قانع و کێوی ئەڵوەند
از کتاب:
باخچەی کوردستان
اثر:
قانع (1898-1965)
2 دقیقه
1004 مشاهده
پرسیم لە ئەڵوەند ئەی بەرزە دەماخ
سەرگەورەی کێوان خاوەن شاخ و داخ
چی گەیانتی بەم پایە جوانە
ناوت مەشهووری هەموو کێوانە
جوابی دامەوە کێوی باڵا بەرز
کێوی ڕەنگاوڕەنگ گوڵ بە هەزار تەرز
قانعتخلص ئەرچی زۆر بڵند باڵام
تەماشام ئەکەی بە ئاڵ و واڵام
قەڵبەزەی ئاوم سپی وەک کافوور
باخچەی لاچەبکم سەوزە و زەردە و سوور
بەرکەمەرانم لە ژێر یاسی زەرد
بەڕەزام پەخشە لە ڕووی تاشی بەرد
قەتارەی شەهین ڕیزی بڵاڵووک
چڕەی دارسانم گەورە تا بچووک
بەم شەوکەتەوە کەوا دیارم
بۆ هەموو کێوێ وەک خزمەتکارم
ئەزانم بۆیە بەرز و دیارم
دراوسێ کێوی نزمی هەژارم
دەور و پشتەکەم زۆر نزم و چاڵن
لە ژێر پێی عاما گەلێک بێ حاڵن
نزمی ئەوانە منی بەرز کردەوە
منی بۆ هاوشان کەیوان بردەوە
من کە بەبۆنەی ئەوان و دیارم
بۆ نزمی ئەوان زۆر بێ قەرارم
من هیچ فیز ناکەم کە بڵێم: خوا
جیای کردوومەوە بەتاقی تەنیا
ئەو لات و لووتکە هاوماڵ منن
پیس و چەپەڵ و پەست و چڵکنن
لە کزی ئەوان من زۆر کزترم
بۆ دەسگرتنیان دائم حازرم
پاچێکیان لێدەن لە جەرگی منە
بۆ پەشێوییان جەرگم کون کونە
کاتێ پێم ئەڵێن سەرگەورەی کێوان
بیانپارێزم لەدەسی دێوان
کە ئەوان نەمان منیش نامێنم
هیچم بۆ ناکرێ خۆیشم بخنکێنم