شێری کورد

از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 3 دقیقه  562 مشاهده
بەخێر بێیتەوە سەر هەردوو چاوان تاقە قارەمان
ئەی تێکۆشەر و ئازا و بەجەرگ، شێری کوردستان
دڵم بەڕەوڕووی پیریەتی ئەڕۆی، بێزار بوو لە خۆی
بە زوڵم و زۆری چینی زۆرداران شکا پەلوپۆی
بەڵام کە کاتێ مژدەیان دامێ وەکوو پەیامێ
بە هاتنەوەت دڵم گەشاوە چەشنی ئیلهامێ
ئیلهامێک دڵم جوان بکاتەوە هەر لەو کاتەوە
مژدەیان هێنا بۆ کوردەواری تۆ گەڕایتەوە
گەڕانەوەکەت کاری کردە دڵ وەکوو بۆنی گوڵ
دڵی مەست کردم وەک بولبول مەست کا لەسەر پۆپەی چڵ
بە هەستی بۆنی ئەو گوڵە جوانە خێرا شێتانە
دەست کا بە سۆزی ئاوازی شادی لەو سەر چڵانە
هەروەها دڵم کەوتە گۆرانی شێوەی سۆرانی
یان لەپڕ ئەیکرد بە سیاچەمانە یان بادینانی
ئیتر لە تاوا خۆ نەیئەزانی بەبێ پەنهانی
کام شێوەی کوردی بکات بە ئاواز بە شادمانی
ئەویش لە خۆشیی هاتنەوەی تۆ هەموو خەم و سۆ
لە دڵی هەموو کوردان چووە دەر چونکە تا ئەمڕۆ
خەفەتی زۆرمان هەر دووریی تۆ بوو دڵمان پڕ سۆ بوو
وا ئەو پەژارەی کورد و کوردستان وەک کا بەبا چوو
ئێستاکە جەژنە، جەژنی گەلی کورد، نەوەی مادی کورد
جەژنی ئەوانەی قوربانییان دا و هەر خەباتیان کرد
بۆ گەیشتنە ڕۆژی ئازادی بە نامورادی
زۆر گەنج و پیر و مناڵ و ساوا لە نەوەی مادی
لە ڕێی خەباتا خوێناویان ڕێژا، ئازاریان چێژا
هەرگیز نەبەزان، قەت کۆڵیان نەدا، دارێکیان نێژا
ناویان نا داری ئازادی، ڕوا، بە خوێن ئاو درا
ئەوەن بەتین بوو بە تەوری زۆردار قەت نەئەبڕا
گوڵی ئەو دارە بۆ کورد ئاوات بوو، دیاریی خەبات بوو
تۆزە بۆنێکی بۆ ئازادیخواهـ وەکوو خەڵات بوو
لە مانگی تەمووز، ڕۆژی چواردەمین تیشکێکی بەتین
گوڵەکەی پشکوان، ئاوات هاتە دی، نەما گریە و شین
هەموو سەربەست و ئازادین ئێستا، ژێردەستی نەما
لاشەی زۆرداران هەر بە دەستی گەل وردوخاش کرا
سەدای ئازادیی گەلی شادمان گەییە کەشکەشان
ترس و خۆف نەما، ماف بە ئاشکرا خۆی ئەدا پیشان
تۆش وێڵی دەستی مام ئیستعمار بووی یا هیی زۆردار بووی
ئێمەت بەجێهێشت دوور کەوتیتەوە چونکە ناچار بووی
بەڵام بەهۆی جەژنە شادییە کە ئازادییە
ئیمپریالیست و زۆردار تۆپێنران سەرفرازییە
تۆی قارەمانیش هەر بەو هۆیەوە بەو بۆنەیەوە
ڕۆژی ئازادی بە تیشکی سووری وەک پشکۆیەوە
پەخشان بوو بەسەر ڕووی نیشتمانا، بەسەر جیهانا
گەڕایتەوە بۆ خاکی نیشتمان ئەی شێری دانا
بەم گەڕانەوەت بەهار هاتەوە بە ئاواتەوە
نیشتمان وەک بووک خۆی ڕازاندەوە لە ئەو ساتەوە
گەلی عەبدولکەریمی ئازادی تێکۆشەر وەکوو شێری نەڕ
گەلی عێراقی خستە بەهەشتێک، بەهەشتی هونەر
هونەری سەربەستی، ئازادیی ژیان، کامی دڵ و گیان
فەوتانی زوڵم و ڕزگارکردنی گەل و نیشتمان
هەر بەو هۆیەوە لە وڵاتەوە دوور نەمایتەوە
بەخێر بێیتەوە گەورەی خۆشەویست وا گەڕایتەوە