ڕێویەکی برسی نزیک بە مردن

تەمەع سەر بە باد ئەدا
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 2 دقیقه  462 مشاهده
ڕێویەکی برسی نزیک بە مردن
هێزی نەمابوو بۆ نەچیرکردن
کەوتە مڵومۆ لە ئێرە و ئەوێ
ئەگەڕا بەڵکوو ڕۆزی دەسکەوێ
زۆری نەمابوو گیانی بێتە دەر
کاڵە کۆنێکی کەوتە بەر نەزەر
بە بێ دەسنوێژ سوجدەی شوکری برد
پاشان بە ئەدەب ددانی بۆ برد
هەڵیگرت ڕۆیی ڕووی کردە یاڵێ
بێ غەم لی بخوا دوو سێ قەپاڵێ
ئارەزووی وا بوو دانیشێ تاوێ
کاڵە کۆن وێنەی کەباب بجاوێ
ڕوانی پۆل پۆل قاز و کەڵەشێر
مریشک و جووچک، بۆقلەی مێو و نێر
بێ خاوەن لە دێ هاتوونەتە دەر
هاتوچۆیانە بێ خۆف و خەتەر
سەرگەرمی چینەن هەر یەک لە لایێ
بەرز ئەکەنەوە هەریەک سەدایێ
وتی وا چاکە کە فرسەت بێنم
بۆ نەهار یەکێ قەڵەو بڕفێنم
کاڵە کۆنی وا بێ لەزەت و تام
کەی سزاوارە بۆ نەهار و شام
مەسڵەحەت وایە لێرە دایشارم
لە سینگی بۆقلە ساز کەم نەهارم
بە ماتەماتە لێیان چووە پێش
بە ڕووی زەویدا کلکی ئەکرد کێش
قازەوان زانی کە مامە ڕێوی
خەریکە کەباب ساز کا بۆ شێوی
باڵی هەڵماڵی و دەسی دا دارێ
خۆی لێ خزانە پەنای دیوارێ
خۆی ئامادە کرد ڕێوی فێڵەباز
بۆ ئەوە بۆقلە بڕفێنێ بە گاز
قازەوان هەستا و دایە بەر پلار
فرسەتی نەدا و شەلی کرد بە دار
بە تلاوەتل بە سەد دەردی سەر
بۆ لای کاڵە کۆن ڕێگەی گرتە بەر
هەتا هاتەوە بە ملی وردی
کاڵە کۆنەکەی قاڵاوێ بردی
لە داخا سەری خۆی دا وە بەردا
وا شکا مەغزی نەما لە سەردا