پەروازی خەیاڵ
از کتاب:
بەرهەمی خاوێن
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
2 دقیقه
871 مشاهده
کیژە جوانەکەی نزیک جوولەکان
شەو تەشریفی هات بۆ ماڵی خۆمان
وتی: لە دەستی دایکم هەڵاتووم
بە یادم کردی بۆ لای تۆ هاتووم
ئەمزانی لە ماڵ کە تاک و تەنیای
بۆ هاودەمێکی وەک من بە تەمای
ئەبمە هاودەمی خۆشی شەوگارت
ئەمشەو تا بەیان ئەبم بە یارت
سازی کە بەزمی شەرابی سادە
خەمت بە ماچ و بە بادە با دە
نۆشی کە پیاڵەی پڕکامەرانی
گوێ مەدە چوونی ڕۆژانی جوانی
لە ژینا هەڵت بو هەڵکەوتووە
لە دەستی مەدە هەتاکوو زووە
ئەمشەو لە باخی سینە و مەمی جوان
تۆ باخەوان بە تا دەمەو بەیان
ئەبەخشم بە تۆ گۆنا و لەش و لار
لەناو بەهەشتا ببە بە سەرکار
سینەی زیوین و مەمکی پڕتەقال
کوڵمی بلوور و لێوی جوان و ئاڵ
بەبێ پرس و باس ئەسپێرم بە تۆ
تاکۆ ڕۆژ هەڵدێ لە گۆشەی ئاسۆ
هەرچەندە زۆرە تەمەن و ساڵت
دڵم ئەسووتێ بەشێوەی حاڵت
لە دڵی خۆمدا پەیمانم داوە
لە باخی جوانیم بچیە سەفاوە
پۆشیبووی نیگار بەرگی گوڵناری
سوخمەی سەهۆڵی عەقدی مرواری
کوڵمی وەکوو ڕۆژ ئەدرەوشایەوە
لێوی وەک خونچە ئەگەشایەوە
وتم: ئەی یاری فریشتەشێوە
زۆر منەتبارم لە لوتفی ئێوە
ئێستاکە ئەمن وەها ئەزانم
لەناو بەهەشتا کە باخەوانم
لەگەڵ یەک حۆریی شیرین بە شادی
ئەنۆشم بادەی خۆشی ئازادی
شارەزای ڕێگەی شادی ژیانم
لەم هەست و نەستە زۆر باش ئەزانم
لە خۆشیدا بووم هەتا ڕۆژ هەڵات
گیانم گەیشتە ئەوپەڕی ئاوات
بۆم باس ناکرێ چۆنم ڕابوارد
چۆن دێوی غەمم بە دۆزەخ سپارد
فریشتەی شادی چۆن هاوڕازم بوو
بەجێهێنەری گشت نیازم بوو
لە هەموو ژینما هەر تاقە شەوێ
ئەستیرەی تالع ویستی دەرکەوێ
ئەمەش پێی ئەڵێن پەروازی خەیاڵ
لە ئاسمانی بێهەوری بەتاڵ..