ژنی بەد لە لادێ
از کتاب:
باخچەی کوردستان
اثر:
قانع (1898-1965)
3 دقیقه
979 مشاهده
ژنی بەد مەعلووم غەزەبی خوایە
هەر کەسێ ژیر بێ ئەزانێ وایە
بە سێ ڕۆژ چاکی و خراپی ژنان
ڕوون ئەبێتەوە بۆ دەستەی پیاوان
ئاخ بۆ ئەو پیاوە خێرا هەڵبستێ
تەڵاقی بدا و هیچ لێی نەوەستێ
نەک زکی پڕ بێ و بچێتە ملی
هەتاکوو مردن ببێ بە جلی
کەمێ لە وەسفی ژنی بێکارە
بۆ کوردی هەژار دێنمە ژمارە
بەشەوی تاریک بە هەزار ئەحواڵ
مێردی لە مزگەوت ڕوو ئەکاتە ماڵ
ئەڕوانێ درگای حەوشەی کراوە
کەل و پەلی ماڵ لە حەوش پژاوە
مانگا و کەر وگا، پشیلە و بزن
سووڕی ماڵ ئەدەن هەر یەک بۆ خواردن
تەشتە نانەکە بەبێ لەتێ نان
سەرە و لێژ بووە لە گوێی ئاگردان
ئاگر هەر دووکەڵ چرا کوژراوە
لەناو ئاگردان قۆری ڕژاوە
گۆزە ئاو شکاو ناوماڵ پڕ لە خۆڵ
کەیبانوو خەوتوو، هۆدە چۆڵ و هۆڵ
هاڕە هاڕی زل دێتە بەری گوێی
هەروەک بە مشار لەوحێ دوولەت کەی
تەماشا ئەکا کەیزانووی ماڵە
ئەوەندەی خواردوە حاڵی بێ حاڵە
بانگی لێ ئەکا ئافرەت هەی ئافرەت
هەڵی ئەسێنێ بەهەزار زەحمەت
هەڵی ئەسێنێ بەچار و ناچار
کە ژن هەڵ ئەسێ لێی دێتە گوفتار
هەی ماڵت شێوێ بۆ تەق و ڕەوە
هەڵم ئەسێنی بەم نیوە شەوە؟
ئەوە بەڕەکە لەژێرتا ڕایخە
ئەوە مەوجەکە بەخۆیتا دە
قورئان بەحەققت مانگێ تەواوە
بەشەو نەنووستووم بەنم باداوە
هێشتا ئەم پیاوە نامنەت بارە
تۆخوا چۆن ئەژیم لەگەڵ ئەم کارە
شەرت بێ حاشا کەم دانەنیشم لات
شۆرەت بەدناویت بخەمە وڵات
مێرد:
ئافرەت ئەم هەموو بەننتە بۆ چییە؟
من بۆ ئەڕوانم هیچ دیار نییە؟
نە ساحێب مەڕم، نە خوری سێنم
تاڵی بەن بێنە خۆم ئەخنکێنم!
ئەم هەموو بەنە کەوا بای ئەدەی
نازانم لە کوێ تۆ پەیای ئەکەی؟
بەنی تۆ وەکوو پڵاوی خانەقا
ناوی بێ لاشەس لە هەموو دنیا
وەختێ خەرمانان تۆ ئەمکەی بە پەن
ماڵ و ماڵ ئەڕۆی بۆ هەودایی بەن
ژن:
خۆزگە بە باوک و باپیرت نەبێ
ئەی ئەوە چە بوو کێشاتە دەرپێ؟
بەنە خوێنەکەت بە میرات کەوێ
هێشتا نایەڵێ تێر بنووم شەوێ
من لە ماڵ باوکم بە تەنها سێ ساڵ
گوریسێکم ڕست درێژی دوو باڵ
بە بەنەخوێنێک منەت نەزانی
چی ئەکەی بیکە هەرچی ئەتوانی
قانع:
ئەی برادەران ئامان سەد ئامان
خۆتان پارێزن لە دەستەی ژنان
ئەوا گیر بخۆن ئێوەش وەکوو من
گاڵتەتان پێکەن گشت دۆس و دوژمن
قانعتخلص بێدەنگ بە با دایکی خەنجەر
تووڕە نەبێ لێت دەرتکاتە دەر!