چوارەم: باسی تاڵانکردنی مردوو لێمردوو بە ناوی سەرەخۆشی لە خزم و خێشان

از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 7 دقیقه  700 مشاهده
قانونێ ترمان خانە خراوکەر
پێچەوانەی ئەمر خودا و پێغەمبەر
دوور لە ڕەوییە و ئادابی ئیسلام
قەبیح و ناحەز سەراسەر حەرام
ڕیشە دەرهاوەر نەمامی ئایین
مەحبووبی بەرچاو شەیتانی لەعین
چییە چوونە دەر، لە ڕاسە شەقام
بێ گرێ و قۆرتی ئایینی ئیسلام
لادان لەو ڕێگە خۆشە پڕ سەفا
مایەی نەگبەتە و شەقایە و جەفا
مەعلوومە ئێمە شاهـ و گەدامان
لە خوداوەیە مەنع و عەتامان
بە مەیلی خۆیە دان و نەدانی
بەرگری ئەمری هیچ کەس نەیتوانی
هەر وەک بە دانی دڵخۆش و شادین
بە نەدانیشی ئەبێ هەر وا بین
نابێ شەڕ لەگەڵ قەزا و قەدەردا
بکەین و لوول دەین خۆ وە سەقەردا
شیوەن بۆ مردوو یەخە دادڕین
سەر لە قوڕگرتن یا پەلکە بڕین
درووسکردنی کۆتەڵ و ئاڵا
پۆشینی کاڵای سیا وە باڵا
لاواندنەوەی مردوو بە هۆرە
ژنان و پیاوان نۆرە بە نۆرە
وە زایەڵەی بەرز هاوار و هەی ڕۆ
بە «نظمعربی» و «نثرعربی»ی تان و پۆ درۆ
ئەمانە هەموو دەلیلە لەسەر
ناڕەزاییمان بە قەزا و قەدەر
لە خۆش و ناخۆش ئەوی ڕوو داوە
بۆ ئیمتیازی چاک لە خراوە
بەڵایێ ئەگەر هات و وارید بوو
خۆمان لە خۆمان با نەیکەن وە دوو
جڵەوی تاقەت لە دەس بەرنەدەین
لە جەزای سەبر خۆ بێبەش نەکەین
هەرچی لە ئەزەل موقەددەر بووە
تەغییری لە دەس تەدبیر دەرچووە
وەختی خۆی زاهیر ئەوێ بێگومان
خوا لی سەرخۆش بین یاخۆ هەراسان
لادان لە قەزای ئیلاهی مومکین
نییە بۆ فەردێ لە ئینس و لە جین
بە قەزا غەیری ڕەزا چارەیێ
نییە، سەد شیوەن ناژی پارەیێ
وەلێ قیسمەتێ ئەونە نەزانن
بۆ مردوو شیوەن بە فەڕز ئەزانن
لەگەڵ گیان دەرچوو مردوو وێڵ ئەکەن
سەرچاوەی قانوون مەزهەب لێڵ ئەکەن
ئەوێ وە شیوەن ڕۆڕۆ و قوڕپێوان
وە هەردوو چەپۆک بە سەرخۆدا دان
ڕیشەی حەیاتت ئازیز بۆ چڕیم
بە مەرگی ناکاو جەرگت بۆ بڕیم
بەعزێ بێ ئەوە ئاو بێ لە چاوی
سەروشانی خۆی ئەکا قوڕاوی
بۆ ئەوە عەشرەت لی نەدەن تانە
سەدا هەڵدێنێ بەم درۆیانە:
براگیان خۆ تۆ وەختی مەرگت نەو!
دوور لە تۆ ئەمە مردنە یان خەو
ئازیز کۆچ لەناو کەسوکار مەکە
یاران سینەڕێش دڵ زەخمار مەکە.
