خودا چ بکەم لە دەس ئەم چەرخە دوونە

از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 1 دقیقه  308 مشاهده
خودا چ بکەم لە دەس ئەم چەرخە دوونە
سەراسەر کارەکانی واژگوونە
نە تەخفیفی بە باری خاترم دا
نە ڕێگەی بۆچی واو و چەند و چوونە
پەرێشانی و پڕ کاری و زەحمەت
کڵاوێکە بە سەر مندا نخوونە
بە هەر تاری ڕەگ ئاوێزانە سەد دەرد
بچووکیان وەک گولی، سیل و جنوونە
گلەت لێم کردبوو بۆچی نەهاتی
نەهاتم، چون قوەی هاتم زەبوونە
مەوانع ئەونە بێ پایان و زۆرە
لە قووەی ئەقڵ تەعدادی بیروونە
هەموو وەختم لە بەر دەردی پەشێوی
شەوی تاریکە، ئەر سەد ڕۆژی ڕوونە
سەعادەت وا لە بەزمی دۆستانا
نەهاتن ئیشی بۆ مومکین نەبوونە
بە مەقسوودم نەچەرخا دەفعەیێ چەرخ
بە تەنها هەر لەگەڵ مندا چەتوونە
لە باغی وەسڵی یارانا بەشی من
هەناسەی سەرد و خوێناوی دەروونە
موبارەک بێت ئەو دیدارە لێتان
کە بۆ دڵ جێگەی ئارام و سکوونە
بە خێر بێتۆ، بەخێر هاتوونەوە چون
سەعادەتتان یار و ڕەهنموونە
بەجێما «زاریتخلص» ئەم دەفعە لە یاران
شکا مینای و کووپەی سەرنگوونە