نایەڵن بڵێین

از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
 1 دقیقه  810 مشاهده
لە کتێبی «من شعر ناظم حكمتعربی» وەرگیراوە
دەممان ئەگرن لە گۆرانی، ئەی ڕۆپسن!
ئەی بولبولم، ئەی بولبولی هەڵۆباڵ،
ئەی برای ڕەش، خاوەن دانی مرواری،
لێ ناگەڕێن گەروو پڕ کەین لە وتن،
ترسیان زۆرە وەک ئەیزانی، ئەی ڕۆپسن!
لە بەربەیان ئەترسن و لە بیستن
لە بینین و لە لێ کەوتن ئەترسن!
ئەترسن، ئای ئەترسن لە خۆش ویستن
ئەترسن وەک فەرهاد پەیمان ببەستن،
«ئەشێ ئێوەش فەرهادێکی خۆتان بێ،
براکانی زەنگیم، وا نییە ڕۆپسن؟»
لە دەنک و لە تۆو و گڵ ئەترسن
لە گشت شتێک، لە خوڕەی ئاو، ئەترسن!
چونکە دەستیان نەگوشراوە ئەمانە
لە دەستێکی دۆستا، وەک چۆلەکەی گەرم،
بێ نیازی کرێ، تەنزیل، یا خود مۆڵەت،
لە ئاواتمان دائەچڵەکن، ئەی ڕۆپسن!
لە ئامانج و لە هیوامان ئەترسن
لە گۆرانیی سەر زمانمان، ئەی ڕۆپسن،
ئەی بولبولی هەڵۆباڵم، ئەترسن!