگی نەهەنگا،
ئەمدۆزنەوە. دەستەکانم: ئەمڕننەوە
ئەمدۆزنەوە و بە ستوونی یەک بە یەکی دەوارەکانی تاوانا،
ئەمبەستنەوە. لەشم لە سەرم ون ئەبێ
سەرم کتێبێکی کۆنە لەناو تاقی مێژوویەکا دانراوە.
تۆزی شپرزەیی ئەیخوا - سەر لەسەر سەر هەڵچنراوە -
خەتەکانیان داون، ئەلکێن بە قاچی جاڵجاڵۆکەی ڕۆژەکانا
لەشم خوانێکە لە ژووری نەوسەکانما ڕاخراوە.
بۆت ئەگەڕێم و نیوەشەو هەرێمێکە بێدەنگیی داگیری ئەکا
خەوە خۆری ئەم هەرێمەی خەساندووە
خەو بکوژن، خەو لەم هەرێمەدا دەرکەن!
بۆت ئەگەڕێم و نیوەشەو ڕەو بە شیعرەکانم ئەکات
ڕەوێک، سنووری نەخشەکان ئەسڕێتەوە.
ڕەوێک، زەمانی بەستۆتە پشتی هەنگاو.
گەشتێک، «جێگا» لە کۆڵ ئەکات.
بۆت ئەگەڕێم و شێوەی تۆم نەبینیوە
بۆت ئەگەڕێم و ئەبینم: زەریاکانیش لێم تێناگەن
«من مەبەستم لە زەریایە و ئێوە ئەڵێن لێت تێناگەین»
دە ڕایژەنن، ئەو ئازارانە ڕاژەنن کە هەوێنی
گینگڵ دانی شاعیرێکن نەهێنییەکان ئەیپشکنن.
نەهێنییەکان چنگی شەنن، لێکدانەوەم لە وەرزێکا بەبا ئەدەن
کە هێشتاک و گوڵەگەنم نازانێ ئەو بۆچی ئەڕۆێ!
کە هێشتا چاوم نازانێ - تەماشای - بۆچی ئەکوژرێ!
بۆچی ئەمرم؟ بۆچی ئەستێرەکان نامرن!
بۆت ئەگەڕێم و تەماشام بە سێدارەی نیوەشەودا هەڵواسراوە.
بۆت ئەگەڕێم و
لە پرسەی بوونی خۆما لەبەر نەهێنیت هەڵئەسم.
نەهێنییەکان بیابانن، مێشکم لمی تینوویانە
لەم چۆڵەدا کاروانی پرسیار ڕێچکەیان
ڕووەو کارێزە و نایگەنێ
ڕابەرەکان هاتن، ون بوون، پرسیاریان کرد
یەک لەدوای یەک چۆڕانەوە و بوونە هاڵاوێ لە قوبەی
ناو تەلیسمی پرسی تردا.
«سەرم بالیفی گەردوونە و هەموو شەوێ
دەرزیئاژنی خۆی ئەکات.
هەموو شەوێ کۆچێ ئەکا و ناگاتە جێ.
هەموو شەوێ لە بەردەمی دادگایەکا
بڕیارێکی هەڵهاتووە!»
بۆت ئەگەڕێم و نیوەشەو خەرەندێکە دەس ئەنێتە بینی وشەم.
بۆت ئەگەڕێم و نیوەشەو تابووتێکە جیهانی تیا ڕاکشاوە
«تاریکیی پاچێکی ڕەشە بناغەی کۆشکی گومانم ئەداتەوە،
لە تاریکیدا، نامەی ڕۆژ ئەخوێنمەوە»
بۆت ئەگەڕێم ئەی کیشوەری چاوی ونبووی خۆشەویستیم
ئەی ئەستێرەی خوانشینی نەدۆزراوە.
وا لەم شەوەدا «گلگامشاعلام» دێتە سەر باڵی سیمرخی داستانەکەم
جارێکی تر ئەفڕێتەوە و ئەم کەڕەتە گومان ئەکات لە «ئەنکیدۆشخص»
ئەم کەڕەتە هەڵۆی چاوی ئەو دیو ئاسمان بەدیی ئەکا.
گومان ئەکا!
گومان ئەکا!
گومان ئەکا!
