پرس و وەڵام
از کتاب:
چەپکێ گوڵ و خونچە
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
1 دقیقه
539 مشاهده
گوڵی باخی سەعادەت کێ ڕواندی؟
دەمی شیری شەقاوەت کێ سواندی؟
مەگەر بەفری کەژی خەم کێ تواندی؟
دەسی دێوی فەلاکەت کێ شکاندی؟
هەموو ئەو یارە بوو بەم کارە هەستا
کە وا یەزدان بە واتەی خۆی دواندی
هەموو تۆماری تاوانی هەژاران
بە پەنجە و دەستی جوانی خۆی دڕاندی
ئەوەی ماندووی خەراباتی ستەم بوو
لە باغی کامەرانیدا حەساندی
سەری بەرز و بڵندی خوانەناسان
بە هێزی بازوو وەک گۆچان چەماندی
ئەوەی ئێمە لە دەستی ڕەنجەڕۆ بووین
لەژێر باری غەم و هەمدا پساندی
نیگارم مەستی بادەی عەشقی ژینە
نەوەک مەستە بە ویسکیی دیا براندی
وەکوو ئەم یارە دڵدارە بەنرخە
لە عالەمدا ئەمانبیست و ئەماندی
بەڵێ پێویستە وا بێ یاری دڵسۆز
کە بەم کردارە چاکانەی نواندی