سەرم لێ شێوا
از کتاب:
چەپکێ گوڵ و خونچە
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
1 دقیقه
504 مشاهده
سەرم لێ شێوا لە کاتی شێوا
لەناو جەنگەڵی درنج و دێوا
سەرم لێ شێوا کە ناحەزم دی
لە بەینی داری هەنار و سێوا
سەرم لێ شێوا کە دیمی نیگار
زۆر لە حاڵێکی مات و پەشێوا
سەرم لێ شێوا لە دارستانا
ون بووم لە نێوان دالیتی مێوا
سەرم لێ شێوا کە بزووتمەوە
لەگەڵ نامەرد و هار و بزێوا
سەرم لێ شێوا لە نیوەی شەوا
وەک شێت شەقامی شارم ئەپێوا
سەرم لێ شێوا منی بەسزمان
ڕاهاتم لەتەک تانە و جنێوا
سەرم لێ شێوا کە وا ئەمبینی
بوومە دێوانە لە هەردە و کێوا
سەرم لێ شێوا وەکوو کەڕ و لاڵ
وتارم نەما لە دەم و لێوا
سەرم لێ شێوا حەقم لە دەس چوو
بە نەفام دەرچوو ناوم لە نێوا
سەرم لێ شێوا لە چۆڵی ژینا
ئەڕۆم بە چەم و دۆڵ و نشێوا