نامەی فرمێسکاویم

از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 1 دقیقه  436 مشاهده
نامەی من بۆ تۆ پەری خان تەواو نابێ
بە هەزاران پەڕە ستەمە کۆتا بێ
سەدان هەڵبەستی بەکوڵی تر بنووسم
بۆت دەربڕم سکاڵا و سۆز و ئەفسووسم
باس بکەم چەندە پەشێوم لە دووریت
چەند شێواو و پەرێشانم بەزویریت
چۆن خەم وەک تەم ڕۆژی لێ کردووم بە شەو
دووریت چۆن لێی حەرام کردووم خۆراک و خەو
هەرچەند بنووسم دەربڕم هەستی بەکوڵ
بە فرمێسکی خوێنینی چاو، زووخاوی دڵ
کۆتا نابێ و دڵیشم ئاو ناخواتەوە
هەر ئەترسم بمرم من بەو ئاواتەوە
کە پێکەوە وەکوو خەڵکی بەختیارانە
بژین لەدوای ئەو سزا و سەختی زیندانە
ئەو هەموو سۆ و ئەشکەنجەیەی چێژاومانە
ئەو گشت باری ناخۆشییەی کێشاومانە
تۆڵەی هەموو نەکەینەوە گیانی شیرین
بە خۆشی و شادی پێکەوە هەموو بژین
بەڵام نا گیانە تاکوو بووین بە وەفا و جوان
لەگەڵما هاوبەشی ژینیت هەتا نەمان
هەر ئەگەینە ئەو ئاواتەی کە هەمانە
کە پیرۆزترین ئامانجی هەردووکمانە
چونکە ڕاستی و پاکی گیانە سەرئەکەوێ
چەوتی و ناپاکی و بێوەفا هەر ئەنەوێ