بە ئاخر هات دەورەی زیندەگانیم

از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 3 دقیقه  560 مشاهده
بە ئاخر هات دەورەی زیندەگانیم
دوچاری دەردی زەعف و ناتەوانیم
لە داری قامەتیدا بەرقی پیری
دەری هێنا ڕەگ و ڕیشەی جەوانیم
لە قەددی ڕێکی وەک ئەلفم بە دیققەت
تەماشا کە چ دالێکی کەوانیم
کە ئەم بادی خەزانەم هاتە گوڵزار
وەری بەرگی گوڵاڵەی شادمانیم
سەرم لەرزۆک و ئەفکارم پەرێشان
بە ناکامی عەوەز بوو کامەرانیم
بینایی دیدەکانم لێڵە، گوێ کەڕ
زەعیف و زەرد، وەک بەرگی خەزانیم
لە پا کەوتم وا پا تازە دەگرم
عەسا پامە ڕەفێقی هێزی پا نیم
سپیدی موو لە قەولی پیریۆ پێم
ئەڵێ ئاگا بە من دەردم دەوا نیم
بەهاری عومر پاماڵی فەنا بوو
فەنا ڕێمە بە ئومێدی بەقا نیم
وەکوو کافوورە موشکی ئەزفەڕم چی
خەتا پۆشاکی باڵامە خەتا نیم
غورووبی کرد خورشیدی جەوانیم
لەبەر تاوم لە تاریکی شەوانیم
قواکانم خەریکی کۆچن و من
وەها نازانم، ئەسڵەن کاروانیم
وەفایێکم نەبوو بۆ فەڕز و سوننەت
بە فەڕز و سوننەتی خۆم ئاشنا نیم
لە کێوی سەر، هەڵات «الشيب نوریعربی»
دڵم تاریکە دارای «ضياعربی» نیم
دەمی پیری دڵا وا هات تا کەی
نەکەم شەرمێ مەگەر ئەهلی حەیا نیم
بە ئێخلاسم نەنا سەر خاک ڕوو قەت
چلۆن بێژم خودایا ڕووسیا نیم
لە دەس چوو عومرم و نەمکرد کارێ
لە داوی تەمبەڵی ئانێ ڕەها نیم
چەماوە پشت بۆ تەعزیمی پیری
جەوانی پشتی کردە پشتیوانیم
لە پەنجادام وا سەد لۆچی تێکەوت
تەوێڵی وەک بلووری ڕاسەقانیم
لە قەبر و کفن و تابووتم ئەکا باس
زبانی حاڵی ئەعزاکانی فانیم
لە تاوی ئێشی پشت و لاق و ئەژنۆ
خەریکی ئاهـ و ناڵە تا بەیانیم
ئەوندەم گەردی غەفڵەت وا لە سەر دڵ
لە عومرێکا سەعاتێ بۆ خودا نیم
ئەسەف بۆ عومری ڕۆیشتوو بە غەفڵەت
بە بێ فیکری و جەهل و لێنەزانیم
ئەگەر بێتو خودا بەم دەردە سەختە
نەکا ڕەحمێ به ئوممێدی شەفا نیم
ئەتۆ یا ڕەببی «رحمن الرحيمعربی»ی
ئەمن عەبدێکی کەچ ڕەفتار و جانیم
ئیلاهی غەیری عەفو و ڕەحمەتی تۆ
منی بێچارە دارای پەنا نیم
پەشیمانم، پەشیمانم، پەشیمان
لە کردەی زشتی پەنهان و عەیانیم
ئەوا خۆم خستە قاپی ڕەحمەتی تۆ
کە ئیدی جێگەیێ تر شارەزا نیم
بە فەزڵی خۆت بمبەخشە ئەگەر نە
بە کردە لایەقی عەفو و عەتا نیم
لە مایەی تاعەتا گەرچی فەقیرم
لە ئیمانا شەهەنشام و گەدا نیم
لە مەردانی خودا دووریم ئەگەر کرد
موحیببی غەیری مەردانی خودا نیم
شوکور دوورم لە یەئس و ئەمن هەر دوو
هەتا زیندووم بێ خۆف و ڕجا نیم
چلۆنم دەرئەکەن «زاریتخلص» مەگەر من
سەگێکی پەیڕەوانی «مصطفیعربی» نیم؟