ئاوات و سزا
بۆ کاک ع غ
از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
2 دقیقه
442 مشاهده
خۆشەویستیی تۆ وەک خۆراک و ئاو
وەک خەوخۆشی، وەک گلێنەی چاو
بۆ من پێویستە هەتا دوای ژیان
لە ناو خوێنمایە و تێکەڵە بە گیان
ئێستاش کە بەندی ناو ئەم زیندانەم
گیرۆدەی کۆنی ئەم بەندیخانەم
گیانم بەوەیە لەسەر یادی کۆن
بەنی خەیاڵم ئەنم هۆنبەهۆن
هەڵوێستەکانی پێشوو وەک فلیم
دێنمە پێش چاو لەسەری ئەژیم
گەر وەها نەبێت ستەمە ژینم
سزا بچێژم شێوەت نەبینم
گشت کات هەواڵی تۆم کە ئەگاتێ
دڵم سست ئەبێ زیاتر لە ساتێ
کڵپەی داری کوورەی گەرمی دڵ
هەناو بە جارێ ئەهێنێتە کوڵ
هەناسەی سەختی ئاگرینم وا
بەکۆمەڵ وەکوو کڵپە دەر ئەکا
من تەنیا ئەوە پیشەمە کە تۆ
هەر دووریت بۆیە وا ئەچێژم سۆ
کەچی ئەمڕۆکەش بیستم نەخۆشی
بەڕاستی هەرچی هۆش بێ یا خۆشی
هەرچی توانا بێ هێز بێ بە جارێ
سەد قات لە پلەی خۆی هاتە خوارێ
کام هۆش و خۆشی و توانام بمێنێ
کام ڕوونی لەناو دڵما بنوێنێ
کە تۆ نەخۆش بیت ئێستا لە جێدا
کەوتبیت من چۆن دڵم شەق نەبا
کە هەر نەتوانم چاوم پێتکەوێ
ئیتر توخوا چۆن دڵم بسرەوێ
ئومێدەوارم ئاواتم وایە
کەم کاتەوە لێت ئا ئەم سزایە
چاک ببیتەوە و هەرگیز لەمەولا
نەخۆشی بێت و بەلاتا نەڕوا
ئینجا سەرم بەیت بێیت بۆ بینینم
ئەی هێزی ئەژنۆ و ئاواتی ژینم
من بێجگە لەوەی دیلی داوی تۆم
کە گیان نازانم هەرگیز بە هیی خۆم
دڵمت بردووە ژین لە دەستتایە
ئێستا لەشیشم وا لە بەندایە
من دەسەڵاتم نییە سەرت بەم
وەک جاری جاران سکاڵات بکەم
ئێستا کە بینین لەدەست تۆدایە
ئەی گیانی شیرین ئاواتم وایە
هەر چاک بوویتەوە هێزی ژیانم
بێ وەستان خێرا بێیت بۆ سەردانم