ئەم قەڕنە
از کتاب:
چوارباخی پێنجوێن
اثر:
قانع (1898-1965)
2 دقیقه
807 مشاهده
ئەم قەڕنە کە وا خەڵقی ئەڵێن قەڕنی ژیانە
دەورەی هونەر و یەکیەتی و بەرزیی گەلانە
زانین لە بروزدایە، نەزانین لە نەمانە
گۆیا بە درۆ ڕۆژی سەفا و سەیری جیهانە
وەڵڵاهی دەڵێم ڕۆژی خەم و دەردی گرانە
بڕوانە یەکێ مەستی مەی و ماتی خومارە
هێندێکیش ئەڵێی خیڵقەتەکەی مێچی قومارە
هێندێ بە قەزاگێڕی سەری فلس و دینارە
هێندێ بە ڕەزاڵەت لە هەموو گیتی دیارە
هێندێکیش ئەڵێی جۆکەری دەورانی زەمانە
سەیری کە یەکێ مەیلی لەسەر گایینی نێرە
یەک یەک بە پڕوپیرەژنی بێکەسە فێرە
یەک برسی و داماوە، یەکێ پۆشتە و تێرە
یەک دەوڵەمەنی گوونەکەری بێ دڵ و خێرە
ئەم جامیعە سەد ڕەنگە دەڵێی کانیی ژنانە
ئوستادی ئەدەب خۆی بە ئەبەد مەستی شەرابە
بۆ پۆکەر و بۆ دانس، دڵ و جەرگی کەبابە
بۆ هووشە و فیشاڵ عەجەب عالی جەنابە
شێخ و بەگ و میران و مەلا پاکی خرابە
دەک دەستی غەزەب هەڵگرێ ئەم دەور و دووکانە
کوڕ بابی دەسووتێنێ لەبۆ تاکە قەرانێ
بابیش کوڕی خۆی سەر ئەبڕێ بۆ لەتە نانێ
ئاغا وەکوو شێرە لەبۆ تاڵانی شوانێ
زانا بە دووسەد حیلە ئەفەوتێنێ نەزانێ
هەی خۆت وەکوو خۆت چەرخی ستەمکاری زەمانە
ئەو جێ کە بە قانوونی ئەدەب شوێنی پیاوە
جێگەی هونەر و فەلسەفە و عیلمی تەواوە
بڕوانە چلۆن ئێستە وەها زەنگی زڕاوە
مەیخانەیی مەخسووسە لە هەر جێیە کراوە
لەو جێگە چ هەرزانە شەرەف، بیرە گرانە