بەرەو ڕزگاری

از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 2 دقیقه  464 مشاهده
لەسەر زاری هەڤاڵی شەهیدی خەباتکەری کۆڵنەدەر «ئەمین بانیشخص» وتراوە. کە ژەندرمە بێویژدانەکانی تورکیا لە بەندینخانەدا لەژێر سزادا کوشتیان...
لەژێر سزادا لە زیندانی تەنگ
لە ژووری تاری بێ ترووسکە و دەنگ
لەگەڵ شریخەی قامچی لەسەر لەش
کە دروست ئەکا هێڵی شین و ڕەش
کە برینەکان ئەکولێنێتەوە
سوێی نوێی سەرلەنوێ تێ یەنێتەوە
ئازار و ژانی وا تێئەزێنێ
لە دەروون کسپە و سۆ هەڵئەسێنێ
لەگەڵ فەلاقە و داخ و هەڵواسین
لەگەڵ کاروانی لێدانی بەتین
کە لەش کفت ئەبێ و شین هەڵئەگەڕێ
بزمەتەی کۆنی لێ هەڵئەوەرێ
یان لەگەڵ شیشی بە پشکۆ سوورا
کە ئەچزێ بەسەر گۆشتی جەسوورا
قرچەقرچ گۆشتی سوور ئەبرژێنێ
گۆشت و پێست و موو گشت ئەسووتێنێ
یان کە لەش هەمووی خەڵتانی خوێنە
دڵیش شکستەی قسە و جوێنە
ئارەزووی ژیان لە ژین تۆراوە
ڕویش لاواز بووە و ڕەنگی بڕاوە
لەگەڵ ئەو هەموو ئێش و ئازارە
کە گیان لە ژینی وا سەخت بێزارە
من هاوار ئەکەم تا هیزم تیایە
هاوارێکی بەرز پڕ بەم دنیایە
ئەڵێم «نابەزین» سەر نانەوێنین
مافی بەندبوونمان لەبن دەردێنین
بێباکین وەک زێ خوێن ئەڕژێنین
هەتا ئازادیی خۆمان ئەستێنین
ئەم لەشولارە، ئەم ژینە سەختە
کە خۆی لەمێژە هەر قۆچ و بەختە
قۆچی ڕزگاریی کورد و کوردستان
کە زۆر زیاترن لە گیان و ژیان
هانێ کوردستان گیان و گشت لەشم
هانێ ژیانم با پێت ببەخشم
با بین بە پرد، ببن بە ڕێگا
ببن بە ڕێباز کوردی پیا بڕوا
ڕۆیشتنێک یەکسەر بێ گەڕانەوە
بەبێ لادان و ئاوڕدانەوە
کەوا ببێتە ڕۆینی یەکجاری
ڕووەو ئازادی و بەرەو ڕزگاری