بانگ و زایەڵە شیددەت ئەسێنێ
مردووی بێچارە بێکەس ئەمێنێ
خێشان دوورەواز وەک لی بتۆرن
بێگانە بەخێر خۆیان ئەیشۆرن
نە ئەزانن چۆن مردوویان شۆرا
یا چلۆن لاشەی ناو کفن خرا
لەباتی ئەوە مردوو بەڕێ کەن
نوێژ و کفن و تەڵقینی ڕێ خەن
ڕەددی مەزڵەمە یا ئەدای قەرزی
یا چارەجۆیی بۆ قەزای فەڕزی
یا وەسییەتی ئەو بەجێ بهێنن
خەتم و تەهلیلەی لەسەر بخوێنن
ئەون وە ئاشپەز وە ساقی و فەڕاش
ئێژن ئەمەیە ڕەسم و ڕێگەی باش
لەبەر تەهییەی چێشت و چای و نان
لەگەڵ مردوودا ناچن بۆ قەبران
ئیتر ناپرسن ئایا ئەم نانە
ئەگەر مەشهوورە وە بەر مەیتانە
داخۆ حەڵاڵە یا خەیر حەرامە
خیلافی قانوون دینی ئیسلامە
ئەمانە ئەمرن ئەڕۆنە ژێر خاک
پیاو بن یا ژن، خراو بن یا چاک
دارا یا نەدار شا بن یا حەماڵ
گیانیان دەرئەچێ و جێ ئەمێنێ ماڵ
بەشی زیادیان دارای سەغیرن
بێ ماڵ و دەوڵەت، گەدا و فەقیرن
بێبەش لە نەقد و جنس و دارایین
بێ نان و پێخۆر، بێ قەند و چایین
بێ پیاز و لەپە، بێ زەردەچێوە
وەک پۆلی کوللە، لە هەموو ڕێوە
ڕوویان تێئەکەن تیپ تیپ ژن و پیاو
نەک بۆ سەرخۆشی بەڵکوو بۆ گۆشتاو
گەر یەکێ بێژێ عەشرەت ئەم کارە
خیلافی ڕەزای پەروەردگارە
بە شەرعی ئیسلام ڕەسمێ خراوە
ئەیدەنە بەر قاو لە هەزار لاوە
ئێژن بێدەنگ وە، مەدە ئەم فتوا
لەناو عەشرەتا عورزەمان ئەڕوا
چون ئەمە یاسای باو باپیرمانە
مەحبووبی نەزەر جوان و پیرمانە
دەسبەردار نابین بە قەولی ئێوە
مەجبوورین ئەبێ بیبەین بەڕێوە
چون لە قانوونی ئیسلام ناڕوانین
ئەو بەرمەیتانە بەر فەڕز ئەزانین
جا ئێوەو خودا ئەمە عار نییە
ئەمە ڕەسمێکی کەچ و لار نییە؟
مردوو لێمردوو دارای سەغیر وێ
قەرزار و نەدار، مات و زویر وێ
مردووەکەیان بە خاک نەسپێرن
پەلە پەل سفرە و سەماوەر بێرن
هەروا ئەم قەومە لەخوا نەترسە
تاڵانیان بکەن بە ناوی پرسە
زمهەڕەکەیان بە جارێ بخۆن
نە ئارد بمێنێ، نە قاورمە و ڕۆن
هیچ بەشیان نەکا وەک سپای یەئجووج
دوایی بێ هێلکە، نەمێنێ فڕووج
ڕەواجی ڕەسمی وا خەسارەتبار
وا لە خوڕخوڕە و تیلەکۆ و هەوشار
موسڵمانەکان باشە ئەم کارە
ئەم ڕەسم و یاسای پڕ لە خەسارە؟
کێ فتوای بۆتان دا بە حەڵاڵی
هەرکەس مردووی مرد چەپاو کەن ماڵی
لە دایرەی دین بۆ بچینە دەر
لە یاسای ئایین بۆ نەکەین نەزەر؟
بۆچی بە هەوا خۆ تاڵان بکەین
چاو لە کاری لار هاوماڵان بکەین
هەتا سێ ڕۆژە ئەم ڕەسمە بەرپا
ئەبێ هەڵگیرێ لە سێ ڕۆژ بەولا
سێ کەلیمەیە ئەسڵ سەرخۆشی
