لە دوای دووری

از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 1 دقیقه  247 مشاهده
دوور بیت بەشت هەناسەیە
هەناسەی سەخت و تاسەیە
تاسەی پڕ ئەندێشە و سۆ
یادکردنەوەی پڕ تامەزرۆ
تامەزرۆی یەک بینینەوە
سزای دووری ئەسڕینەوە
بە ئاواتی گەڕانەوەیت
پەرۆشیت، چاوەڕێی ئەکەیت
کاتێ کە دەگەڕێیتەوە
لەو دوورییەی دێیتەوە
ئەگەیتە جێ بەبێ هەوا
کاتێ سەر ئەکەیت بە ژوورا
چ خۆشە کە یەکەم بینین
لەپاش دووری ڕاچڵەکین
بەرەو یەک تەکان بە پەرۆش
بە گیان و بیر و دڵ و هۆش
دەست «پشت» و «مل» توند ئەتەنێ
چاو پێڵوەکانی لێک ئەنێ
لێو یەکتری لە باوەشی دەگرن
مژین، وەک ئاو لەیەک ببڕن
لەناو سۆزا دڵ ئەتەزێ
لەش سست ئەبێت و ئەلەرزێ
ئینجا لەملا و لەولای ڕوومەت
لەسەر یەک ماچی بە لەززەت
لە تێکڕا ڕوو، لە مل، گەردن
لەگەڵ ئۆخەی تێکەڵ ئەبن
بەخێرهاتنەوەی زۆر گەرم
لەگەڵ سوپاس، وتەی نەرم
ئەبنە سازی هەستی بەسۆز
ئاوازێکی خۆش و پیرۆز
ئاوازی ئەو گەڕانەوە
خۆشیی دووریی بڕانەوە
ئاوازی پێک شادبوونەوە
بە چاو و دڵی ڕوونەوە