کێ ئەڵێ «ئۆدیب» ڕەوانەی دۆزەخ کرا و پەشیمانە؟
کێ، کێ ناڵێ داوێنی دایکی، بە چڕنووکی جرجی شەهوەت،
کە ئەڕنیی، نەیئەناسی؟
ئەی کێ ناڵێ، ئەی کێ ئەڵێ، ئەی کێ ناڵێ؟
لەگەڵ بانگی مەلای مزگەوتی سەلجووقا
بەیانی بوو، کە ئاڵۆشێ لە هێلانەی
ئارەزووی ژووری حەرەمی- خەلیفەدا-
سەری لە ڕەحما ئەجوقا.
هاوڕێکەم سەرەکهۆزێکی شاریی بوو
هەموو ڕۆژێ لە گوزەری بانقەکانا،
بە کڵاو دیناری ئەگرت!
«هەیە کاڵە و پێتاوی بۆ لەپێ ئەکا و ناشیگرێ»
هاوڕێکەم هەموو شەوێ کاژێکی تازەی دەرئەدا و،
پێستێکی کەی لەبەر ئەکرد
بۆ بەیانییش لە وانەکانی «مارکسشخصا»
بەرماڵەکەی «محەممەدشخص»ی ئەکردە کۆڵ.
جاڕی ئەدا:
کە «یەهوودا» بێگوناهە و،
«مەسیح» سەر، سەری خۆی نەبوو!
ئەی کێ ئەڵی، ئەی کێ ناڵێ، ئەی کێ ئەڵێ؟
بۆت ئەگەڕێم و نیوەشەو واشەیەکە لەسەر لاکی ڕۆژەکانم هەڵئەنیشێ.
بۆت ئەگەڕێم و گالیسکەی ئەم شەوەزەنگە سەرەولێژ:
ترسی کۆیلەم، بە دوای خۆیدا ڕائەکێشی.
ترسی کۆیلەم، زامەکانی بە بێتفرن و ناهێڵێ
ئازارەکان لەناو پێخەفی پشوودا بێخەم بنوون.
«چۆن ئەهێڵێ ئەم شانۆیە تابلۆکان بشارێتەوە
چۆن ئەهێڵێ مێژووی ئەکتەر لەژێر دەمامکی «مەکبەپا»
وەک «مەم» بدوێ
چۆن ئەهێڵێ گیای هەناسەی «دەیدەمونە»،
لە زەلکاوی سییەکانی پیرێژنی فەرهادکوژەی،
ڕقا بڕوێ، چۆن ئەهێڵێ»
دەمامکەکان هەڵبەنەوە ئەم شانۆیە هەرەس دێنێ.
دەمامکەکان هەڵبەنەوە ئەم شانۆیە هەرەس دێنێ.
بۆت ئەگەڕێم و نیوەشەو گۆڕهەڵکەنی شاری خەوە.
بۆت ئەگەڕێم و گومانم ئەسپ سوارێکە هاتووە، ئامادە بێ
لە ژوانی یەک ناسینی لەدایکبوون و مردنما
ئەسپ سوارێکە هاتووە و نەهاتووە
سمکۆڵ ئەکا و دابین ئەبێ، دابین ئەبێ و سمکۆڵ ئەکا.
جڵەو ئەگرێ و جڵەو ناگرێ!
بۆت ئەگەڕێم و گومانم تەورداسێکە درەختی ساڵەکانم،
ئەکا بە چەند کەرتێکەوە:
لە کەرتێکا: وا ئەتبینیم چاوت بۆتە یانەی هەموو سەرخۆشەکان
مەمکت بۆتە قوبەی هەموو مزگەوتەکان.
لە کەرتێکا وا ئەتبینم قاسەیەکی و کلیلەکەت ناتکاتەوە،
ناتکاتەوە تا بەڵێنی چەند لیرەیەکی پێ نەدەی.
وا ئەتبینم خەنجەرەکەی «پرۆتۆس»ی و،
دەساودەس دنیا تەی ئەکەی!
«گومان ئەکەم، گومان ئەکەم»
ئەی نابینی ڕووبارەکان هەڵساونەتە سەرپێ و بانگی،
بیابان ئەکەن کە لێیان بخۆنەوە.
ئەی نابینی کە شاخ بەدوای بەفری لێدزراویا وێڵە.
ئەی نابینی باڵندەکان بەکۆمەڵ مانیان گرتووە
لە نیشتنەوە،
درەختەکان لە سەوزبوون.
ئەی نابینی برووسکەکان لەناو چاوی هەورەکانا،
تەرمی باران بە شانی خۆر ئەگوێزنەوە!
لە دووکەڵا زەردەخەنەی نەمامەکان ئەدۆزنەوە.
