قەفەزی زێڕین

از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 2 دقیقه  278 مشاهده
مەلە جوانە خنجیلانە نەشمیلەکەم
ئێسک سووکە خوێن شیرینە وردیلەکەم
من ئەزانم تۆ بۆ لە دەشتی پەستیدا
دێیت و دەچیت وەکوو لە دەریای مەستیدا
نوقوم بوویت جێگا بە خۆت قەت ناگری
یا هاتوچۆ یا ڕووت ئەکەی وەیا ئەفڕی
من دەزانم جێگایەکی وەهات نییە
بە دڵی خۆت هێلانەت لەم زەوییە
تیرەکانی «کیوپید»م هێناوە جوان
پێم تەنیوە وەک هونەرمەندێکی لێزان
نزام بۆ «ئاهورامازدا» کردووە بە دڵ
کە هەر توولەی بکات یەک داری دارگوڵ
هەرگیز نەهێڵێ «ئەهریمەن» بەوێدا بێ
هەرچی ڕێیەک بۆ ئەو بچێ لێی ببڕێ
خواردەمەنیم لە تاسە و لە هەستی بەکوڵ
بۆ کردوویت ئەی نەشمیلە، ئەی گیان و دڵ
ناخم تەرخان کردووە بۆت هەموو کاتێ
تا تەوژمی هەستی بەکوڵمت بگاتێ
لێوەی سەیری بەهەشتی خۆشەویستم کەی
تا پەست نەبیت هیچ کاتێ دڵ لە دڵ نەدەی
فەرموو ئەی مەلە جوانەکە بۆ وەستاوی
بۆ وا واقت وڕماوە یا حەپەساوی
وەرە ڕاکە ئەم قەفەزە، ئەو جێگایە
کە ئارامگەی ژینی بەختیاریتی تیایە
بەتایبەتی خۆت خاوەنی گیانم ئەبیت
خۆت خاوەنی تێکڕا گشت ژیانم ئەبیت
ژینی منت ئەکەوێتە دەست بە جارێ
خۆت بکوژ و ببڕ ئەبیت بۆ گشت کارێ
من ئەبمە کۆیلەی خۆت و قەفەزەکەت
پاسەوان و پارێزەری هێلانەکەت
فەرموو پێشوازیکردنت لەسەر سەرە
چاوەڕێتم فەرموو وەرە، فەرموو وەرە