دەمەتەقێ: وتم - وتی

از کتاب:
بەرهەمی خاوێن
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 2 دقیقه  783 مشاهده
شێخ پێی وتم درۆزنی
وتم: تۆ ناحەزی منی
قسەی ناحەز نرخی نییە
وەکوو خڵتەی سووتەمەنی
***
مەلا وتی: حەق بناسە
خەڵکی لە تۆ زۆر هەراسە
وتم: زۆر باشی ئەناسم
لادە تۆ لەم قسە و باسە
***
شاعیر وتی: کوا بەرهەمت
بۆ خۆشخوانی نییە غەمت
وتم: شیعر کفتە نییە
بۆ «شێو» بیخەمە بەردەمت
***
حاجی وتی بێرە دووکان
بۆم بنووسە حیسابەکان
وتم: حیسابی ناحیساب
نانووسرێ بە من قوربان
***
ئاغا وتی وەجاغزادەم
هەرچەندە بێفیز و سادەم
وتم: جیاوازیی پێ ناوی
گشت ئەچینەوە سەر ئادەم
***
خێزان وتی: پارە بێنە
بۆ شلێم و بۆ ترخێنە
وتم: گشتی با و بژەیە
بە با سکم مەئاوسێنە
***
کیژۆڵەکەم وتی: بابە
ئەو کڵاوەی سەرت لابە
وتم: سەرم ڕووتاوەیە
بە سەرما حاڵم خەراپە
***
سەرخۆش وتی: دڵم خۆشە
ماددەی ئێوە هەمووی بۆشە
وتم: وایە ئەمە بەڵام
شەڕ بەم عالەمە مەفرۆشە
***
کوێخا وتی: من سەرۆکم
هیچکەس ناگرێ بەرۆکم
وتم: ڕاستە ئەگەر وەهای
ڕامەچەنە من ئەکۆکم
***
بەربەر وتی: پیاوی باشم
من بە هەرزان سەر ئەتاشم
وتم: سەرمایەکەت ئاوە
مەفەرموو وەستا بەلاشم
***
کرێکاری هەژار وتی:
من ئەژیم زۆر بەسەخڵەتی
وتم: برام خوا گەورەیە
ڕزگارت کا لە نەگبەتی
***
ڕووی تێ کردم کاک تەقاویت
وتی: بۆچی لە من نادوویت؟
وتم: منیش هاودەردی تۆم
کە وا کوولەمەرگی ئەژیت
***
وەلی وتی: لەمەحشەرا
حەشر نابم لەگەڵ کەرا
وتم: نابمە هاودەمت
چونکە من وام لە سەقەرا
***
مەیخانەچی وتی: ئەمن
مەی ئەدەم بە ورد و مەزن
وتم: ئەگەر بێ پارە بێ
منیش ئەبم بە ڕمووزن
***
درۆزنیش وتی: ئەرێ
مانگ لە دەریا دێتە دەرێ
وتم: ئەمە کاری عەقڵە
حەل نابێ بە هەموو کەرێ
***
گیانم وتی: من دەرئەچم
بۆ دونیای بێخەبەر ئەچم
وتم: بڕۆ خوات لەگەڵ
وا پایزە و بەسەر ئەچم