مازوو چنین لە لادێ
از کتاب:
چوارباخی پێنجوێن
اثر:
قانع (1898-1965)
4 دقیقه
1191 مشاهده
ژینی لادێ سەیرانە
گەرچی تۆزێ گرانە
ڕۆژی نەورۆز ئەوەڵ ساڵ
دەکەونە ئیش کوڕ و کاڵ
یا جووت یا جۆگە هێنان
بۆ ئاو داشتن دەغڵ و دان
یا دار بڕینی شاخە
یاخۆ پەرژینی باخە
یا نوتنە یا درەو
ناوەستن بە ڕۆژ و شەو
یا گێرە یا شەن کردن
هەڵمەت بۆ فەرمان بردن
فەرقی نییە نێر و مێ
هەرچی دانیشتووە لە دێ
هەموو خەریک فرمانن
بەدەس هێنانی نانن
تا تەواو ئەبێ هاوین
تێ ئەکۆشن زۆر بە تین
بەینێ لەویا بەتاڵن
خەریکی ئیشی ماڵن
تیرەک لێدان، گڵەبان
کۆڵان گرتن بە تەیمان
کە ئیش ڕووی کردە تەواو
کۆ ئەبنۆ لە حەوز و ئاو
چەن داری بی لای مزگەوت
هەندێ ڕاس و هەندێ چەوت
بۆ سێبەر نێژڕاوە
سەکۆی لە بن کراوە
ئەهلی دێ کە زۆر و کەم
لەسەر سەکۆ ئەبن جەم
تاوێ شەڕە ئاو پرژێن
بەگاڵتەوە شەڕە جوێن
تاوێ باسی ژن هێنان
تاوێ تاریف دەغڵ و دان
دوو سێ ڕۆژی بەمجۆرە
بە گۆرانی و بە هۆرە
ڕائەبوێرن بە شادی
گاگا بیری ئازادی
گا تەکبیری جووتیاری
گاگا خەمی هەژاری
پیران بە سەبیل کێشان
باسی سۆفی و دەروێشان
باسی ژینی ناڕەحەت
باسی قەبر و قیامەت
مام خوا کەرەم دنیا دیو
بانگ ئەکا هەتیو مەتیو
بۆچی هێندە مناڵن؟
هەتاکوو کەی لە ماڵن؟
بەراوردم تەواوە
تەقەی مازوو شکاوە
کێتان کوڕی مەیدانە
یاڵڵا مازوو چنانە
لەویا دەسەی کوڕ و کاڵ
ڕائەکەنۆ ڕووەو ماڵ
بانگ ئەکەن لە یەکتری
بۆچی خۆت ڕائەگری؟
خۆت گورجۆ کە دەس و برد
مام خواکەرەم بانگی کرد
ئەوە کەوشی دڕاوە
لە ماڵا توڕی داوە
ئەگەڕێ، ئەیدۆزێتۆ
بەبەنێ ئەیدوورێتۆ
ئاوایی ئەیکەن بە قاو
قیڕەی مناڵ دەنگی پیاو
ئەوەی کە مازوو چن بێ
پیاو بێ وەیا خۆ ژن بێ
چارەکەی کۆڵی دایکی
یا کراسە کۆنەی باوکی
ئەگەن بە چارەکەی نان
ئەوسا هەڵ ئەگرن گۆچان
ئەوەڵ ڕۆژ و ئاخر شەو
پۆل ئەبەسن وەکوو کەو
لەناو شەخسی پەنا ماڵ
هەر لە گەورە تا مناڵ
لە ڕێی یەک ڕائەوەسن
هەموو کۆمەڵ ئەبەسن
ئەمجا ئەدەن بەهەردا
بە شاخ و داخ و زەردا
یەکێ دەوەن یەکێ دار
یا لەبەر ڕۆژ یا نزار
یەکێ ئەچێتە سەر دار
