بەهارێ

از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
 1 دقیقه  933 مشاهده
بە بولبول موژدە بێ، فەسڵی بەهارە
بە سەییادان کە وەختی «کەو» بووارە
بە قومریش هەم بەشارەت بێ لەمەولا
لە پای سەروا، سەدای شینی هوزارە
ئەسەف بۆ حاڵەتی عاشق لەبەر چی؟
بەهار و پاییز و زستان خومارە
بە عوششاقان بڵێن: با بەس بناڵن
زەمانەی عوشرەت و بۆس و کەنارە
لە سایەی ڕەحمەت و لوتفی ئیلاهی
کەژ و کێو دەشت سەحرا لالەزارە
لە سۆزی ناتەبایی هۆز ئەگەرچی
دەروونم وەک تەنووری پڕ لە نارە
لە خۆشی فەسڵ و خۆشی وەسڵی یاران
کەلامی خاڵە «میرزاتخلص» زەر نیگارە