نازانێ کە مەجنوونی چ لاوێکە دڵی من

از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 2 دقیقه  705 مشاهده
نازانێ کە مەجنوونی چ لاوێکە دڵی من
گیراو و گرفتاری چ داوێکە دڵی من
بێهۆش و برینداری چ چاوێکە دڵی من
عاشق بە وەنەوشەی چ شەتاوێکە دڵی من
یا بولبولی کام سەروی سەرئاوێکە دڵی من
بێ تەلعەتی ئەو دڵبەرە دڵ پڕ لە برینە
بەو شەوقی قەد و ڕوومەتە وەک کوورە بە تینە
کاری شەو و ڕۆژی هەموو هەر ناڵە و شینە
بێ تاقەت و بێ سەبر و پەرێشان و حەزینە
بڕوانە کە غەرقی چ زووخاوێکە دڵی من
ئەو شۆخە کە لاکاتەوە بەم شێوە دڵ ئارا
نابینی، مەگەر بێخود و دێوانە لە شارا
نەمدیوە وەکوو پەرچەمی چابوک لە شکارا
نەیهێشتووە بێ زەخم نەچیرێ لە دیارا
ئەی وای کە گیری چ قولاوێکە دڵی من
پی بێژە لە تۆی زوڵفەوە بڕوانە بەروپشت
هەر تار مژە سەد عاشقی بی سەبر و دڵی کوشت
بۆ ماچێ لە لەعلی لەبی سەد ڕۆحە لە سەر مشت
پەنجەی کە بە خوێنی دڵەکەی لەت لەتی من ڕشت
قەومینە عەجەب خانە خراوێکە دڵی من
بێ پڕتەوی ڕووت ئەم دڵە پڕ ئێش و پەژارە
بێزارە لە گوڵ عاجزە لەم باغ و بەهارە
مایل نە بە سەروە نە بە سێوە نە هەنارە
بێ قەندی لەبت چا بە مەزاقی وەکوو ژارە
پەروەردە بە عەتری چ گوڵاوێکە دڵی من
شوێنی گومە بەینێکە دڵەی پڕ خەتەری شووم
هەر جێگە کە ڕێم کەوتووە، هەر لایێ ئەگەر چووم
جیددەن لە هەموو ڕێگەوە جۆیایی خەبەر بووم
هەرچەندە ئەپرسم خەبەرێکی نییە مەعلووم
مەعلوومە لە تۆی زوڵفە شێواوێکە دڵی من
لەو ڕۆژەوە دڵ هەڵقەی ئەو زوڵفیە جێیە
مەیلی نە بە سارا نە بە شار و نە بە دێیە
وا بێخودە ئاگای، نە لە سەریە نە لە پێیە
«زاریتخلص» وەرە بیناسەوە ئەم بێخودە کێیە
بەم پیرییە مەستی چ شەراوێکە دڵی من