شیرین

از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 1 دقیقه  544 مشاهده
شیرین لە دووریت شادیم نەماوە
گیان و هۆش و دڵ واقیان وڕماوە
چاویش لە ڕێتە و هەر چاوە چاوە
بۆ بینینێکی شێوەی شیرینت
ئەوەن گریاوە، گۆمی خوێناوە
دڵ پەست و کەیلە و هۆشی بڕاوە
خوێناوی گەشی ئێستا زووخاوە
دووریت ئاگری وا تێ بەرداوە
کڵوکۆی دامرد، وا بوو بە زووخاڵ
هەروایش «ئەی شیرین» ئەکا لەلاوە
شیرین، ژینی من بە تۆوە ماوە
ناوی تۆ لەگەڵ خوێنما تێکڵاوە
لەناو ئێسقان و گیانا ڕواوە
بۆیە بەبێ تۆ ژینم ستەمە
گیانم لە ژیانم ورەی بەرداوە