پێنج خشتەکی قانع لەسەر شێعری کوردێک

از کتاب:
گوڵاڵەی مەریوان
اثر:
قانع (1898-1965)
 2 دقیقه  1397 مشاهده
هەوای سەر شاخ و کوێستانم پزیشکی دەرد و عیللەتمە
خوا ئاوا بێ ئەم خاکە کە مایەی ژین و سیحەتمە
دە ڕەببی کوێری کەی هەر کەس لەسەر فەوتانی جەننەتمە
نیشانەی تیری زیللەت بێ ئەوەی بەدخواهی میللەتمە
دە غەرقی گێژی نەگبەت بێ ئەوی دوژمن سەعادەتمە
بەدەستی خۆم نییە وەڵڵا لە دیوانی خوا کوردم
لەناو شێخ و بەگ و میر و مەلا و شاهـ و گەدا کوردم
تەماشای جەوهەری من کەی ئەزانی ئاشکرا کوردم
بە کوردی بووم و خولقاوم هەتا ڕۆژی جەزا کوردم
لەسەر ئەم بیرمە ژینم ژیانێکی حەقیقەتمە
فیدات بم کوردە بۆ خاکت چ بێ عەیبە و چەنێ دڵگیر
ئەگەر خاکت نەسووتێنن بەناری حیلە و تەزویر
بەهەشتێکە کە ئیحتیاجی نییە هەرگیز بە جۆگەی شیر
وەتەن زۆر خۆشە قەدری بێ نەهایەت نایەتە تەقدیر
لەلای عالەم کە دۆزەخ بێ بڵندتر سەد لە جەننەتمە
تەماشای پیرەمەگروونمکان کە دەماخی چەندە سەربەرزە
لە باخانی تەبیعەتدا گوڵاڵەی سەد هەزار تەرزە
تەماشای ئایەتی خوا کەن لە ئەوسافی وەتەن ڕەمزە
بە بورهانی کەلامی حەق بە دڵ حوببی وەتەن فەرزە
کەسێ مونکیر بێ بەم قەوڵە نەزانینی لەسەر خەتمە
وەتەن دێوانەکەی خۆتم بەڵا گەردانی بەر پێتم
ئەگەر بێتوو قبوڵم کەی بەدڵ سەربازی سەر ڕێتم
جگەر سووتاوی لاوانی بەبێ ماڵ و بەبێ جێتم
لە باخی عیشقی میللەتدا فیداکاری نەکەم شێتم
فیداکاری لەسەر ڕێی هێرشی سەیلی موحەببەتمە
چ خۆشە زەحمەتی زۆر زۆر لەپاشان ڕەحمەتی تیا بێ
چ شیرینە دەوای تاڵی بەشەرتێ سیححەتی تیا بێ
نەبوونی خۆم و ئەولادم قبووڵە عیزەتی تیا بێ
بە ڕۆحکێشانی خۆم ڕازیم ڕوفاهی میللەتی تیا بێ
بەبێ ژینی وەتەن ژینم ژیانێکی مەزەللەتمە
خوا بۆ خاتری جەمعی وەتەن خواهانی دڵ پاکان
بەخوێنی ناحەقی کوژراوی ئەشکەوتان و بن بەردان
بە حەقی حەزرەتی پێغەمبەر و سی جزمەیی قورئان
بژی کورد و بمێنێ تا قیامەت خاکی کوردستان
بە عەونی ئەو خوایە خالقی فکر و تەبیعەتمە