ئادەمیزاد وەکوو گوڵاڵەیە

از کتاب:
باخچەی کوردستان
اثر:
قانع (1898-1965)
 1 دقیقه  648 مشاهده
بازێ گوڵ بێ بۆ بەڵام جوانە
تەماشا ئەکەیت پڕ چنگێ پانە
ئەو گوڵە چوونکە هیچ عەتری نییە
هیچکەس نایەوێ فائیدەی چییە؟
مەگەر مناڵێ بێ عەقڵ و کاس بێ
هەر تا سیس ئەبێ بەلایۆ خاس بێ
بەڵام هەر گوڵێ خاوەنی بۆنە
خاوەن حورمەتە تازە یا کۆنە
هەتا تازەیە گوڵی مەجلیسە
ئەکرێ بە گوڵاو وەختێ کە سیسە
وەختی عەتر ئەدەی لە سەر و لە دڵ
هەزار ڕەحمەتیش ئەنێرێ بۆ گوڵ
پیاوی واش هەیە خاوەن جەماڵە
ئەمما حەیف، سەد حەیف زۆر بێ کەماڵە
هیچ کەس نایەوێ بەخێری مردوو
مەگەر نەزانێ، عەقڵ نەگرتوو
زۆری واش هەیە کە ناشیرینە
بەڵام لە فکرا عەقڵی تەئمینە
ئەوە واجبە سەری بۆ دانێی
ڕۆحت دەربێنی بیخەیتە بەر پێی
چوون ڕۆژێ ئەبێ بە عەقڵ و ئەرکان
نەجاتت بدا لە گێژی تۆفان
بەڵام لە کوردا ئەم بیرە نییە
ئیتر نووسینی فائیدەی چییە؟