ئەی لاوی کورد
از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
2 دقیقه
2086 مشاهده
ئەی لاوی کورد! کوڕی ئازا:
دانانەوێنێ بۆ قەزا:
بۆ زوڵم و زۆر، ملی ڕەزا!
نە بە نیاز، نە بە نزا.
نیشتمانت ڕزگار ئەبێ،
کۆمەڵت بەختیار ئەبێ!
هێز پێویستە بۆ حەق سەندن:
هێزی پێکهاتووی یەکگرتن
هێزی باوەڕ، هێزی وتن
هێزی کردن، ورەی دوشمن
هەر هێز بنچینەی دەردێنێ
قەڵای سەختی ئەلەرزێنێ!
ڕێگای ئامانج با سامدار بێ
با پڕ لە ترس و ئازار بێ
دڵسۆز ڕابەر، هێز ڕێبوار بێ
کۆمەڵ یەک گیان، یەک بڕیار بێ:
کاروانی چۆن پێش ناکەوێ؟
دوشمن لە بەریا ناڕەوێ؟
ئەی لاوی کورد، ئەی ڕۆڵەی ژیر
ئەی نیشتمان دیلی زنجیر
ئەی کۆمەڵ یەک چینی فەقیر
نابێ هەرگیز دەرکەی لە بیر:
ئەو ئیستیعمارە خوێن مژە
کە کوردکوژە، هەژارکوژە!
ئەو ئەژدیها ژارپژێنە،
پاروو لە ناودەم فڕێنە
ڕەنجدەر لە برسا مرێنە
وەک پڵنگ شڕ کە، بدڕێنە!
با کوردستان سەرفراز بێ
بەهەشتی نیعمەت و ناز بێ!
ئەی لاوی کورد! پڵنگی لان!
کوڕانە باز دەرە مەیدان؛
حەق بسێنە بە ڕەنجی شان
بۆ گشت هەژار، بۆ گشت ئینسان!
لە کێ؟ یەکەم لە ئیستیعمار
ئەمجا داگیرکەر و زۆردار!