گەر بە دیدەی فکر بڕوانی لە شێوەی ڕۆزگار
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
3 دقیقه
539 مشاهده
گەر بە دیدەی فکر بڕوانی لە شێوەی ڕۆزگار
تێدەگەی عەینەن میسالی کەشتییە بۆ ڕێبوار
سەیری تیژی ڕۆینی ناکەی کە بۆ هاورد و برد
وا بە ڕێوە لەحزەیێ نادا پشوو لەیل و نەهار
دەستەیێ دێنێتە دنیاوە لە تاریکی نەبوون
دەستەیەکی تر ئەبا بۆ عالەمێکی نادیار
بێ ئەوەی ئاگا بێ کەس لەم هاتن و ڕۆیشتنە
یەک سواری وشتری تابووتە یەک لانک سوار
ئەو شکارچی وا لە سارادا بە گوللەی تاپڕی
غەرقی خاک و خوێن ئەبوو پۆلێ نەچیری باڵدار
ڕاویاری مەرگ داوێکی بە دەوریدا تەنی
کەوتە نێوی بەو هەموو پارێزەوە بێ ئیختیار
ناتوانێ هیچ کەس لەم داوە خۆ لادا بە عەقڵ
یا لە چنگی ڕاویارێ وا تەسەور کا فەرار
کوا لە باغی عالەما مەوجوودە دارێکی وەها
عاقیبەت ڕیشەی لە خاکا مەرگ نەبڕێ وەک مشار
با بکا شیوەن عەشیرە بۆ پیاوی وا زەریف
سەیلی فرمێسک لە هەر دیدە بە خوڕ با بێتە خوار
چون شەوی ماتەم بە جارێ ڕۆشنایی کرد گوم
ئاوری حەسرەت لە خۆ با بەربدا شەمعی هەژار
بیری سەیری باغ ناکریێ هەتا پایز نەیێ
قەدری گوڵ نازانرێ هەر تاوەکوو نەڕوا بەهار
جام بشکێ، بادە بڕژێ بەزم کۆتابێ دوای
پیاوەکانی زیرەک و خاوەن شعوور و هۆشیار
«شێربەگی» خۆ تازە نابینن بە عومری خۆ بەچاو
سەرپەرستێ وا لە خۆیانا ڕەئووف و ناودار
گورگ مردن خۆشەویسانی دزی دانەچڵەکان
ئاهـ! بۆ وا کوێرە، نابینایە، دیدەی ئیعتیبار
بەر لەوەی ئێعلانی ئەم کۆچە بە دیوارا درێ
لەم هەوارە تۆشەیێ ئامادە کەن بۆ ئەو هەوار
گشت ئەزانن بێ دەوامە و بێ نەتیجە، بێ سپاس
نیعمەتی ئەمن و فەراغ و سێحەتی سەرمایەدار
ئارەزووی هەڵگرتنی خەرمەن خەیاڵی باتڵە
بێ ئەوەی توویێ لە خاکا دابشارێ جووتیار
گەر غەرەز هەر خواردن و خەو بێ لە ئیجادی بەشەر
کامە فەرقی ئادەمی و گاو و گورگ و کەمتیار؟
ڕەستگاری وا لە موڵکی خواپەرەستیدا ئەگەر
لێرەدا توویێ بچێنی ڕەستگاری، ڕەستگار
ئەم هەموو پیاوانە ڕۆیشتن لەگەڵیانا نەچوو
غەیری کردە، تیکە نانێ، شەربەتێ بۆ قەبری تار
ئیشی بەدبەختی نەبێ بۆچی ئەبێ دەرکا لە دڵ
خۆفی ئەم خەوگا بزانێ زیرەک و پارێزگار
وای بۆ ئەم کۆچی حەسرەتباری یارانە غەمم
هەمزبانە، هەمدەمە، هەم ئیستیکانە، هەم قەتار
بەهرەیێ نادا ئەسەف «زاریتخلص» سەبووری چاکە چون
ئەهلی سەبرن خاوەنی ئەجری عەزیم و بێ شومار