یەکێ لە دار دێتە خوار
یەکێ بۆ دار ڕائەکا
یەکێ باخەڵ دائەکا
جار جارێ ئەقوولێنن
دورا و دوور یەک ئەدوێنن
قوولە و گۆرانی و هۆرە
لێیان ئەبێ بە نۆرە
کە ڕۆژ گەیشتە چێشتنگاو
دەس ئەکەن بە قیڕە و قاو
دێنە خوار لە گشت لاوە
ئەڵێن کاتی سەر ئاوە
پۆل پۆل ڕیزە ئەبەسن
تا سەر ڕاناوەسن
لەویا هەتا نیو سەعات
نان ئەخۆن بێدەنگ و مات
ئەمجا یەکێ هەڵەدەو
تێئەچریکێنێ وەک کەو
کڵاوی لار دائەنێ
بە دنیا پێئەکەنێ
ئەڵێ بۆ ئاخری ئەمرن
هەتیو هەستن دەس بگرن
ئاوازی لێ هەڵ ئەبڕێ
ڕۆحی عاشقان ئەبڕێ
لەویا گشت ڕائەپەڕن
لە جێیەکا دەس ئەگرن
تەقلە چڵکن ڕانک شڕ
لەویا ئەیکەن بە سمڕ
یەک گەنجێکی باڵا جوان
سەرچۆپی ئەگرێ بۆیان
دەسە سڕی ئاڵ بە دەس
هەڵ ئەسووڕێنێ سەرمەس
نە زیاد ئەڕۆن و نەکەم
هەڵ ئەپەڕن بەبێ خەم
کچیش هەموو لەولاوە
بەڕیزە ڕێک وەستاوە
کراس مۆر و سوخمە زەرد
کەوای ئاڵ ڕوومەت بێگەرد
هەر یەک دڵی لە لایە
بۆ خۆی خەریک سەودایە
جار جارێ گۆرانیبێژ
گەنم ڕەنگێکی درێژ
سەری وەرئەچەرخێنێ
ڕیزی کچان ئەدوێنێ
دڵی هەر لە لا یارە تەواوە
تەواو بێ ئیختییارە
سەر چۆپی کێش ساحب یار
خۆی ئەلەرێنێ جار جار
هەر چۆن یاری ئەبینێ
وەختە خۆی بپڕووکێنێ
لەسەرچۆپی تا گاوان
ئەکەونە هەلە داوان
نازانن دنیا چۆنە
چۆنە ئەم چەرخە کۆنە
سەرچۆپی هەردوو دەستە
یەک بۆ یەکتری مەستە
تێکەڵ ئەبن کچ و کوڕ
بە چەشنی مێخەک و دوڕ
دەس ئەگرن بە تێکەڵاو
کچی شۆخ و کوڕی لاو
کچان کە جنسی نەرمن
تۆزقاڵەیێ بەشەرمن
لەویا شەرم نامێنێ
هەموو کەس خۆی ئەنوێنێ
تەقەی چەپڵە و هاژەی نەی
لەرەی مەمکەی چەشنی بەی
بۆنی مێخەک و سمڵ
ئەدا لە ناو پەڕەی دڵ
کاتێ کە کچ مانوو بوو
دەس بەر ئەدەن بۆ پشوو
یەکێ ئەڵێ ئای دێرە
با بڕین چیکەین لێرە؟
کۆڵمان قورس و سەنگینە
وا ئیشمان پێکەنینە
دووبارە چەشنی کەوباڕ
ئاژین ئەبن لە نزار
تف لەدەس و لە گۆچان
ئەچینۆ سەر ئیش و فرمان
ڕووەوماڵ بە دارە دار
ئەسوڕێنۆ تا ئێوار
پێش ئەوە تاریک دابێ
ئەگەنۆ نزیکی دێ
یەکێ گەڵا یەکێ دار
یا دولق یا پیلەوار
ئەیبەن بۆ پێویستی ماڵ
ئاوایە ژیانی ساڵ؟