ئەی نابینی؟ ئەی نابینی؟
پەنجەی بێدەس لەناو فێستیڤاڵی خوێنا شمشاڵ بۆ مردن ئەژەنێ
ئەی نابینی:
ئەم گەردەلوولە چۆن زەریا ڕائەژەنێ!
«گومان ئەکەم، گومان ئەکەم»
ئەی نابینی هەر دەرگایەک لە ڕووی تیشکێکی ئاوارە و
ڕاونراودا بکرێتەوە، تەورەکان چۆن مۆری ئەکەن!
ئەی نابینی هەر نامەیەک بۆ باران و نان و گوڵی
یار بنووسرێ مقەستەکان چی لێ ئەکەن!
ئەی نابینی هەر نیگایەک بڕوانێتە ئەو دیوی سنووری بینینی
سووژنەکان، چی لێ ئەکەن
ئەی نابینی، ئەی نابیسی:
هەر «زمانێک» لەنگەری قسە لە گوێچکەی،
دیوەخانی شاردا نەگرێ، گوێزانەکان چی لێ ئەکەن!
«ویستم ئەوە لە زەریایەک بگەیەنم
گەر جۆگەکان نەبن، ناژی
- خنکاندمی -
ویستم ئەوە لە برووسکە بگەیەنم
گەر هەورەکان نەبن، ناژی
- سووتاندمی -»
-تۆ کێی؟ تۆ کێی؟
-هەتاوێکم بە بێ ئاسۆ!
-دەرکراوی؟
-لەو کاتەوە دڵنیایم بەستۆتەوە و لە سەرەڕێی
گشت کەسێکدا، نیشانەی کاسەسەرێکی نوێم داناوە!
-چۆن هەڵئەکەی؟
-نان بە بێشەرمیی ناوچەوان نابرژێنم.
-منت دیوە؟
-کە مردنم لە لێواری ترسا بینی.
-ناوت چییە؟
-ناوت چییە؟
بۆت ئەگەڕێم و ئەمشەوە لە وێرانەی زەمینێکا ڕەنگی گومان
بە چوار دەوری ئاینزاکانا ئەڕێژێ.
دەنگی گومان ئەدا بە گوێی ئەو سەرانەدا کە لەشیان
سەر ئاوی - ئاموون - کەوتووە.
«بەرد هەیە و ئاو نییە، نییە
گەر لێرەدا ئاو هەبوایە ئەوەستاین ئەمانخواردەوە»
بۆت ئەگەڕێم ئەی کیشوەری چاوە وێڵ و ونبۆکانی خۆشەویستیم
ئەی ئەستێرەی خوانشینی نەدۆزراوە!
ئاسۆم بەرێ.
ئاسۆ هەیە؟
-کە چاوی خۆم ئەکەمە کوانووی بڵێسەی نەهێنییەکان
کاتێ «سووتان» بەرزم ئەکاتەوە بۆ لای
ئێشی مەرگی سوێ بوونەوە
-چی ئەبینی، چی نابینی؟
-ئاوێنەکان تیشک دانەوە خوار ئەکەن
ئاوێنەکان ناچنە بەردەمی ڕوخسارێ، چاوەکانی
خرابنە دۆزەخەوە.
ئاوێنەکان بێ ئاوێنە، ناخەنە ڕوو
ئاوێنەکان درۆ لەگەڵ هەتاو ئەکەن
لە نیوەشەودا نابینن.
١-ئاوێنەیەکی شارەکەم ئەو دەموچاوەی شاردەوە
کە یاسای مەیتخانەکەی بە خوێنی دەمی مۆر ئەکرد.
ئاوێنەکە: ڕەنگی زەردی ئەخواردەوە.
٢-کە «پیکاسۆشخص» کەوتە ئاڵتوون ماڵیی کردن
لە ئاوێنەی تابلۆکانیا خۆی ئەبینی:
میرێکە سواری فڕۆکەی پارە بووە
-دراوسێکەی وێنەکێشێ بوو کە بانقی
خوێنی پاریسمکان، هەفتەی جارێ
بە چەند فرەنکێ چەکێکی ئەدایە دەس
لەجێی خوێنی هەڵهێنجراوی!
٣-بڕوانامە ئەگۆڕنەوە و لە شەوێکا ئاوس ئەبن
ئەوەی ئەبێت نیوەی مارە و نیوەی ئینسان.
٤-کاروانکوژە کە کاروانەکان ئەکوژێ
لە پرسەشیانا فرمێسکە و دائەنیشێ.
