لە شەوقی قامەتی ئەو گوڵعوزارە
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
1 دقیقه
580 مشاهده
لە شەوقی قامەتی ئەو گوڵعوزارە
دڵم ئەمڕۆ بە سەد میحنەت دوچارە
چ لێقەوماو و بەدبەخت و پەرێشان
چ داماو و مەلوول و دەردەدارە
هەموو پەیکانی ئەندووهە نەوەک موو
ئەوی موویێ لە ئەعزاما دیارە
ئەوەندەم تیری غەم وا پێوە، جەستەم
وەکوو ژیشک سەراپا غەرقی خارە
لە غەم خاڵی نییە یەک لەحزە سینەم
بە شیوەن ئاوەدان و بێقەرارە
لە ماری زولفی بێ ڕەحمت بپرسی
ئەزانی چەندە دڵ زەخماری مارە
بە چاوی کاڵت ئەم چاوانە ئاوی
لە دووری تۆ وەکوو هەوری بەهارە
هەموو تاوانی چاوانی عەجوولە
لە سەر کاهی دڵ ئەم کۆهانە بارە
منی فەوتان و خۆشی خستە گێژاو
چ گێژاوێ؟ کە ناپەیدا کەنارە
وەرە ساقی بە جامێ بگرە دەستم
چ جام؟ ئەو جامە بۆ ئەم دەردە چارە
پەیاپەی تێکە لوتفێ کە، بە یادی
لەبی لەعل و دوو چاوی ئەو نیگارە
بە بێ هۆشی مەگەر ئەم ڕێگە تەی بێ
کە هۆشیاری هەموو گەردە و غوبارە
مەکە «زاریتخلص» لە بەزمی بادە مەنعم
لە سایەی بادەوە لەیلم، نەهارە