مەیلی مەی

از کتاب:
چەپکێ گوڵ و خونچە
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  546 مشاهده
دەمی تۆ ماچ ئەکەم گەر مەیلی مەی کەم
پەریش ماچم بداتێ شەرتە نەیکەم
لەبەر تۆ هەرچی کاری چاک و پاکە
ئەگەر مەرگیش بەرەو پیرم بێ نەیکەم
لە دەنگی ناسکی تۆ شادە گیانم
ئیتر بۆچ یادی خۆشی دەنگی نەی کەم
سەرم قوربانی گیانی تۆیە قوربان
ئەگەر ئەم کارە نەیکەم ئێستە کەی کەم
خودا بێوەی بکا گیانی بەنەرخت
دەبا من هەر لە دووریی ئێوە وەی کەم
کە مەمکی پرتەقاڵی تۆم دی ئیتر
کوێراییم دابێ گەر من سەیری بەی کەم
بەهەشتی ژینی من گەر خوا بدا پێم
دەمێکە ماچی کوڵم و ئەو دەمەی کەم
بڵێی بمرە بەڵێ ئەمرم بەسەر چاو
گوناهە بۆ ژیان گەر های و هەی کەم
هەموو ڕۆژی لە ڕێبازی ژیانا
بیابانی خەفەت پێویستە تەی کەم