٥-ڕێک ئەکەویی؟
چاو بە گەنم
خورما بە گازی ژەهراوی
تووتن بە کۆشکی سەرەتا یان کۆتایی
ڕێک ئەکەویی؟
٦-کە نانیان کوشت ئەبوایە هۆزی گڕ بچن
بەپیر داسی بێدەستەوە.
کە ئاویان کوشت ئەبوایە هۆزی دارستان
هەڵسن، بچن
بەپیر گەرووی زەردەشتەوە!
٧-کوللە لە ئەشقی چاوی گوڵەگەنمە
گەرا لە هێلانەی برسێتیدا ئەخا؟
ئەو دڵدارە؟
٨-ئەی نیشتمانی خۆڵەمێش! گەر تۆ ئاگردانی شەو بی
خۆشەویستیی من پەنگرە
گەر تۆ قوڕگی گڕەی هاواری تینوو بی
منیش تاسەم ئاوی سوولە
ئەی نیشتمانی خۆڵەمێش!
دەمامکەکان هەڵبەنەوە ئەم شانۆیە هەرەس دێنێ!
ئەی کێ ئەڵێ؟ ئەی کێ ناڵێ؟ ئەی کێ ئەڵێ؟!
ئەی کێ ئەڵێ؟ ئەی کێ ناڵێ؟ ئەی کێ ئەڵێ؟
ئەی کێ ئەڵێ؟ ئەی کێ ناڵێ؟ ئەی کێ ئەڵێ؟
بۆت ئەگەڕێم و ڕووتەنیی ئەم زەمینە مێروو لەناو،
شارە گومانی تەمەنما ئەورووژێنێ
بۆت ئەگەڕێم و چاوی خۆم بە دوای برژانگیا ئاوارەی
گریانی ناو پێڵوویەتی.
«لەم شەوەدا وەردیانی بەندیخانەی هەناسەکان،
بە پۆستاڵی گوێزانەوە بە سەر ڕاڕەوی ناو سنگما،
دێن و دەڕۆن.
لەم شەوەدا ئازارەکانم لەپشتی هاوارەکانم بەستووە»
چاوت گومان لە بینینی ئەکات.
با لێرەوە سەرەتایەک لە گڵۆڵەی یاخیبوونم بەرەڵا کەم،
بەرەڵڵا بە ئەی ئەو بازەی باڵەکانت لە ئەستێرکی،
ژانی ڕۆژگارم وەرئەدەی
بەرەڵڵا بە و بە دەنووکی تیشکەکانت چاوی ئەم شەوە دەربێنە!
گوێچکەت گومان لە بیستنی ئەکات.
-بۆ کوێ بڕۆم چاوەکانم ئاسمانێکیان هەڵگرتووە
پڕن لە تەرمی ئەستێرە.
بۆ کوێ بڕۆم کە سەرم شوێنم نەکەوێ
بۆ کوێ بڕۆم کە ئاسۆکان هەڵفڕینیان
لەباڵ قەدەغە کردبێ، بۆ کوێ بڕۆم؟
لەشت گومان لە هەستانی ئەکا
بۆت ئەگەڕێم و نیوەشەو توونێلێکە شەمەندەفەری بێداریم،
هەڵئەلوشێ.
بۆت ئەگەڕێم و نیوەشەو قرژاڵێکە،
خۆی لە بنجی وشەکانم ئاڵاندووە و،
هەتاوی گشت حەرفەکانم هەڵئەمژێ!
بۆت ئەگەڕێم و نیوەشەو لەناو بێژنگی گومانی ساتەکانیا،
سووڕم ئەدا، سووڕم ئەدا و لە چۆڵێکا کە ئاو: خەوی،
ئاسمانێکە نەزۆک جێم ئەهێڵێ، جێم ئەهێڵێ و خێڵی،
ترسی جێنیشتە لەناو قوڕگی نەهەنگدا ئەمدۆزنەوە،
ئەمدۆزنەوە و بە ستوونی یەک بە یەکی دەوارەکانی تاوانا،
ئەمبەستنەوە و سەرم لە لەشم ون ئەبێ.
بۆت ئەگەڕێم ئەی کیشوەری چاوە وێڵ و ونبۆکانی خۆشەویستیم
ئەی زەمینی خوانشینی نەدۆزراوە،
بۆت ئەگەڕێم
بۆت ئەگەڕێم
بۆت ئەگەڕێم.