جوتیار و گاجوتەکەی
از کتاب:
چوارباخی پێنجوێن
اثر:
قانع (1898-1965)
2 دقیقه
744 مشاهده
گا ڕەش نووری بیناییم
ئەی کۆمەکی تەنیاییم
چاوی ڕوونی ژیانم
دەس مایەیی بەرگ و نانم
پشتیوانی مناڵم
هێزی دەماری باڵم
ڕاگیرکەری خێزانی
ڕووسووری لای میوانی
فەخری مزگەوت و ماڵم
مەکینەی کشت و کاڵم
گاڕەش وا سەری ساڵە
وادەی نانی مناڵە
کام مێرگی پڕ لە زەلە؟
دەری بێنیین بۆ خەلە
بە چنگ بە پاچ بە گاسن
هەڵی کەنین هەتا بن
بەڵکوو وەکوو پار ئەژین
ئەمساڵ لەپار چاتر بین
بۆ تۆ بۆ من ئەی گاجووت
ڕائەبوێرین برسی و ڕووت
نە من پیر و نە تۆ پیر
بۆ تۆ لات و من زویر
لە تۆ سەرم سووڕماوە
چییە وا لێت قەوماوە؟
نە تۆ ئەوێسی نە من
لەبەر چاو دۆس و دوژمن
کەچی هیچ دیار نییە
چییە ئەم سیحرە چییە؟
***
وەرامی گاجوت
مام سمایل جووتیارم
ڕەفێقی کۆهسارم
تۆ شت زۆر پەیدا ئەکەی
بە هیچ لەناوی ئەبەی
با وەجوود خەتات نییە
دەستەڵاتی تۆ چییە؟
نەک تۆ بەڵکوو هەموو کەس
شتی زۆرتر دێتە دەس
بەڵام ئەرکی گرانە
ئەمەش خەتای زەمانە
لایە شەکر لایە چا
بەشی شێخ بەشی مەلا
تاپۆی ئاغا حەقی شوان
شەرتی خادم و گاوان
موچەی گزیر و سەرکار
بەشی قۆڵچی قەراخ شار
خۆ دایەرەی....متن نامشخص ک
گسکی لێ ئەدا سەرپاک
کاتێ پۆلیس دێتە دێ
ئیشێ بکا جێبەجێ
سەد ساڵ بڵێی جۆ نییە
نابیسێ، سوودی چییە؟
کە بانگ ئەکا های ترێ
مناڵ وەختە بۆی بمرێ
بەش سەلەمی پارەدار
کە ئەیکەی هەوەڵ بەهار
ڕاتۆی فەقێ و شەل و کوێر
نانی میوانی بێ خێر
هەرچی لەمانە زیادە
بەدەس دزۆ بەربادە
وایە ژیانی ساڵت
بۆیە ڕووتە مناڵت
ئەو ڕەنجە کە من ئەیدەم
ئەوی من پەیدای ئەکەم
ئەگەر گشتی بۆخۆت بێ
ئیشت ئەکا جێبەجێ