پاڕاناوە لە سەرمەرگدا

از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
 1 دقیقه  713 مشاهده
خوداوەندا دەزانم من گەلێ مەئتووک و عوسیانم
خەجاڵەتمەند و مەحجووبم لە کردەی خۆم پەشیمانم
بەشەر بێ مەعسیەت نابێ؛ منیش عەبدێکی مەزڵومم
غەریب و بێ کەسم؛ یاڕەب نییە کەس بێ بەڕەهبانم
ئەمن عەبدێکی داماوم پەرێشان حاڵ و بێچارە
لە عالەمدا بە مەعلوومی سەفیل و کوێر و نادانم
گرفتاری بەڵا و دەرد و مسیبەت بووم بە کەس ناڵێم
عیلاج و چاری دەردی خۆم کە دنیا بێ لوقمانم
ئەسیر و بێ نەوا کەوتووم، دەناڵێنم بە شەو تا ڕۆژ
بە ڕووزەردی تەمەننامە لەقابی تۆیە دەرمانم
بە غەیرەز زاتی تۆ یاڕەب پەناهێکم نییە چی بکەم
خوداوەندا دەوای دەردم ببەخشە یا گوناهانم
دەزانم لوتفی تۆ زۆرە لە هەق ئەحواڵی مەزڵومان
منیش وا جانفیدای کۆیی سەگی دەرگاهی گەیلانم
ئەوا کەوتوومە بازاری عەتا و لوتفی کەریمی تۆ
ئەبەخشی و دەمکوژی خۆشە؛ ببەخشە جورم وعوسیانم
ئەوا هاتە نیهایەت مودەتی عومری عەزیز یا ڕەب
غەفوورتخلصی تۆیە، ئومێدم بە تۆیە، تۆی نیگەهبانم