سکاڵای دڵ
از کتاب:
شاخی هەورامان
اثر:
قانع (1898-1965)
1 دقیقه
1112 مشاهده
خودا داخی تۆ دای لە سەڵای سەر
خۆم پێناگیرێ تا ڕۆژی مەحشەر
ئێستە ئەڕێژم داخی دەروونم
تەواو عەرز ئەکەم حاڵی زەبوونم
کەی پاڕامۆ لێت بمخەیتە دنیا؟
بێ قەوم و عەشرەت بە تاقی تەنیا
ئەگەر وجوودم فاییدەی نییە
درووسکردنی بێ فاییدە چییە
دۆم بە دۆمی خۆی کە کڵاش ئەکا
ئەیبا ماڵە و ماڵ درگا بە درگا
بانگ ئەکا خەڵقە کڵاشی چاکە
چونکە پاش وەسام دەسکارم پاکە
تۆ خۆت عالیمی و هەم خۆیشت قازیت
لە دەسکاری خۆت بۆچی ناڕازیت؟
جۆڵاێێ بووە لە زەمانی زوو
هەر پارچەیەکی لەلا دەرئەچوو
لەباتی حەقی ئەگەر بتدایە
ئەیوت نامەوێ چوون بەکار نایە
دەوڵەتی دنیا ئەدەی بە دوژمن
لەبرسا ئەکوژی هەزار وەکوو من
ئەگەر ڕازقی وەکوو تۆ بکەم
ڕزقی سەد ملێون خەلایق ئەدەم
بڕوا سواڵکەری دۆس و دوژمن بێ
ئاهـ و نزوولەی بە ئەستۆی من بێ
خوایا عەفووم کە لەم گفتوگۆیە
زوان و قەڵەم دەسکاری تۆیە
بمبەخشە چوونکە گەییوە بە گیانم
ئەگەرنا موتیع بەندە فەرمانم
گەر مناڵ و نان ئەگرێ دامانت
لەمن خرابتر ئەگا بە گیانت