چاکی بگرە گوێ گەر ئەهلی هۆشی
کاتێ تەشریفت برد بۆ ئەم کارە
بێژە بەو شەخسە موسیبەت بارە
خوا ئەجرێ گەورە و سەبرێ چاکت پێ
بدا و بە ڕەحمەت مردووت ببەخشێ
بۆ دەفعی غەمی دانیشە تاوێ
بڕێژە وەسەر ئاوریا، ئاوێ
دڵخۆشی بەرۆ هەتا ئەتوانی
ببە بە مایەی شەفا، بۆ ژانی
بە زبانی خۆش بێ وە تەقریردا
مەیێڵە تاڵی بەڵای لە بیردا
لە بێ تاقەتی و شین بیترسێنە
ئاوری کوژاوەی هەڵمەگیرسێنە
نەوی وە کۆمەک بۆ شین و چەمەر
دووبارە مردووی بێریتۆ نەزەر
لە هەر جێگایێ مومکین بوو بۆتان
دەفعی ئەم گلە بکەن لە خۆتان
باشە و بۆ ئەدای سوننەت کافییە
لەمە زیاتر بێ ئینسافیە
کە ماڵی بکەن بە قاوەخانە
ڕیشەی دەربێنن بەو چێشت و نانە
ئاخر چ شەرعێ بەمە ڕازییە
پەسەندی نەزەر کامین قازییە؟
ئەم بەرمەیتانە کە ئیسە باوە
کەی شەریعەتمان دەستووری داوە؟
تۆشە و کولێرە و شیرینی ژنان
سێ ڕۆژ دوای مردوو ئەبن بۆ قەبران
پیان وایە بەوە ئەیبەخشن لەوێ
مردوو لە عەزاو نەجاتی ئەوێ
یا شەوی جومعە دەعوەت ساز ئەکەن
بە ئاواییدا بانگەواز ئەکەن
بێن! شەو جومعانەی فڵان مردووە
بخۆن! واریسی خێریان کردووه
یا دوایی چل ڕۆژ بە ناوی ئێحسان
بۆ مردوو بەزمێ ساز ئەکەن دیسان
بە شەرعی ئیسلام بیدعەتە و بەتاڵ
سەربەخۆ نابێ پی بێژن حەڵاڵ
لازمە بکەین دووری لە هەرچی
قانوونی ئیسلام ناڕەزایە پی
هەتاکوو ماون واجبی خۆتان
بۆ جێ نایەنن کە مردن بۆتان؟
کێ بەجێ دێنێ چاوەڕوانی کێن؟
کێ غەمتان ئەخوا بۆ کێ چاوەڕێن؟
لێرەدا ئەگەر کەمێ بە تەحقیق
بڕوانین ئەکەین هەموومان تەسدیق
کە لامان داوە لە ڕێگەی ڕاسان
کەوتووینەتە شۆن ڕێگە نەناسان
خاوەن مردوو بۆ کاری بکا وێڵ؟
دانیشێ لە ماڵ تا دوایی دێ خێڵ؟
بۆ ساڵێ ماڵی میوانخانە وێ
خەریک ئەم بەزم و سفرە و خوانە وێ؟
مەعلوومە لەلای هەر خاوەن کەماڵ
بەم ڕەسمە خەیلێ بنەماڵ پاماڵ
کریا و گرفتار بوون وە قەرزاری
کەوتنە گێژاو دەریای نەداری
تۆخوا پێم بێژن ئا بەم کردەوە
چ مردوویەکتان زیندوو کردەوە؟
مردوو لێمردووی بێچارەی هەژار
دەردی با یەک بێ مەیکەن وە هەزار
ئەڵبەت وەزیفەی موسوڵمانانە
لە ماڵی خۆوە بۆ ئەو کەسانە
کە خاوەن مردوون خۆراک بنێرن
دەرخواردیان بدەن گەر ئەهلی خێرن
بۆ دڵنەوایی تا سێ ڕۆژ کەم کەم
بچن با دەرچێ لە خاتریا غەم
بە دانیشتنتان ئەما مەدەن توول
زیاتریان مەکەن عاجز و مەلوول
«زاریتخلص» بێژە ئەم قەومە نەترسە
با تەخفیفێ بەن بە شێوەی پرسە