نەورۆز ئەکەم

از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
 2 دقیقه  1312 مشاهده
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!
نەورۆزێکی بەسۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!
نەورۆزی من بەهارییە،
زەردەخەنەی ڕووی سروشتە؛
لە دەشتی ڕەنگین دیارییە:
هەر هیی من نا، جەژنی گشتە:
ڕۆژی ژیانەوەی گەلە،
هیی گژ و گیایە، هی مەلە!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!
نەورۆزێکی بەسۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!
بەفری چیا کشایەوە،
سەرمای زۆردار سوپای شکا؛
هێزی ژیان بە دوایەوە
ئەڕوا و گەڵا و گیا سەوز ئەکا؛
دەست لە پشتی گیاندار ئەسوێ
ئەیخاتەوە سک و زای نوێ!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!
نەورۆزێکی بەسۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!
بولبول ئەڵێ: ئاواتی گوڵ
لەم جەژنەوە بۆم دێتە دی
هەنگی لە ناو کونا خجڵ،
لەم ڕۆژەوە ڕێی ئازادی
ئەگرێتەوە بەر بۆ مژین:
لە دەمی گوڵ شیلەی هەنگوین!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!
نەورۆزێکی بە سۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!
کۆنەپەرست لێم ناگرێ:
ڕێی وریاییی نیشتمانی،
کێ ئەتوانێ: بگرێ لە زێ
ڕێی هەڵسان، کاتی هەڵسانی؟
یا تەنانەت بەری گەشە
بگرێ لە چڵی وەنەوشە؟
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!
نەورۆزێکی بە سۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!
کۆنەپەرستی چاوقووچاو!
لە جەژنی گەل بۆ ئەترسی؟
لە گەل دزی کۆشک و دراو!
بۆ ناتەوێ جەژنی برسی؟
بۆ ناتەوێ گیانی چڵکن!
جەژنی پاکی نەورۆزی من؟
نەورۆز ئەکەم! نەورۆز ئەکەم!
نەورۆزێکی بەسۆز ئەکەم،
جەژنی گەلی پیرۆز ئەکەم؛
وەک کوردێکی دڵسۆز ئەکەم:
ئاهەنگی نەورۆز تۆز ئەکەم!
نەورۆز ئەکەم! نەرۆز ئەکەم!