لە گێژاوی ژیاندا

از کتاب:
چەپکێ گوڵ و خونچە
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  247 مشاهده
لە کاتی تار و ڕووناکی بەیاندا
خەریک مابووم لە گێژاوی ژیاندا
لە ئاسۆدا کە دەرکەوتی وەکوو ڕۆژ
دڵم بۆ تۆپەرستن ڕۆحی هان دا
هەموو کەوتن بە ڕوودا پیر و لاوان
لە بازاڕ و شەقام و حەوش و باندا
کە تۆ پەیدا بی دنیا وەک بەهارە
لە گوڵزارا لە ڕۆژانی خەزاندا
گوناهە جوانیی تۆ تەشبیهی بکرێت
لەگەڵ گوڵنار و ئەرخەواندا
لەلای ئێمە کەساسی نەرخی تۆناس
نییە فەرقت لەگەڵ ڕۆحی ڕەواندا
سوپاسی گەورە بۆ یەزدانی مەزن
بە من ڕووی جوانی تۆی ئەمڕۆ نیشان دا