ماڵبەشکردن لەگەڵ براکەم
از کتاب:
باخچەی کوردستان
اثر:
قانع (1898-1965)
2 دقیقه
2069 مشاهده
برا! وا باوکمان ڕۆیی بە ڕەحمەت
چاک نەجاتی بوو لە دەرد و زەحمەت
باوک بۆ هیچ کەس نامێنێ تا سەر
کوڕ ئەو کوڕەیە لە کڵ بێتە دەر
مەسەلەی مەشوور: برامان برایی
بەڵام بەو شەرتە کیسەمان جیایی
ماڵەکە بەش کەین بێ مەلا و قازی
یەک لە یەکتری چاک ببین ڕازی
ئەو هێسرە شێتەی جووتە وەشێنە
دابنێ بۆ من هیچ دامەمێنە
ئەو پشیلە جوانەی پڕ خەت و خاڵە
چش با بۆ تۆ بێ، ڕەونەقی ماڵە
ئەو جووتە مانگای زل و زۆر خۆرە
کە یەکێ شینە و یەکێکیان بۆرە،
بۆ من... دوو مریشک لاری و هێلکەکەر
دابنێ بۆ خۆت، بە بێ دەردی سەر
ئەو ماینە پیرەی زین هەڵچراوە
مەرحوومی باوکم بۆ منی داناوە
بەشی تۆ لە سەر ئەم ماینە نییە!
باوکم فەرموویە خەتای من چییە؟
مس و مەسینەی لە ژەنگا پواو
دای بنێ بۆ من، لە ساغ و شکاو
کیتەڵە و گۆزە، دیزە و دەرخۆنە
هەمووی بۆ تۆ بێ لە تازە و کۆنە
قەت پارە نادەی بۆ سپی کردن
مسگەر ناناسی تا ڕۆژی مردن
زرنگەی مەنجەل و زەحمەتی سینی
لە خوام گەرەکە، تۆ قەت نەیبینی
ئەو ئاوە ساردە، لە ئەو جەوەنە
دایبنێ بۆ خۆت، هەر پێی پێکەنە
ئەو هیزە ڕۆنەی کوڵک و موودارە
دابنێ بۆ من، چارم ناچارە؟
لە دەرگای حەوشە تاوەکوو سەر بان
دابنێ بۆ من سەر پاک هۆدەکان
ئەمما لە سەر بان هەتا ئاسمان
هەمووی بۆ تۆ بێ، بێ کەسری و نوقسان
هەردووکیان بۆ من، گا سوور و گا ڕەش
دوو سەگمان هەیە بۆ تۆ لەجێی بەش
نە کای بۆ بێنە، نە جێی بماڵە
هیچ ئەرکیان نییە، ئەو دوو گەماڵە
شەو تا بەیانی بە جووت ئەوەڕن
حەلەلیان لێ ئەکەی، سک پیاو ئەدڕن
برا وا ماڵمان تەواوی بەش کرد
هەموو بە زیاد و بەشی خۆتت برد
ئەلحەمدوولیللا بەبێ دڵیەشان
جیا بووینۆ لە یەک، بە سەهل و ئاسان
هەرچەن مەغدوور بووم، بەشی تۆ زۆرە
لە بەر تانەی عام، ڕازیم بەم جۆرە
با خەڵقی نەڵێن: بڕوانە حاڵی
تەماعی کردە برای مناڵی!