دڵ بەدنیاوە مەبەستن، ڕۆڵەی دنیا مەبن

از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 2 دقیقه  581 مشاهده
دڵ بەدنیاوە مەبەستن، ڕۆڵەی دنیا مەبن
دایکێکی بێ وەفایە باخەڵ و کۆشی مەچن
پڕ لە شیرە زاهیرەن مەمکی و ئەولادی قەڵەو
پاش چەن ڕۆژێ هەموو ڕووت و لەڕ و گەردن کەچن
بیستووتانە و بە دیدە دیوتانە تابەحاڵ
ڕیشەی چیها کوڕانی خۆی دەرهێنا لەبن
هۆشیارانی هەزاران خستە گێژاوی فریب
وای بۆ ئەو دەستە وا بێ تەجرەبە و نازیرەکن
خۆ بپارێزن لە هەنگوینێ کە زەهری قاتڵە
وارسی ئەم پیرە مەککارە لە ئیرسی بێ بەشن
هەر ئومێدێکی هەزاران نائومێدی وا لە دوو
هەر وەفایێکی هەزاران بێ وەفایی وا لەکن
باب و باپیری هەموو کوشتن بە حەسرەت لائەقەل
ئێوە بۆچی زەڕڕەیێ شەوقی لە دڵدا ناکوژن
بێ موبالاتی لەگەڵ دینا بە حەددێکی وەها
عامە نابینێ لە شارێکا بە دینێ پیاو و ژن
وەرع و تەقوا و حەیا حەتتا نەما ئاساریان
بۆ تەماشای ئابڕوو ناکەن، کە بوو یەکبارە ون؟
خۆ بپارێزن کە پارێزە وەسیلە بۆ نەجات
تۆشەیێ بۆ ئەو هەوارە لەم هەوارە هەڵگرن
هەر ئەوەندەم کرد ناپارێزگاری «زاریتخلصا»
ناهەقی سەگ ناگرم گەر خۆ بپارێزی لە من