قانع و گەنم
از کتاب:
شاخی هەورامان
اثر:
قانع (1898-1965)
3 دقیقه
894 مشاهده
گەنم تۆ دینت تۆ لە کام گیایت؟
ئەمە چەن قەڕنە خەڵقی سەر دنیایت
ڕاستم پێ بێژە تۆ بۆ چی چاکی
لەناو دەخڵانا تۆ بۆ چی تاکی
کێ تۆ سەوز ئەکا، کێ تۆ ئەچێنێ؟
کێ لەگەڵ تۆدا عاڕەق ئەڕژێنێ؟
کێ شێفت ئەبڕێ، کێ ئەتکا بە وەرد؟
کێ ئاوت ئەدا بە هەناسەی سەرد؟
کێ ئەتکاتە چاڵ، کێ ئەتکا بە نان؟
کێ هەڵت ئەگرێ بۆ نرخی گران؟
ڕاسم پێ بێژە کۆنەی کۆنە ساڵ
هەتا کوو ئێستە کێت کردوە بە ماڵ؟
***
گەنم
قانع من گەنم پاشای نیعمەتم
بەواتەی خەڵقی خەلقی جەننەتم
هەر منم کە هۆی ژینی ئینسانم
هەر من ڕەونەقی گەل و نیشتمانم
واسیتەی ئاشتی بووک و زاواییم
زینەتی تاج و تەختی پاشاییم
هەر بۆ من ئەولاد لە باوک تۆرا
هەر بۆ من برا ئەکوژێ برا
ڕووسووری مەجلیس یاران هەر منم
دەبدەبەی ئاغا و خانان هەر منم
بۆ من هەژاران ڕوو ئەکەنە چۆڵ
ئەسووڕێنەوە هەمانە بە کۆڵ
بەڵام ئەی قانع دەردم نیهانە
دەردی مەسرونم یەکجار گرانە
لەهەوەڵ پاییز پیاوێ کڵاش شڕ
سەرسام و لێوە و شێت و گێژ و وڕ
کڵاشە چەکێ ئەخاتە سەر پێ
لاشە بێ کراس بێ کەواو دەرپێ
بە زگی برسی بە سەرمای زستان
ئەمگرێتە کۆڵ ڕوو لە بیابان
ڕۆژێ ڕەشەبا غیرەت ئەنوێنێ
بەدەسی تەزیو تووم ئەچێنێ
جووتێ گاجووتی بەسەزمان و لەڕ
لەبەر بارانا سەر و گوێلاک تەڕ
وێژە باڵی پەت نەقیزە شکاو
جلە گا گونیە تۆبەرە دڕاو
هەر لە بەیانی هەتا ئێوارە
ئارامی نییە فەلای بێچارە
کاتێ سەوز بووم نۆرەی بژارە
فەلای قوڕ بەسەر چاری ناچارە
خۆی و کوڕ و کچ خەریک بژارن
بۆ بژار کردن زۆر بێقەرارن
کە کەوتمە بەهار نۆرەی ئاودانە
ئەگەر توونیم بێ ماڵی وێرانە
بە چنگ و ناخوون ئاوم بۆ دێنێ
شەو تا بەیانی بێڵ ئەوەشێنێ
ئاخر مانگ بەهار وەختی درەوە
فەلای بەش خوراو لە تەقڵە و دەوە
درەوم ئەکا بەداسێکی کول
تک تک ئارەقی ئەتکێ لە مل
سا دڕک دەسی، سا ئارەق چاوی
سا گەرما ببڕە جەرگ و هەناوی
نیوەڕۆ کاتێ نانی بۆ دێنن
بەنانی جۆی وشک باش ئەیخنکێنن
لە درەو نەجات نۆرەی خەرمانە
گاگێرە بێنن کارش کوتانە
سا بەهەر ئەحواڵ گێرە تەواوە
ئەمجا دەنگ و باس ئاغا لە ناوە
خزمەتکار ئاغا پێی ئەڵێین سەرکار
دەمانچە لە پشت خنجێر جەوهەردار
سواری ئەسپ ئەبێ و ئۆغر بۆ خەرمان
فەلایش پەلە پەل درووس ئەکا نان
ئافرەت ئاو بێنە ئاو و دۆی زۆر چاک
ڕۆڵە چا تێکە بەدەسێکی پاک
ڕاکەن مریشکێ بکڕن بە پارە
بیدەن لە زممە بۆ ئەم سەرکارە
بەڵکوو ناوچاوی تاڵ نەکا لێمان
جنێوی ناحەق هیچ نەدا پێمان
سەرکار ئەنواڕێ بۆ جەزی خەرمان
دێتە گوفتوگۆ بەڵام جنێودان
کوانێ گەنمکە بۆچی وا کەمە
مەعلووم دزیوتە خاترم جەمە
فەلای قوڕبەسەر دێتە گوفتوگۆ
بەسەری ئاغا بە ناوچاوی تۆ
لە عومری خۆما گەنمم نەدزیوە
هیچکەسێ بەدزی منی نەدیوە
سەرکار ئەزانێ سا بەهەر جۆرێ
مەسڵەحەت وایە فەلا بتۆرێ
هەڵئەسێتە پێ بە لوولە تفەنگ
لەگەڵ فەلادا باش ئەیکا بە جەنگ
فەلای قوڕبەسەر نایەتە زمان
ئەتۆرێ و ئەڕوا و جێ دێڵێ خەرمان
سەرکار ئەمماڵی و ئەمکاتە خوار
لە ماڵی ئاغا ئەمکەنە هەمار
فەلایش لەپاش من ئەچێ بۆ سواڵ
ئەسووڕێتەوە لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ
من پەیدا ئەکا بە سواڵی ماڵان
ئەمچێنێتە خاک بە وێنەی ساڵان