ژنی دوو مێردە
از کتاب:
چوارباخی پێنجوێن
اثر:
قانع (1898-1965)
1 دقیقه
893 مشاهده
شاوەیس و باوەیس شەریکی ژن بوون
جێگەی پێکەنین دۆس و دوژمن بوون
خاتوون کە ژنی هەردوولایان بوو
بۆ خزمەتکردن کەوتە هاتووچوو
ئەگەرچی خاتوون چوست و چالاک بوو
بە شەو و بە ڕۆژ دڵی خەمناک بوو
چوون تەبیعەتیان لەیەک جیا بوو
ئەمیان بێ حەیا ئەو بەحەیا بوو
ئەم بێ خوێی ئەویست، ئەویان سوێری ئەخوارد
ئەم جێگەی ئەویست ئەو بۆ ئاوی ئەنارد
ئەمیان ئارەزووی باخەڵی ئەکرد
ئەویان زۆ وەچی تووتنی ئەبرد
تا ئاخری خاتوون گەیی بە گیانی
هاتەوە سەرخۆ هۆش و سامانی
وتی بە باوەیس هەی کۆستت کەوێ
پرسیارم هەیە وەرامم ئەوێ؟
ئەگەر تۆ مێردی شاوەیس بۆ چییە؟
شاوەیس مێردم بێ تۆ جێگەت نییە
وەرامی داوە نازانی من کێم؟
من کوێخا باوەیس هەم نێر و هەم مێم
بۆ شاوەیس ژنم، لەچاو تۆ پیاوم
پیاوێکی تەواو خاوەنی ناوم
نەتبیستووە دنیا کە خلەی ئەگا
خلەیش هەڵئەسا مام بلەی ئەگا
گوێ مەدە بە فێڵ بووە تا بووە
ئەم ئیشە خێرە هەر ئیشی زووە