ئەم قسە خۆشە پێکەنین هێنە

از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 2 دقیقه  675 مشاهده
ئەم قسە خۆشە پێکەنین هێنە
لە منی هەرزەگۆ بسەلمێنە
گووزی لۆتی لە ئابڕووی بەعزێ
بە نرختر گەلێ بسەنجێنە
گووز ئەدا لۆتی و ئەسێنێ پووڵ
بانگ ئەکا دایە بگرە و بێنە
یەک بە حەوتە مەتای کووتاڵم
کەمترم ناوێ نرخ مەشکێنە
وەرە بازاڕی مێزەر و عابا
ئەهلی ڕیش و کەشیدە بدوێنە
ئابڕوویان ئەوندە هەرزانە
تمەنێ بەو هەزار بستێنە
ئەم خەسیسانە جیفە وەرئەگرن
لە بری گەوهەرێکی بێ وێنە
من ئەزانم حەرامە غەیبەتی کەس
یانی شەخسێ کە شەرت نەشکێنە
ئەمما ئینسانی ناکەس و دووڕوو
موستەحەقی هەزارها جوێنە
حەقمە هەرچی ئەڵێم و ئەم وتەمە
حەق نومایە میسالی ئاوێنە
حەزرەتی موستەتابی مامۆستا!
بە ڕیا عەیبە خوتبە مەخوێنە؟
مەسئەلەی پێشووانی دانایە
ئەم قسە دڵبەرە سەفاهێنە
تۆ لە ئیسڵاحدا کە ئیکسیری
کردەوەت بۆ تەڵا بڕووسقێنە؟
گۆشتی بۆگەن عەلاجی بە خوێیە
خوێی بۆگەن عەلاجی فەوتێنە
سۆفی بێ حاڵ و بێ پەڕ و باڵی
خۆ وەکوو ئەهلی حاڵ مەنوێنە
وەی بە حاڵی ئەوەی کە بێ حاڵە
بێ نیگەهبان دێتە ئەم شوێنە
کردەوەت ئابڕووی دینی برد
بە درۆ چاو کەم بقونجێنە
بتپەرەستی مەکە بە مایەی دین
پێشەوا کانی دین مەبوغزێنە
کاکە دێوانە، نوێژەکانت قەزا
بکوە، پرچ هەڵمەسووڕێنە
مامە دەروێش بەرد و دار مەخۆ
گەر موسوڵمانی فەڕز مەچوێنە
ئابڕووی تەریقەتت بە هەرا
برد و بێ دەنگ وە، کەم بقوولێنە
تێغ لە خۆدان و دڕوو هەڵلووشین
ئابڕوو بەر نە ئابڕوو سێنە
وەختی زیکری کەلیمەی تەوحید
ئەدەبت بێت هەڵمەتیزێنە
لەبری سەبر و ڕەزا تەسلیم
تۆوی بوغز و فەساد مەڕوێنە
ئابڕوو وا لە وەرع و تەقوادا
لەم دووە ڕووت هەڵمەچەرخێنە
حاجی ئاغا! بە فێڵ و سوێنی درۆ
ماڵی بێچارەکان مەڕفێنە
هیچ لەو دادگایە ناترسن
حەقی مەزڵووم لە زاڵم سێنە
بانگ ئەکەن بێرە پێشەوە فەرموو
کردەوەی خۆت گشت وەخوێنە
نەک بخوازی لەوێ بە خاک ئاوات
خۆ لە داوی گوناهـ دەربێنە
«زاریاتخلص» گەر گەرەکتە ڕاحەت بی
دێوی نەفس و هەوا بخنکێنە