هەرچەن پاڕامەوە لەو لەقلەقانە
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
2 دقیقه
710 مشاهده
لە برای خوشەویس و ڕەفیقی بەڕێز مەلا«حسین صاحبیشخص»م نووسیوە دوای لە یەکبڕان و جیابوونەوە. کە ئەو چووە بۆ بانەمکان و «زاری» لە «حەسەن سەلاران» ئەبێ. سەگێکیان ئەبێ ناوی ئەنێن خانم، لەقلەقیش هێلانەیان لە سەربانی حوجرەکەیان ئەبێ. «زاری»
هەرچەن پاڕامەوە لەو لەقلەقانە
نەیاندامێ پەڕێ ئەو ئەحمەقانە
خەجڵ ماوم نە ئەسپێ هەس، نە کەوشێ
بە پێخاوس مەگەر من بێمە بانە
چ عومرێکە کە دێت و ڕائەبوورێ
بەڵێ ماوم، وەلێ مانم نەمانە
لە دووری تۆ من و «خانم» شەو و ڕۆژ
قرووسکە و نووڕە دایم پیشەمانە
لە بەر قووڕەی ئەو و نووڕەی ئەمن شەو
کەڕاکەی «کاعەلی» هەم پڕ لە ژانە
بە گریانۆ وتم ئەی مامە لەقلەق
شەهەنشاهی هەموو تەیری زەمانە
دەمێکە بێ خەبەر ماوین ئێمە
لە حاڵی ئەو ڕەفیقە میهرەبانە
بە شاباڵت بدە ئادەی تەکانێ
لە باتی من هەواڵێکی بزانە
دەنووکێکی تەقان و هاتە سەر لاق
بە فیزێکۆ وتی مەحزی بەهانە
دەسم ناگا بچم، کابانەکەم چون
لە کڕدایە خەریکی هێلکەکانە
کە ئەو نامەردە دەستی نا لە ڕوومۆ
وتم ئەی «خانم» ئەی سپڵەی زەمانە
ئەتۆ ئازاتری بۆ ڕێگە ڕۆیین
بچۆ هەستە بە تەکلیفی مەزانە
وتی ئاخر بەڵەد نیم و بە تەنها
دەترسم گورگ بمخوا لەو چەمانە
وتم لاچۆ بەرەڵڵا تف لە یاریت
بە کاری چی دی هەر چاوت لە نانە
نەبوو بێنێ کەسێ بۆ تۆ پەیامێ
نە من هاتم، نە گەوجێ لەو دوانە
خەریکی شیوەنین ئێستاکە هەرسێ
سەدای ئەمن و تەقە و نووڕەی ئەوانە
موەففەق بیت و سەرکەوتوو هەمیشە
سڵامەت بی لە ئاسیبی زەمانە
گلە ناکەی یەقین ڕۆحی ڕەوانم
لە «زاریتخلص» خادەمی ئاسانەتانە